مادۆنا هاوخەمی بۆ دۆخی ئیسرائیل و فەڵەستین دەردەبڕێت

رووداو دیجیتاڵ

مادۆنا، هونەرمەندی پۆپی ئەمریکی، لە کۆنسێرتێکیدا لە لەندەنی بەریتانیا، هاوخەمی خۆی بۆ دۆخی ئیسرائیل و فەڵەستین دەربڕی و رایگەیاند، زۆر شتی شێتانە لە جیهاندا روودەدەن، هەمووان ئازار دەچێژن بە بینینی ئەوەی لە ئیسرائیل و فەڵەستین روودەدەن.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەو بە بینینی ئازاری منداڵان، نەوجەوانان و بەساڵاچووان دڵتەنگ دەبێت، گوتیشی: "هەرچەند دڵمان بشکێت، بەڵام رووحمان ناشکێت".
 
ئەو هونەرمەندە لەسەر ستەیجی کۆنسێرتەکەی، ئاماژەی بۆ باری تەندروستیی کرد و گوتی، باری تەندروستیی زۆر خراپ بووە، بەڵام منداڵەکانی هاندەری بوونە کە لە ژیاندا بمێنێتەوە.
 
مادۆنا تەمەن 65 ساڵ، گەشتە هونەرییەکەی بەناوی 'O2 Arena' لە لەندەن دەستپێکرد و تاوەکو 24ـی نیسانی 2024 بەردەوام دەبێت.
 
دوای نەخۆشکەوتنی مادۆنا کە لە هۆش خۆی چووبوو و چەند رۆژێک لە ژێر چاودێری چڕدا بوو، چەند جارێک خشتەی کۆنسێرتەکانی گەشتە هونەرییەکەی گۆڕانکاری بەسەردا هات.
 
جەی ئۆسێری، بەڕێوەبەری کارەکانی ئەو هونەرمەندە پێشتر رایگەیاندبوو، مادۆنا بەهۆی تووشبوونی بە بەکتریایەکی ترسناک، چەند رۆژێک لە چاودێری چردا بووە.
 
ئەو هونەرمەندە 64 ساڵە، جگە لەوەی لەو تەمەنەدا لە کاری هونەری بەردەوامە، بەم دواییەوە نەشتەرگەرییەکی ئەنجامدا و گۆڕانکارییەکی زۆر بە رووخسارییەوە دیاربوو و گەنجتر دەردەکەوت، ئەمەش نیگەرانی بەشێک و دڵخۆشی بەشێک لە هەوادارانی لێکەوتەوە.