سەهیم عومەر خەلیفە دوو خەڵات لە فێستیڤاڵی فیلمی بەغدا بەدەستدێنێت

رووداو دیجیتاڵ

'مێسیی بەغدا' لە دەرهێنانی سەهیم عومەر خەلیفە، دەرهێنەری کورد، دوو خەڵاتی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەغدا بەدەستهێنا، ئەویش خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژن و خەڵاتی تایبەتی لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵ بوو.
 
سەهیم عومەر خەلیفە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، فیلمی سینەمایی 'مێسیی بەغدا' توانی دوو خەڵات لە یەکەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەغدا بەدەستبێنێت، ئەویش خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژن بۆ زەهرا غەندور و خەڵاتی تایبەتی لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵ بوو.
 
یەکەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەغدا بەناوی محەممەد شوکری جەمیل، دەرهێنەری عێراقی کرا و چالاکییەکانی لە 10 تاوەکو 14ـی شوباتی 2024 لە بەغدا بەڕێوەچوو و لەلایەن سەندیکای هونەرمەندانی عێراق سازکرا.
 
لە کۆتایی 2023 فیلمی سینەمایی  'مێسیی بەغدا' سێ خەڵاتی سەرەکیی لە 26مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئارپا لە هۆلیوودی ئەمریکا بەدەستهێنا و بریتیبوون لە باشترین فیلم، باشترین دەرهێنان و باشترین سیناریۆ.
 
'مێسیی بەغدا' پێشتر لە چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیدا بەشداربووە و لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی 'Schlingel'  لە ئەڵمانیا، خەڵاتی لیژنەی دادوەری گەنجانی وەک باشترین فیلم بەدەستهێنا.
 
لە حوزەیرانی 2023 لە 25مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی شەنگهای بەشداربوو و بەربژێری سێ خەڵات بوو.
 
لە کانوونی یەکەمی 2023 خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاوی لە 10مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک بەدەستهێنا و بەخشرایە ئەحمەد محەممەد، ئەکتەری سەرەکیی فیلمەکە. 
 
هێندریک ڤێرتە لەرێگەی کۆمپانیای ئەی تیم پرۆدەکشن لە بەلجیکا، محەممەد ئەکتاش لەرێگەی کۆمپانیای میتۆس فیلم لە ئەڵمانیا و هۆڵەندا؛ لە بەرهەمهێنانیدا بەشدارن. کۆمپانیای وایلد بۆنچ کە یەکێک لە بەهێزترین کۆمپانیاکانی بڵاوکردنەوەی فیلمە لە ئەوروپا، ئەرکی بڵاوکردنەوەی فیلمەکەی لە ئەستۆگرتووە.
 
 کورتەفیلمی 'مێسیی بەغدا' براوەی 60 خەڵاتی جیهانییە، لە 2022 وەک فیلمێکی بڵندی سینەمایی بەرهەمهێنرا و کاری وێنەگرتنی لە هەرێمی کوردستان و عێراق کراوە.