رووداو- هەولێر
كاتێك دەگاتە لای مەلا مستەفا بارزانی، بە كوردییەكی زۆر روون و رەوان قسەی لەگەڵ دەكات، بارزانیی سەرسام دەبێت بەوەی چۆن فەرەنسییەك بۆ یەكەمجار دێتە كوردستان و بەو كوردییە قسە دەكات.
ئەو فەرەنسییە فرانسۆ خافێر لۆڤات بوو كە لە ساڵی 1963 بۆ یەكەمجار سەردانی كوردستانی كردووە. لۆڤات دوای تەواوكردنی خوێندنی زانكۆ، وەك ئەندازیارێكی لاو رووی كردووەتە هیندستان و لەگەڵ گروپێكی 10 كەسیدا كاری كردووە كە كوردیشیان تێدا بووە و لەوێوە زانیاری لەبارەی كوردەوە كۆكردووەتەوە.
لۆڤات دەڵێت "ئەو كوردانەی كە من كارم لەگەڵ كردن، لەبەر ئەوەی پێشتر لەگەڵ فەرەنسییەكان كاریان كردبوو، فەرەنسییان دەزانی. زانیارییان لە بارەی كوردی سووریا، ئێران، توركیا و عێراقەوە دەدامێ و باسی ئازارەكانیان بۆ دەكردم. لەو ناوچەیەی كە منی لێبووم لەساڵی 1960 ، كەس هیچی لەبارەی كوردەوە نەدەزانی. گەڕامەوە بۆ فەرەنسا و ناوی خۆم لە یەكەم قوتابخانەی سینەمایی نووسی و دەستم لە ئەندازیاری هەڵگرت".
لۆڤات دوای تەواوكردنی زانكۆ، خۆی فێری زمانی كوردی دەكات. ئەو دەڵێت "كامەران عەلی بەدرخانم ناسی كە لە قوتابخانەی نێودەوڵەتیی زمان، لە بەشی زمانە رۆژهەڵاتییەكان وانەی دەگوتەوە. لەوەوە فێری رێزمان و كەمێك ئاخافتن بووم."
دوای تەواوكردنی زانكۆ و فێربوونی زمانی كوردی، یەكەم كاری لۆڤات كاركردن دەبێت لەسەر فیلمێك لەبارەی كوردەوە بۆ كەناڵێكی فەرەنسی. بۆ ئەمەش داوای هاوكاری لە كامەران بەدرخان دەكات.
لۆڤات گوتی "كامەران بەدرخان، ناو و ناونیشانی چەند كەسێكی بۆ نووسیم بۆ ئەوەی هاریكاریم بكەن لە ئیستانبوڵ. ئەوكاتەی ژنێكی گەنج كە ئینگلیزی دەزانی منی دەبرد بۆ ئەو ناونیشانەی داوام كردبوو، لەپڕ پۆلیس چواردەوری گرتین. پۆلیس یەخەی پیاوێكی گەنجی گرت و دەستگیریان كرد، ئەو كەسە بوو كە كامەران بەدرخان منی ناردبوو بۆ لای. روومكردە ژنەكە و گوتم: ئێستا چی بكەم؟ ئەویش چەند قوتابییەكی هاوڕێی پێ ناساندم و شوێنی مانەوەیان بۆ دابین كردم، منیان بە چەند كوردێك ناساند كە یەكێكیان یەشار كەمال بوو."
مەبەستی لۆڤات ئامادەكردنی فیلمێك بووە لەسەر پێشمەرگە، بەڵام كوردەكانی ئیستانبوڵ لە ترسی پۆلیس ناتوانن هیچی بۆ بكەن و تەنیا رێنمایی دەكەن لە رێی سووریاوە خۆی بگەیەنێتە باشووری كوردستان، چونكە بەهۆی شەڕەوە ئاسایشی سنووری نێوان توركیا و عێراق توندكرابوو.
بەڵام لۆڤات لە سووریاش شانسی نابێت، پۆلیس بەدوایدا دەگەڕێن، چونكە بە نایاسایی چووبووە نێو خاكی سووریا. بەڵام كوردی ئەوێ هاوكاریی دەكەن و دەیگەیەننە سەر سنووری عێراق و سووریا.
دیدار لەگەڵ بارزانی
دوای رۆیشتنی بەپێ بۆ ماوەی 10 رۆژ، لە كانوونی دووەمی 1963دا، لۆڤات دەگاتە لای مەلا مستەفا بارزانی. لەو بارەیەوە دەڵێت "مەلا مستەفا، كاتێك منی بینی، زۆر سەرسام بوو، چونكە بە كوردی قسەم دەكرد. دەبێت دان بەوەدا بنێم كە یەكەمجار بینیم زۆر كاری تێكردم". لۆڤات مەبەستی سەردانەكەی خۆی بۆ بارزانی رووندەكاتەوە و بارزانییش ئەوەی پێویست بێت بۆی جێبەجێ دەكات. چەند پێشمەرگەیەكیش رادەسپێرێ بۆ پاراستنی.
لۆڤات لەبارەی شەڕ و پێكدادانی ئەو رۆژگارەی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقەوە دەڵێت "فڕۆكە جەنگییەكان زۆر بە نزمی دەفڕین. هەموو جوڵانەوەیەكی پێشمەرگەیان بە باشی دەبینی. نیشانەكانیان بۆردومان دەكرد، زۆر ترسناك بوو، بەڵام پێشمەرگەیش بە ورەیەكی بەرزەوە دەجەنگان."
لۆڤات لەماوەی مانەوەیدا لەگەڵ پێشمەرگە، سەدان وێنەی گرتووە و فیلمێكی 33 خولەكی تۆماركردووە: "5 مانگ لەگەڵ پێشمەرگە ژیام، لەو 5 مانگەدا چووم بۆ هەموو ئەو شوێنانەی ئەوان چوون. لەو سەردەمەدا تاكە كەسێك بووم كە بە پرۆفیشناڵانە كارم دەكرد. كەس كامێرای نەبوو، من بە دوو لێنس كارم دەكرد. ئیدی بە شێوەزارەكانی سۆرانی و كرمانجی دەدوام، ئەوانەی كە یەكەمجار دەیانبینیم وایاندەزانی منیش پێشمەرگەم."
فیلمی كوردی لە یوئێن
دوای پێنج مانگ، لۆڤات دەگەڕێتەوە فەرەنسا. ئەو دەڵێت "سەردەمێك بوو كە تەنیا یەك كەناڵی رەش و سپی هەبوو. تەنیا چەند كاژێرێك پەخشی دەكرد. دوای ئەوەی فیلمەكەم لەوێ پەخش كرد، لە چەند وڵاتێكی دیكەش نمایش كرا. هەمان ساڵ، كامەران بەدرخان دەرفەتی ئەوەی رەخساند كە فیلمەكە لە نەتەوە یەكگرتووەكان پەخش بكرێت."
دوو خەڵاتی ئۆسكار
دوای تەواوبوونی كارەكانی لە باشووری كوردستان، لۆڤات بۆ ماوەی 25 ساڵ لە ڤێتنام، لوبنان، ئۆگەندا و پاشان بە درێژایی شەڕی ئێران-عێراق لە 1981 بۆ 1988 فۆتۆگرافەری جەنگ بووە و چەندین بەڵگە فیلمی بەرهەم هێناوە. لەو بارەیەوە دەڵێت "بۆ هەرشوێنێك رۆیشتبم، مانگ و نیوێك ماومەتەوە، وردەكاریی گرفتەكانم دەزانی. نزیكەی 3000 راپۆرتم ئامادە كردووە. دوو خەڵاتی ئۆسكار و خەڵاتی دیكەم لە زۆر وڵات وەرگرتووە، بەڵام ئەوانە هیچ گرنگ نین بۆ من".
نێچیرڤان بارزانی ئەلبوومێكی لێ دەكڕێت
لۆڤات لە ساڵی 1998دا بۆ دووەمجار سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە و دەڵێت "كە هاتم، چاوم بە مەسعود بارزانی كەوت. زۆر گرنگییان پێدام. زۆر سەرسام بووم بەوە. 2500 وێنەم كردبوو بە كتێبێك. كە سەردانی نێچیرڤان بارزانیم كرد پێشكەشم كرد. بارزانی پێیڕاگەیاندم كە پێویستی بەو ئەلبوومەیە و داوای 3000 دانەی كرد و پارەكەی دا".
جگە لە وێنە و فیلم لەبارەی كوردەوە، لۆڤات سەرقاڵی نووسینیشە، ئەو ئێستا سەرقاڵی نووسینی پەرتووكێكە بەنێوی "یادەوەرییە كۆكراوەكانی كورد"، كە لە پێنج بەرگ پێكهاتووە و تاوەكو ئێستا دوو بەرگی لێ چاپ كردووە.
ژنانی شەستەكان ئازادتر بوون
لۆڤات جاری سێیەمیەتی سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات. ئەو باسی گۆڕانە كۆمەڵاتییەكان دەكات و دەڵێت "ساڵی 1963 كە هاتمە كوردستان بە ئاشكرا ژنان دەبینران. بۆ نموونە سەردانی هەر گوندێكمان دەكرد، ژنان لەگەڵمان دادەنیشتن و گفتوگۆیان دەكرد، بەڵام لە رۆژگاری ئەمڕۆدا شتی وا بەدی ناكرێت. تەنانەت كە سەردانی رێستۆرانتەكانیش دەكەیت، دەبینیت ژن و پیاو بە جیا دادەنیشن. ئەو سەردەم ژنی كورد ئازادتر بوون لە ئەمڕۆ. هیچ ژنێكی دواكەوتووم نەبینی، بەتەواوی ئازاد بوون".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ