فیلمی کۆمێدیی 'نوقتەی 40' لە سینەماکانی کوردستان پێشاندەدرێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
پەسار فایەق
حاجی جادر لە فیلمی "نوقتەی 40"
حاجی جادر لە فیلمی "نوقتەی 40"
نیشانەکردن "نوقتەی 40"
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

"نوقتەی 40" فیلمێکی نوێی سینەماییە لە ژانری کۆمێدی و ئەکشن، لە سیناریۆ و دەرهێنانی فەرزین کەریمە، هەریەک لە حاجی جادر، سیروان بەدر، زانا رۆشان، بەکر مەعرووف و وەلید مەعرووف رۆڵی تێدا دەگێڕن.
 
سۆران ئیبراهیم کاری وێنەگرتنی بۆ فیلمەکە کردووە و وێنەگرتنی 22 رۆژی خایاندووە و بەرهەمی سینەمای هەولێرە. حاجی جادر و سیروان بەدر، جگە لەوەی رۆڵی سەرەکیان لە فیلمەکەدا گێڕاوە، هاوکاری دەرهێنەری فیلمیش بوونە.
 
زەهاوی سنجاوی، بەرپرسی ناوەندی هونەریی سینەما هەولێر، بە رووداوی راگەیاند، بڕیارە فیلمەکە لە 29ـی ئەم مانگە لە سینەما هەولێر لە رۆیاڵ مۆڵ پێشانبدرێت، دواتریش لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان.
 
رووداوەکانی نێو فیلمەکە لە سەردەمی داعشە، ئەوکاتەی داعش موسڵ و و دەرووبەری داگیرکردبوو، لە نزیک خازر ستافێکی فیلم سەرقاڵی بەرهەمهێنانی فیلمێکی کۆمێدین لەبارەی داعش، بەڵام لەلایەن داعشەوە چاودێری دەکرێن. کاتێک کە داعش دەگاتە لایان، وا دەزانن هاتوون بیانکوژن، بەڵام لەو کاتەدا ئەمیری داعش کوژراوە و داعش بەو سەر و سیمایەی حاجی جادر هەیەتی بۆ رۆڵی لە فیلمەکەدا، وا دەزانن ئەو ئەمیری نوێی داعشە و هاتووەتە نزیک سنوورەکە.
 
چیرۆکی فیلمەکە، چیرۆکی خۆشەویستی، کردەوەکانی داعش لەبەرامبەر خەڵکی بێتاوان و قارەمانیەتی پێشمەرگە پێشاندەدات.     
 

 

 

 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە