کەیوان کەریمی لەبارەی سزادانی بۆ رووداو دەدوێت

رووداو- هەولێر

کەیوان کەریمی، دەرهێنەری کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن لقی 28ی دادگای شۆڕشی تارانی پایتەختی ئێرانەوە، بەسەرۆکایەتی دادوەر محەممەد مۆقیسە، بە شەش ساڵ زیندانی و لێدانی 223 قامچی سزادرا، تاوانی ناوبراو  بە "بێڕێزی بە پیرۆزییەکان و، پەیوەندی ناشەعی لەڕێی تەوقەكردن و ماچەوە" راگەیێندراوە .

کەیوان کەریمی رۆژی پێنجشەممە 15 ی تشرینی یەكەمی 2015 لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، وێڕای رەتکردنەوەی تۆمەتەکانی دادگا گوتی: " من فیلمم سەبارەت بە حکومەت، بارودۆخی کۆمەڵگە، نووسینی سەر دیوارەکان و چینی کرێکار دروستکردووە، ئەوە خەڵکن کە دەبێ لەسەر بەرهەمەکانی من بڕیاربدەن، نازانم چی روویداوە کە من بەو شێوەیە سزادەدرێم " .



ئەمیر رەئیسیان، پارێزەری کەیوان کەریمی سەبارەت بە دۆسیەی ناوبراو بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " یەکێک لەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵ کەریمی بێڕێزیكردنە بە پیرۆزییەکان، بەهۆکاری ئەوەی ویستوویەتی کلیپێک دروستبکات، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەگەڵ لایەنی بەرامبەر نەگەیشتووەتە رێککەوتن ئەو کلیپەی دروستنەکردووە، بەڵام دادگا خوێندنەوەی وایە کە کەریمی تووشی بێڕێزی بە پیرۆزییەکان بووە، لەکاتێکدا کە ئەو کلیپە دروستنەکراوە، ئێمەش لە دادگا ئەوەمان گوتووە کە لە بنەڕەتدا ئەو کارە ئەنجامنەدراوە و ناکرێ بۆ کارێک کە نەکراوە کەسێک سزابدەی، ئەو پێشنیازەش کە بە کەریمی دراوە، پەیوەندی بە بێرێزیکردن بە پیرۆزییەکانەوە نییە ".

بەپێی زانیارییەکانی رووداو، پێشنیازی بەرهەمهێنانی ئەو کلیپە لەلایەن شاهین نەجەفی، گۆرانیبێژی فارسەوە بە کەیوان کەریمی دراوە،  بەڵام ناوبراو ئەو پێشنیازەی رەتکردووەتەوە.

بەگوتەی ئەمیر رەئیسیان، یەکێکی دیکە لەو کارانەی کە لە دۆسیەی کەیواندا ئاماژەی پێکراوە، فیلمی دۆکیۆمێنتاری "دیوار" بووە، ناوبراو لەو بوارەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " فیلمی دیوار تایبەتە بە مێژووی گرافیتی واتە دیوارنووسی لە تاران و هیچ پەیوەندییەکی بە بێڕێزیکردن بە پیرۆزییەکانەوە نییە ". هەروەها بەگوتەی پارێزەری رەئیسیان، کەیوان کەریمی بە تاوانی پەیوەندی ناشەرعی لەڕێی "ماچ و دەستلێدانەوە لەگەڵ کەسی نامەحرەم" ، بە لێدانی 223 قامچی سزادراوە.



کەیوان کەریمی لەدایکبووی ساڵی 1985ی زایینی لە شاری بانەی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە ، فیلمی "سنووری شکاو"  کە باس لە باردۆخی کاسبکارانی کورد لەسەر سنووری نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، فیلمی "ژن و مێرد" لە نووسینی ئیتالۆ کالوینۆ نووسەری ئیتاڵیایی و فیلمی داکیۆمێنتاری "دیوار" کە باسی مێژووی دیوارنووسی لە تاران دەکات،  لەناودارترین کارەکانی ئەو سنەماكارە كوردەن، ناوبراو تا ئێستا دەیان خەڵاتی نێودەوڵەتی بەدەستهێناون.