روونکردنەوەیەک لەبارەی شەڕی کۆنسێرتەکەی عەبدولقەهار زاخۆیی

15-09-2016
هیوا سەڵاح
نیشانەکردن هونەرمەند عەبدولقەهاز زاخۆیی
A+ A-

رووداو-هەولێر

لە رۆژی 13-9-2016 لە یاریگای وەرزشی ئاکرێ، کۆنسێرتێکی گەورە بۆ هونەرمەند عەبدولقەهاز زاخۆیی سازکرا، کە تێیدا ژمارەیەکی یەکجار زۆر خەڵک ئامادەی کۆنسێرتەکە ببوون، بەڵام بەهۆی دروستبوونی ئاژاوەو شەڕ کۆنسێرتەکە تەواو نەکراو راگیرا.


سەرپەرشتیارانی کۆنسێرتەکە لەمبارییەوە روونکردنەوەیەکیان بڵاوکردووەتەوەو هۆکاری تێکچوونی کۆنسێرتەکەشیان  بۆ کەمتەرخەمی بەشێک لە دەزگا ئەمنییەکان گەڕاندووەتەوەو هەموو ئەو دەنگۆیانەش رەتدەکەنەوە کە باس لەوە دەکەن خەڵک لەبەر قەیرانی دارایی و هەبوونی شەهید ئەم کۆنسێرتە راگیرابێت.

دەزگای تیکۆ، کە سەرپەرشتی کۆنسێرتەکەی هونەرمەند عەبدولقەهار دەکرد، لە روونکردنەوەکەیاندا رایانگەیاندووە، کە بەهۆی شەڕەکەوە زیاتر لە 16 هەزار دۆلار زیانیان بەرکەوتووەو بەشێکی زۆر لە کەل وپەلەکانیان شکاون ولە ناوچوون، چونکە وەک خۆیان دەڵێن زیاتر لە 8 هەزار کەس هاتبوونە ناو یاریگاکەو سەدان گەنجیش بۆ وێنەگرتن لەگەڵ هونەرمەند هێرشی سەر تەختی شانۆی کۆنسێرتەکەیان کردبوو، بۆیە دەزگا ئەمنییەکان کۆنترۆڵی کۆنسێرتەکەیان لە دەستداوە دواتریش بڕیاریانداوە کۆنسێرتەکە رابگرن.

لە کۆتایی روونکردنەوەکەی دەزگای تیکۆ هاتووە، کە گومانیان هەیە دەستێک لە پشت تێکدانی کۆنسێرتەکەی هونەرمەند عەبدولقەهار بێت، چونکە چەند کەسێک کامێراو هەندێ ئامێری دەزگایان بە ئەنقەست شکاندووەو لەگەڵ ئەوەشدا هێرشیان کردووەتە سەر بارەگای دەزگاو بەردبارانیان کردووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە