سەلمان خان بەشداری لە فیلمێکی نوێدا دەکات


رووداو دیجیتاڵ

سەلمان خان، ئەکتەری سینەمای بۆلیوود، لە فیلمێکی نوێدا بەشدار دەبێت و یەکەم وێنەی ئەو ئەکتەرە لە کاتی رۆڵگێڕان لە فیلمەکەدا بڵاوکرایەوە.
 
وێنەکە لە کاتی رۆڵگێڕان لە فیلمەکەدا لەلایەن خۆیەوە لە هەژماری تایبەتیی لە ئینستگرام بڵاوکراوەتەوە کە بە قژێکی درێژی دەستکرد دەردەکەوێت و ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، وێنەگرتنی فیلمە نوێیەکەی دەستیپێکرد.
 
هەرچەند ئەو ئەکتەرە هیچ زانیارییەکی لەبارەی فیلمەکە بڵاونەکردووەتەوە، تەنانەت ناویشی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام هۆگرانی پێشبینی دەکەن، لە فیلمی 'Kabhi Eid Kabhi Diwali' بەشدار بووبێت کە فەرهاد سانجی دەرهێنەریەتی و ئێستا وێنەگرتنی بۆ دەکرێت.
 
بەم دواییە پوجا هاگد، ئەکتەری سینەمایی، وێنەیەکی خۆی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەکردبوو کە وێنەگرتنی نوێترین فیلمی بەناوی 'Kabhi Eid Kabhi Diwali' دەستیپێکرد و بازنەیەکی لە دەستدابوو، هەمان ئەو بازنەیە سەلمان خان بەکاری دێنێت.
 
بازنەکە و راگەیاندنی کاتی وێنەگرتنی فیلمەکە، وایکردووە هەودارانی سەلمان خان گومان بکەن، ئەو دوو ئەکتەرە لە هەمان فیلمدا رۆڵدەگێڕن.
 
ئەم بەرهەمە سینەماییە دەبێتە تاکە فیلمی ئەو ئەکتەرە لەمساڵدا بەرهەمبێت و بڕیارە لە 30-12-2022 لە سینەماکانی هیندستان بڵاوبکرێتەوە.
 
سەلمان خان، ناوی تەواوی عەبدولڕەشید سەلیم سەلمان خانە، لە 27-1-1965 لە هیندستان لە دایکبووە، ئەکتەر و بەرهەمهێنەری تەلەڤزیۆنییە، زیاتر لە 30 ساڵە لە بواری سینەمادا کاردەکات و بەهۆیەوە چەندین خەڵاتی سینەمایی وەرگرتووە.
 
خان بە یەکێک لە ئەکتەرە سەرکەوتووەکانی لە رووی بەدەستهێنانی داهات لە رێگەی سینەماوە دەناسرێت، لە 2015 ناوی لە لیستی 'فۆربێس'ـدا هات کە یەکێک لەو سەت ئەکتەرانە بوو، زۆترین داهاتیان لەرێگەی کارە هونەرییەکانییەوە وەرگرتبێت و لەگەڵ ئەمیتاب باچان، ئەکتەری هیندی، لە ریزبەندی 71ـی لیستەکەدا هات و داهاتی 33.5 ملیۆن دۆلار بوو.
 
لە 2018ـدا لە هەمان لیستدا ناوی لە ریزبەندی 82ـدا هات و داهاتی 37.7 ملیۆن دۆلار بوو.
 
سەلمان خان، کوڕی گەورەی سەلیم خان، سیناریۆنووسی فیلمە، لە 1988 لە فیلمی 'Biwi Ho To Aisi' هاتووەتە نێو دنیای سینەما و ساڵی دواتر لە فیلمی 'Maine Pyar Kiya' رۆڵی گێڕاوە.
 
ئەو ئەکتەرە لە 2010ـەوە زیاتر لە جیهانی سینەمادا لەسەرتاسەری جیهاندا ناسرا، بەتایبەتیش لە رێگەی فیلمە ئەکشنەکانی، لەوانە فیلمی 'Dabangg' لە 2010، 'Ready' لە 2011، ' Ek Tha Tiger' لە 2012، 'Kick' لە 2014، 'Sultan' لە 2016 و 'Tiger Zinda Hai' لە 2017.
 
سەلمان خان، جگە لە کاری نواندن، وەک پێشکێشکاری تەلەفزیۆنیش ناسراوە و لە رێگەی رێکخراوە خێرخوازیەکەیەوە، بانگەشە بۆ دۆزی مرۆڤایەتی دەکات.