رووداو دیجیتاڵ
لە لۆس ئەنجلس، دادوەر دوو تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی لە دژی هارڤی واینستن، بەرهەمهێنەری هۆلیوودی رەتدەکاتەوە، لە دوای ئەوەی دەستەی سوێندخواردن، نەگەیشتنە هیچ بڕیارێک لەبارەی تۆمەتەکان.
لە دۆسیەکەدا دوو ژن واینستن بە دەسدرێژی سێکسی تۆمەتبار دەکەن، ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر چەندین تۆمەتی هاوشێوەی خراوەتە پاڵ و لە دوو دۆسییەدا بە تاوانبار ناسێندراوە، یەکێکیان تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر خانمە ئەکتەرێکی ئەوروپییە کە بەر لە 10 ساڵ لە یەکێک لە هوتێلەکانی بێڤەرلی هێڵز روویداوە و بەهۆیەوە بڕیاری 16 ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرچووە.
واینستن، ئێستا لە زیندانە و بەهۆی تاوانێکی دیکەی دەستدرێژی سێکسی؛ بە بڕیاری دادگەی نیویۆرک 23 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندراوە.
لەبارەی دوایین دۆسییە، دەستەی سوێندخواردن رایگەیاند، ئەوان لەبارەی دۆسییەکە گەیشتوونەتە رێگەیەکی داخراو و ناتوانن هیچ بڕیارێک بدەن.
پێشتر ژمارەیەکی زۆر لە ژنان بە تایبەتیش ئەوانەی لە بواری سینەمادا کار دەکەن، تۆمەتی دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسیان دایە پاڵ واینستن، دیارترینیان هەردوو ئەستێرەی هۆلیوود ئەنجلینا جولی و سەلما حایک بوون.
تۆمەتبارکردنی واینستن لە 2017ـەوە لە رێگەی راگەیاندنی بزاڤی 'Me Too' بوو کە بەهۆی باڵادەستیی لە پیشەسازی سینەمادا لە هۆلیوود، ئەو کارانەی کردووە.
هارڤی واینستن لە 19ـی ئازاری 1952 لە ئەمریکا لە دایکبووە، لەگەڵ براکەی بۆب واینستن، کۆمپانیای 'Miramax'ـی دامەزراند و چەندین فیلمی سینەمایی سەرکەوتووی بەرهەمهێنا، لەوانە فیلمی 'Videotape' لە 1989، فیلمی 'The Crying Game' لە 1992، فیلمی 'Pulp Fiction' لە 1994، فیلمی 'Flirting with Disaster' لە 1996 و فیلمی 'Shakespeare in Love' لە 1998.
لە 2005 کۆمپانیایەکی دیکەی لەگەڵ براکەی بەناوی 'The Weinstein Company' دامەزراند و تاوەکو 2017 کاری کرد و ستۆدیۆیەکی بەرهەمهێنانی فیلمی لەخۆگرتبوو.
واینستن، لە تشرینی یەکەمی 2017 بە تۆمەتی دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسی لە کۆمپانیاکە دوورخرایەوە، لە هەمانکاتتدا لە ئەکادیمیای هونەر و زانستی فیلمی جوڵاو دەرکرا.
تاوەکو 31 تشرینی یەکەمی 2017 زیاتر لە 80 ژن واینستنیان تۆمەتبارکرد، بەهۆیەوە کەمپینی 'MeToo' لە دژی دەستدرێژیکردنە سەر ژنان بە بەرفراونی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرایەوە و کاری لەسەر کرا.
واینستن، بەهۆی ئەو تۆمەتانەوە لە ئایاری 2018 لە نیویۆرک دەستگیرکرا و لە شوباتی 2020 بەهۆی پێنج تاوانەوە بڕیاری زیندانیکردنی بۆ دەرچوو، لە دوای زیندانیکردنیشی بۆ ماوەی 23 ساڵ، سکاڵاکان لەسەری بەردەوامن.
بەهۆی بە تەمەندا چوونی هارڤی واینستن و نەخۆشکەوتنی، ئێستا لەسەر کورسییە و چەند جارێکی دیکە لە دادگا ئامادە بووە، بەڵام توانای وەستان لەسەر قاچەکانی نەبووە.
لە ئازاری 2020 لە زینداندا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو و باری تەندروستیی تێکچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ