زەهاوی سنجاوی خەڵاتی باشترین دەرهێنەری لە فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ئەمستردام بەدەستهێنا

رووداو دیجیتاڵ

خەڵاتەکانی دووەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ئەمستردام دابەشکران و زەهاوی سنجاوی، دەرهێنەری کورد، لە رێگەی بەڵگەفیلمی 'منداڵیی عیماد' خەڵاتی باشترین دەرهێنەر بەدەستهێنا.
 
زەهاوی سنجاوی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی یەکشەممە 14ـی ئایاری 2023، خەڵاتەکانی دووەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ئەمستردام لە هۆڵەندا دابەشکران و خەڵاتی باشترین دەرهێنەری فێستیڤاڵ لە رێگەی بەڵگەفیلمی 'منداڵیی عیماد' بەدەستهێنا.
 
چالاکییەکانی دووەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ئەمستردام، بە پێشاندانی بەڵگەفیلمی درێژ 'دەروازەی خەونەکان'، ئێوارەی رۆژی هەینی 12ـی ئایاری 2023 لە ئەمستردامی هۆڵەندا دەستیپێکرد، جگە لە پێشاندانی فیلم، چەند پانێڵێک لەبارەی سینەما و فیلمە کوردییەکان لەخۆگرتبوو و ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بوو.
 
لە فێستیڤاڵەکەدا 11 فیلمی بڵندی سینەمایی بەشداربوون، فیلمە بەشداربووەکانی دیکە، کورتە فیلم و بەڵگەفیلمی کورت و درێژ بوون.
 
'منداڵیی عیماد' بەڵگەفیلمێکی درێژە، پێشتر خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی لێژنەی دادوەرانی لاوی لە نۆیەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی بەڵگەفیلمی بوداپێست لە هەنگاریا بەدەستهێنا کە چالاکییەکانی لە 21-29ـی کانوونی دووەمی 2023 بەڕێوەچوو.
 
سنجاوی، پێشتر بە رووداوی راگەیاندبوو، 'منداڵیی عیماد' بە پێی هەڵسەنگاندنەکانی ناوەندی 'Asian movie plus' بە یەکێک لە 11 باشترین بەڵگەفیلمەکانی ئاسیا هەڵبژێردرا.
 
بەڵگەفیلمی 'منداڵیی عیماد' بە هاوبەشی چەند لایەن و کەناڵێکی ئەوروپا و تۆڕی میدیایی رووداو بەرهەمهاتووە.
 
ئەم بەرهەمە لە ماوەی 13 مانگ وێنەی گیراوە و باس لە کوڕێکی پێنج ساڵانی کوردی ئێزیدی بە ناوی عیماد دەکات کە دوو ساڵ و نیو لە گەڵ ماڵباتەکەی لای داعش دیل بوونە و دوای ئازادبوونی بە هۆی کاریگەریی بیر و پەروەردەی داعش ناتوانێ ژیانێکی ئاسایی منداڵانەی هەبێت و حەز و مەیلی نواندنی تووندوتیژیی بەرامبەر کەس و کار و دەورووبەری هەیە. هەوڵی پەروەردەکردنەوە و ئاساییکردنەوە بارودۆخی دەروونی عیماد پڕۆسەیەکی سەخت و درێژخایەنە کە لە لایەن داپیر و پزیشکێکی دەروونناس بەڕێوە دەچێت. 
 
بینەر بە درێژایی فیلمەکە لە دڵەڕاوکەیێکی بەردەوام دایە کە ئایا ئەم هەوڵانەی کەسانی دڵسۆزی عیماد بۆ دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی منداڵیی عیماد سەرکەوتوو دەبێت یان نا؟
 
ئەم بەرهەمە ماوەکەی 78 خولەکە و بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبییە، لە 2016 تاوەکو 2017 وێنەگیراوە و دەرهێنەری فیلم بۆ ماوەی یەکە ساڵ بە بەردەوام سەرقاڵی وێنەگرتنی فیلم بووە و پۆست برۆدەکشنەکەی ماوەی سێ ساڵی خایاندووە.
 
زەهاوی سنجاوی، لە هەولێر لە دایکبووە، لە 1975ـەوە لەگەڵ ماڵباتەکەیان پەنابەری ئێران بووە، لەو وڵاتە خوێندنی قوتابخانەی تەواوکردوە، دوای نزیکەی سێ ساڵ پێشمەرگایەتی چووەتە رووسیا بۆ خوێندنی سینەما، هەشت ساڵ لە بواری نووسینی سیناریۆ و دەرهێنان خوێندوویەتی، 25 ساڵە وەک دەرهێنەر و بەرهەمهێنەر لە بواری سینەما کار دەکات، خاوەنی کۆمەڵێک کورتەفیلم و فیلمی درێژ ی درامی و دیکۆمێنتاریە، لەوانە 'سنوور'، 'دایکانی من' به هاوبەشیی لەگەڵ ئیبراهیم سەعیدی، دەرهێنەری رۆژهەڵاتی کوردستان، 'گەڕانەوە'، 'گەڕان بە دوای باوک'، 'منداڵیی عیماد' و 'پێکەوە ژیان' چەند بەرهەمێکی دیکە. 
 
فیلمی منداڵیی عیماد لە بەشی بەڵگەفیلمەکانی پۆرتاڵی رووداو بۆ بینین لە بەر دەستە.