بەهۆی ناونانی منداڵەکانی بە عەبسی و نامیق ژنێک داوای جیابوونەوە دەکات

15-09-2020
ساهیرە سدیق
ساهیرە سدیق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
 
دوو کەسایەتی نێو زنجیرە کارتۆنی "عەدنان و لینا" خەریکە دەبنە هۆی جیابوونەوەی دوو هاوژینی ئوردنی، چونکە پیاوەکە دەیەوێت منداڵە دووانەکانیان ناوبنێت "عەبسی و نامیق" و دایکیشیان رازی نابێت.
 
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وا بڵاوبووەتەوە خانمێکی ئوردنی داوای جیابوونەوەی لە هاوژینەکەی دەکات، دوای ئەوەی هاوسەرەکەی پێداگری کردووە منداڵە دووانەکەیان ناوبنێت "عەبسی و نامیق" .
 
ئەم رووداوە لە سۆشیاڵمیدیا کاردانەوەی زۆری بە تایبەت لە ئوردن بەدوای خۆیدا هێناوە، هەندێک رەخنە لە پیاوەکە دەگرن بەوەی نابێت پێداگری بکات و ژنەکەش مافی ئەوەی هەیە ناوی منداڵەکانی هەڵبژێرێت. بەشێکیش پێیانوایە ئەوە حەزی سەردەمی منداڵی پیاوەکەیە و مافی ئەوەی هەیە ئەو خەونەی بهێنێتە دی.
 
زنجیرە کارتۆنی "عەدنان و لینا" لە ساڵی 1978 لەلایەن دەرهێنەری ژاپۆنی هایاو میازاکی بەرهەمهاتووە، لە ساڵانی هەشتا و نەوەدەکان لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە کوردستانیش پەخشدەکرا و، بینەرێکی زۆری هەبوو، تا ئێستاش بەردەوامە لە پەخشکردن.
 
زنجیرە کارتۆنەکە ناوی Future Boy Conan ـە و جگە لە عەدنان (Conan) و لینا (Lana) دوو کارەکتەری سەرەکی دیکەی هەیە بەناوەکانی عەبسی (Jimsy) و کاپتن نامیق (Dyce).

 

لینا و عەدنان

 

رۆڵی عەبسی لە زنجیرەکەدا
 
عەبسی کوڕێکی رەسەنە و لەو دوورگەیە بەتەنیا دەژی کە عەدنان بۆی دەچێت. دوورە لە هەموو پێشکەوتنەکانی ژیان. عەبسی دەبێتە یەکەم هاوڕێی عەدنان و لە رزگارکردنی لینا یارمەتی دەدات. عەبسی راوچییەکی باش بووە و زۆرجار خواردنی زۆر کێشەی بۆ دروستدەکات. زۆربەی کاتەکانی لەگەڵ عەدنان بەسەر دەبات. سەرەتا تێڕوانینێکی باشی بۆ ژنان نییە بەڵام لەکۆتاییدا ئەو تێڕوانینەی دەگۆڕێت.

 

عەبسی

 

رۆڵی کاپتن نامیق لە زنجیرەکەدا
 
کاپتن نامیق هاووڵاتییەکی دانیشتووی ئیندەستریا و کاپتنی کەشتی باراکاودەیە. فەرمانی پێ کرابوو کە بکەوێتە شوێن دکتۆر بریاک لاو، باپیری لینا و کچەکە بگەڕێنێتەوە ئیندەستریا، بەڵام لە کۆتاییدا دەبێتە یەکێک لە هاوپەیمانەکانی عەدنان و یارمەتی دەدات بۆ رووخاندنی رژێمی ئیندەستریا.

 

نامیق

 
 
بەشێکی کورت لە چیرۆکی عەدنان و لینا و رۆڵی عەبسی و نامیق لەو زنجیرەیەدا
 
بەهۆی جەنگی جیهانی سێیەمەوە مرۆڤەکان ھەوڵی ھەڵاتن دەدەن، تەنیا یەک کەشتییەک توانی رزگاری بێت و لە دوورگەیەک بگیرسێتەوە. پاڵەوانی زنجیرەکە (Conan) یان (عەدنان)ـە. رۆژێک عەدنان لە راوە ماسی دا کچێک دەبینێت بەناوی lana یان لینا و لێرەوە ژیانی بەتەواوی دەگۆڕێت. 
 

 

 

لەلایەن سەردەستەی داگیرکەری ئەو سەردەمەوە بە دوای لینادا دەگەڕێن و بەبێ ئاگاداری عەدنان لینا دەڕفێنن و باپیری عەدنان ( کەسێکی بەساڵاچووە کە لە دوورگەکە عەدنان دەیبینێت و بە باپیرە بانگی دەکات) لەناو دەبەن.
 
عەدنانیش بۆ ئەو بەڵێنەی بە لینای دابوو بڕیار دەدات بچێت بەدوایدا بگەڕێت. لە رێگا لەگەڵ کوڕێک بەناوی عەبسی ئاشنا دەبێت و دەبێتە هاوڕێی. پێکەوە لە ھەوڵی دۆزینەوەی لینادا دەبن تا دەگەنە شوێنی بەندکردنی لینا و سەدان زیندانیی دیکە.
 
پاش ململانێیەکی زۆر و بە ھاوکاریی کاپتنێکی دەریاوان بەناوی نامیق، لینا رزگار دەکەن و سەرجەم دانیشتووانی قەڵاکە دەچنە دوورگەیەک بە ناوی دوورگەی (ھیوا) و ژیانێکی ئاسایی دەستپێدەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە