ئەژوان سوارە ڤیدیۆکلیپی 'قەدەر' بڵاودەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

ئەژوان سوارە، هونەرمەندی گۆرانیبێژ و ژەنیاری ئامێری پیانۆ، نوێترین ڤیدیۆکلیپی بەناوی "قەدەر" بۆ یەکەمجار لە رێگەی رووداو بڵاودەکاتەوە.
 
ئەژوان سوارە، بە رووداوی راگەیاند، ئەم بەرهەمە لە تێکستی خۆیەتی و ئاوازەکەی وەرگیراوە و بڕیارە کاژێر 21:00ـی ئەمشەو 15ـی ئایاری 2024 لە کەناڵی تایبەتیی خۆی بڵاوی بکاتەوە. هەروەها لە تەواوی پلاتفۆڕمە دیجیتاڵییەکانیش بەردەست دەبێت.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ڤیدیۆکلیپی گۆرانییەکە لە 2023 لە شاری لینداو وێنەگیراوە کە شارێکی سەر سنووری ئەڵمانیایە لەگەڵ سویسرا. گوتیشی، ئەمە دووەم بەرهەمیەتی و لە ماوەی داهاتوودا بەرهەمێکی دیکەی کلاسیک بەناوی "لەیلا" بڵاودەکاتەوە.
 
ئەو هونەرمەندە پێشتر بۆ چلەی ماتەمینی ژینە پێشڕەو، ئەو منداڵەی بەهۆی هێرشی مووشەکی بالیستیی سوپای پاسداران بۆ سەر هەولێر گیانی لەدەستدا، بەرهەمێکی میوزیکی بەرهەمهێنا و بۆ یەکەمجار لە رێگەی رووداو بڵاوکرایەوە.