بەڵگەفیلمێک لەبارەی ئێڵتن جۆن لە فێستیڤاڵی فیلمی لەندەن پێشاندرا
رووداو دیجیتاڵ
ئێڵتن جۆن، گۆرانیبێژی بەریتانی، لە دوای پێشاندانی بەڵگەفیلمێک لەبارەی ژیان و کارە هونەرییەکانی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تورۆنتۆ، ئەمجارە لە فێستیڤاڵی فیلمی لەندەنیش ئامادەبوو و فیلمەکەی پێشاندرا.
"Elton John: Never Too Late" لە دەرهێنانی ئاڕ جی کاتلەرە و لە بەرهەمهێنانی هاوژینەکەی دەیڤد فۆرنیشە.
جۆن، لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادەبوو و لەبارەی فیلمەکەی گوتی، وێنایەکی راستگۆیانە بوو بۆ ژیانی پیشەیی و سەختییەکانی رووبەڕووی بوونەتەوە.
یەکەم پێشاندانی فیلمەکە لە 6ـی ئەیلوولی 2024 لە 49یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تورۆنتۆ بوو و جۆن (77 ساڵ) لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادەبوو.
ماوەی فیلمەکە یەک کاژێر و 42 خولەکە، تیشک دەخاتە سەر 50 ساڵ کاری هونەریی ئەو هونەرمەندە، بڕیارە 15ـی تشرینی دووەمی 2024 لە سینەماکانی ئەمریکا و بەریتانیا پێشاندەدرێت، لە 13ـی کانوونی یەکەم لە یەکێک لە پلاتفۆڕمەکانی بڵاوکردنەوەی فیلم بڵاودەکرێتەوە.
68ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی لەندەن، لە 9ـی تشرینی یەکەم 2024 دەستیپێکرد و تاوەکو 20 مانگ بەردەوام دەبێت.
"Elton John: Never Too Late" چەند هەڤپەیڤینێک و ڤیدیۆ و وێنەی ئەرشیفکراو لەخۆدەگرێت کە پێشتر بڵاونەکراونەتەوە، بەشێکی فیلمەکەش باس لە پەیوەندیی خۆشەویستی نێوان ئەو گۆرانیبێژە لەگەڵ دەیڤد فۆرنیش دەکات.
چالاکییەکانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تورۆنتۆ لە تۆرێنتۆی کەنەدا لە 6-15 ئەیلوولی 2024 بەڕێوەچوو.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تورۆنتۆ لە کەنەدا، بە یەکێک لە پێنج گرنگترین فێستیڤالەکانی فیلم لە جیهاندا دەناسرێن، لەگەڵ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان لە فەرەنسا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین لە ئەڵمانیا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس لە ئیتاڵیا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەندانس لە ئەمریکا.
بەم دواییە ئێڵتن جۆن، جلوبەرگە تایبەت و گرنگەکانی لە زیادکردنێکی تایبەتدا بۆ فرۆشتن خستەڕوو، داهاتی بۆ دامەزراوەکەیەتی بەناوی ئێڵتن جۆن کە تایبەتە بە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی ئایدز.
لە تەمموزی 2023 ئێڵتن جۆن، دوای نیو سەدە لە کار و چالاکی هونەری، دوایین کۆنسێرتی لە گەشتە هونەرییەکەی لە ستۆکهۆڵمی سوێد پێشکێشكرد کە دوایین کۆنسێرتی بوو لە ژیانیی هونەرییدا و چیتر کۆنسێرت و گەشتی هونەری پێشکێش ناکات.
ئێڵتن جۆن، لە 25ـی ئاداری 1947 لە بەریتانیا لەدایکبووە، وەک گۆرانیبێژ، تێکستنووسی گۆرانی و ژەنیاری پیانۆ ناسراوە، لە حەفتاکانی سەدەی رابردوودا ناوبانگی زۆری بەدەستهێناوە، بەرهەمەکانی لەلایەن رەخنەگرانەوە پێشوازی لێکراوە.
لە 1962 گرووپی "Bluesology"ـی دامەزراند، بەڵام 1967 وازی لە گرووپەکە هێناو و بەتەنیا وەک هونەرمەندێک کاری کرد. لە 1969 یەکەم ئەلبوومی گۆرانیی بەناوی "Empty Sky" بڵاوکردەوە، ساڵێک دواتر گرووپێکی دیکەی بەناوی "Elton John Band" دامەزارند و گۆرانییە بەناوبانگەکەی "Your Song"ـی بڵاوکردەوە.
چەندین گەشتی هونەریی لە ژیانیدا ئەنجامداوە، دوایین گەشتی هونەریی لە 2018 دەستیپێکرد و 2023 کۆتایی هات و بەنیاز نییە چیتر گەشتی هاوشێوە ئەنجام بدات. گەشتە هونەرییەکە بەناوی "Farewell Yellow Brick Road" بوو و بە پڕداهاتترین گەشتی هونەری دەناسرێت.
لە 2019ـدا فیلمێک لەبارەی ژیان و هونەری ئەو هونەرمەندە بەناوی "Rocketman" بڵاوکرایەوە و خەڵاتی بافتا و گۆڵدن گڵۆبی بەدەستهێنا.
جۆن، یەکێک لەو کەسانەیە کە لە هەشتەکانی سەدەی رابردووەوە کاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی ئایدز کردووە، لە 1992 دامەزراوەیەکی بەناوی ئێلتن جۆن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە دامەزراند.
لە کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکان ئالوودەی ماددەی هۆشبەر بوو، بەڵام دوای وەرگرتنی چارەسەری، لە 1990 بەیەکجاری توانی لە بەکارهێنانی دوورکەوێتەوە. لە 2005ـدا پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ دەیڤید فۆرنیش، دەرهێنەری کەندی دانا و لە 2014ـدا ژیانی هاوژینییان پێکهێنا، ئەمەش لە دوای ئەوەی لە ئینگڵتەڕا و وێلز یاسای تایبەت بە پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لە نێوان هاورەگەزخوازەکان دەرچوو. ئێستاش خاوەنی دوو منداڵن لە رێگەی دایکی جێگرەوە.
زیاتر لە 300 ملیۆن کۆپی لە بەرهەمەکانی ئەو هونەرمەندە فرۆشراون. لەو 19 هونەرمەندانەیە کە خەڵاتی "EGOT" وەرگرتووە، پێکهاتووە لە خەڵاتی ئێمی، پێنج خەڵاتی گرامی، دوو خەڵاتی ئۆسکار و دوو خەڵاتی تۆنی. هەروەها براوەی دوو خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب، لۆرەنس ئۆلیڤییە و خەڵاتی شانازیی دامەزراوەی کێنێدییە.
"EGOT" کورتکراوەی خەڵاتەکانی ئێمی، گرامی، ئۆسکار و تۆنییە کە چوار گرنگترین خەڵاتی هونەرین لە ئەمریکا.