رەنگدانەوەی ئەنفال لە هونەر و ئەدەبیاتی کوردیدا

رووداو دیجیتاڵ

کامەران حەسەن، ئاوازدانەر و ژەنیاری ئامێری تەموورە، یەکێک لەوهونەرمەندانەیە لەرێگەی گرووپی میوزیکی بێسارانی کە خۆی سەرپەرشتی دەکات، کاری لەسەر کارەساتی ئەنفال کردووە.
 
گرووپی بێسارانی لە 2005 لە باشووری کوردستان دامەزراوە و چەند ساڵێکە چالاکییەکانی وەستاوە، لە 2013 زنجیرە کۆنسێرتی 'زریکەی کۆچ'ـی لە 25مین ساڵیادی کارەساتی ئەنفال لە چەند شارێکی باشووری کوردستان سازکرد.
 
لە کۆنسێرتەکەدا دەقێکی شیعریی شێرکۆ بێکەس، شاعیر ناوداری کورد بەناوی 'رەنگدان' وەک بەرهەمێکی میوزیکی لە کۆنسێرتەکەدا پێشکێشکرد.
 
کامەران حەسەن، ئاوازدانەر و ژەنیاری تەموورە، لە بەرنامەی 'پاشیڤ' بەشداربوو و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لە 2013 کۆنسێرتێکیان بەبۆنەی 25مین ساڵیادی کارەساتی هەڵەبجە، لە چوار شاری کوردستان سازکرد، جیاوازی کۆنسێرتەکە ئەوە بووە کە ئامێری تەموورە زیاتر بۆ شیعری کلاسیکی گونجاوە، بەڵام کاتێک شیعری 'رەنگدان'ـی شێرکۆ بێکەسی خوێندەوە کە دەقێکە تێکهەڵکێشێکە لە میوزیک و رەنگ و ئەو وێنەیەی کە پێویستبوو لەو کارەساتە پیشانبدرێت، لەو دەقەدا بەدی دەکرا.
 
روونیشیکردەوە، سەرەتا سەخت بوو دەقێکی لەم جۆرە لەگەڵ ئامێری تەموورە بگونجێنن، بۆ ئەویش ئەو ئەزموونە نوێ بوو، چونکە زیاتر لەرێگەی ئەو ئامێرەوە کار لەسەر شیعری کلاسیک کراوە.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، هۆنراوەی 'رەنگدان'ـی شێرکۆ بێکەس خۆی دەقێکی زۆر درێژە، بەڵام ئەوان چەند بەشێکیان لەو کارە هونەرییەیان بەکارهێناوە کە بتوانێت پەیامەکە بگەیێنێت.
 
گروپی بێسارانی چەند کۆنسێرتێکی پێشکێشکردووە، لەوانە 'زایەڵەی تەمورە' لە 2008 لە ھەولێر و ھەڵەبجە، کۆنسێرتێکی موزیکی لە 2009 لە ھەولێر، بەشداریکردن لە فیستیڤاڵی کولتووری فاس لە مەغریب لە 2009، دوو کۆنسێرتی جیاوازی بە ناوەکانی 'نەوای تەمورە' و 'ئەم ماڵە چۆڵە" لە ھەولێر لە 2010 پێشکێشکردووە، لە 2012 لە فیستیڤاڵی نەورۆز لە شاری کارکۆف لە پۆلۆنیا بەشداربووە.
 
'پاشیڤ' بەرنامەیەکی دوو کاژێری تۆڕی میدیایی رووداوە و بە درێژایی شەوانی رەمەزان لە کاژێر 13:00-15:00 شەو، لە یەکێک لە خانووە کۆنەکانی ماڵباتی چەلەبی لەسەر قەلای هەولێر پێشکێش دەکرێت.
 
لە بەرنامەکەدا د. ئادەم بێدار، پێشکێشاری رووداو، شەوانە لەسەر مژارێکی ئایینی گفتوگۆ لەگەڵ مامۆستایەکی ئایینی دەکات، هەروەها پەیام عەزیزی، هونەرمەند و سروودبێژی رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ گرووپێکی میوزیکی شەوان سروودی ئایینی و موناجات پێشکێش دەکات و وەک پێشکێشکاریش بەرنامەش گفتوگۆ و پرسیار دەکات.
 
سەفقان ئۆرکێش، هونەرمەندی رۆژئاوای کوردستان و پێشکێشكاری رووداو، وەک پێشکێشکار و هونەرمەند لە بەرنامەکەدا بەشدارە، بڕگەیەکی تایبەتی بەناوی 'ئایین بە کوردی' هەیە و لەگەڵ سروودبێژ و شارەزایانی بواری تەسەوف و عیرفان لە رۆژئاوای کوردستان چەند هەڤپەیڤینێکی تۆمارکردووە و لە بەرنامەکەدا پەخش دەکرێن، هەروەها گۆرانی و سروودی ئایینی پێشکێش دەکات.
 
بانوو دڵشاد، پێشکێشکاری رووداو، لەگەڵ ئەو سێ پێشکێشکارە گفتوگۆ لەگەڵ میوانەکانی 'پاشیڤ' دەکات، بەتایبەتیش لە بڕگەی ژنی خاوەن کار.