فیلمی کچانی خۆر لە فێستیڤاڵی فیلمی کان نمایشکرا
رووداو- کان
فیلمی کچانی خۆر، کە باس لە شەڕڤانان دەکات لە چوارچێوەی فێستیڤاڵی فیلمی کان نمایشکرا، کە تێیدا تەواوی ستافی فیلمەکە لەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵەکە ئامادەبوون.
بیست و یەک فیلمی سینەمای له حەفتاو یەكەمین خولی فێستتڤاڵی فیلمی كان له كێبڕكێدان، یەكێك لەوانه فیلمی كچانی خۆره، كه چیرۆكی راسەقینەی مەینەتی و ئازایەتی ژنانی كورد بەرجەسته دەكات.
گولشیفته فەرهانی، خانمە ئەکتەری ناوداری ئێرانی، پاڵەوانی فیلمەكەیەو رۆڵی فەرماندەیەكی قارەمان دەبینێت، له پاڵ شەڕكردن لە دژی چەكدارانی داعش، رۆڵێكی گرنگ له ئازادكردنی چەندین ژنی بارمتەی ژێر دەستی داعش دەگێرێت.
چیرۆكی ئەم فیلمە، لەرێگەی ژنه رۆژنامەنووسێكی فەرەنسیەوە دەگێڕێتەوە، هەمەئاهەنگی شەڕڤانان و هێزەكانی پێشمەرگه له شەڕەكانی دژی داعشدا لەم فیلمەدا بایەخی پێدراوه.
زیرەك، بە جل وبەرگی کوردی لە فێستیڤاڵی فیلمی کان بەشداری کردووە، کە لەم فیلمەدا رۆڵی فەرماندەیەکی پێشمەرگه دەبینێت، بۆ ئەو بینی ئەم رۆڵه سەخت نەبووه، چونكه خۆی ساڵێك پێشمەرگایەتی كردووە.
ڤیان دەخیلی ژنه پەرلەمانتاری كوردیش، كه به گریانەكەی سەرنجی جیهانی بۆ كارەساتی شەنگال راكێشا، لەم فیلمەدا ژنه ئەكتەری فارس بەهی جاناتی ئەتای رۆڵی ڤیان دەخیل دەبینێت.
فیلمی كچانی خۆر، لەلایەن ژنه دەرهێنەری فەرەنسی ئێڤا ئوسۆ کاری دەرهێنانی بۆ کراوە، فلیمەكەش له وڵاتی جۆرجیا بەرهەمهێنراوه، ئێستا له فێستڤاڵی فیلمی كان لەو كێبڕكێدایه، بۆ وەرگرتنی خەڵاتی چڵه دارخورمای زێڕین.