گرێتا گێرویگ بۆ رووداو: رێژەی بەشداریی ژنان لە فیلمەکاندا کەمە

رووداو دیجیتاڵ

گرێتا گێرویگ، دەرهێنەری فیلمی "Barbie"، ئەمساڵ سەرۆکایەتیی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان دەکات و لەبارەی بەشداری ژنان لە فیلمەکاندا دەڵێت، رێژەیان کەمە.
 
رۆژی سێشەممە 14ـی ئایاری 2025 کۆنگری رۆژنامەڤانیی گرێتا گێرویگ، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی 77ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان بەڕێوەچوو و پەیام سەربەست، نێردراوی رووداو بۆ فێستیڤاڵەکە، پرسیاری کەمی بەشداری فیلمی ژنان لە فێستیڤاڵەکەدا کرد، لە کاتێکد ئەمساڵ ژنێک سەرۆکایەتی لیژنەی دادوەری فیستیڤاڵەکەیە، لە وەڵامدا گرێتا گێرویگ، گوتی: "من وەکو دەرهێنەرێک زۆر شەڕەفمەند و دڵخۆشم لێرەم، هەروەها دڵخۆشم بەشوێن پێی جەین کامپییەندا دەڕۆم کە دە ساڵ پێش ئێستا سەرۆکی لیژنەی دادوەران بوو". 
 
گوتیشی: "من پێشتر بۆ نزیکەی 20 ساڵ فیلمم دروستکردووە و بەشداریم لە فێستیڤاڵەکانی فیلم کردووە، ئەوە هەرگیز جێگەی پرسیار نەبووە بۆ ئەوەی شتەکان بەرەو پێشەوە ببەین و ژمارەی ژنە دەرهێنەرەکان زیاد بکەین. لە تەواوی ژیانی فیلم دروستکردندا  ئەو شتە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و بەرەو باشتر چووە، هێشتا زیاتریش ماوە، ئەو گۆڕانکارییە تاوەکو ئێستا تەواو نەبووە، بەڵام بەدڵنیاییەوە بەرەو ئاڕاستەیەکی راست دەڕوات". 
 
لە درێژەی وەڵامەکەی بۆ پرسیارەکەی رووداو روونیکردەوە: "هەموو ساڵێک من زۆر دڵخۆشم بۆ ئەوەی ژنانی زیاتر و زیاتر نوێنەرایەتی فیلمەکانیان دەکەن، پێشم وایە ئەوە شتێکە پێویستی بەکاتێکی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی بەرەو پێشەوەی ببەین. 15 ساڵ پێش ئێستا نەمدەتوانی بیر لە ژمارەی ئەو فیلمانە بکەمەوە کە ژنان نوێنەرایەتی دەکەن، نەک تەنیا لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان، بەڵکو لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانیش، بەهیوام بەشداری ژنان لە بەرەوپێشچوون بەردوام بێت". 
 
ئەو دەرهێنەرە ژنە لە رێگەی فیلمی "Barbie" ناوی چووە نێو مێژوو و توانی وەک دەرهێنەرێکی ژن ببێتە خاوەن زۆرترین داهاتی فیلم، ئەویش یەک ملیار و 445 ملیۆن دۆلارە.
 
77ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان لە 14-25ـی ئایاری 2024 لە شاری کەنار دەریایی کانی فەرەنسا بەڕێوەدەچێت، تێیدا پڕۆژەی بەڵگەفیلمێکی کوردی درێژ بەناوی "من و دایکم" لە دەرهێنانی دڵپاک مەجید، لە فێستیڤاڵەکەیە و تۆڕی میدیایی رووداو، بەرهەمهێنەری هاوبەشی پڕۆژەکەیە.