لە خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین 40٪ دەرهێنەرە بەشداربووەکان ژنن

رووداو دیجیتاڵ

سبەی چالاکییەکانی 73یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین دەستپێدەکات و خولی ئەمساڵ جیاوازییەکی هەیە، ئەویش بەشداری ژمارەیەکی بەرچاوە لە دەرهێنەرانی ژن کە 40٪ دەرهێنەرە بەشداربووەکانی ئەمساڵ پێکدێنن و فیلمەکەنیان پێشاندەدرێن.
 
فێستیڤاڵەکە بە پێشاندانی فیلمی 'She Came to Me' لە دەرهێنانی ریبیکا میللەر، دەرهێنەری ئەمریکی دەستپێدەکات کە لە جۆری فیلمە کۆمێدی و رۆمانسییەکانە.
 
یەکێک لە دەرهێنەرە ژنەکان، دەرهێنەری کورد ئایشە پۆلاتە کە بە بەڵگەفیلمی 'In The Blind Spot' بەشدارە و لە بەشی پێشبڕکێی 'ئەنکاونتەرس'ـی 73یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین بەشدارە.
 
'In The Blind Spot' لە رێگەی چیرۆکی یەکێک لە دایکانی شەممە، باس لە هەوڵی تیمێکی ئەڵمانی دەکات کە دەیانەوێت بەڵگەفیلمێک لەبارەی ژیانی ئەیووب 'ئازیز چاپکورت'، پارێزەری مافەکانی مرۆڤ بەرهەمبێنن.
 
مەمەد ئەکتاش، بە میدیاکانی راگەیاندووە، بۆ سینەمای کوردی مایەی دڵخۆشییە کە فیلمی خانمە دەرهێنەرێکی کورد لە بەرلینالە پێشانبدرێت و پێشبڕکێ لەگەڵ فیلمی دەرهێنەرە سەرکەوتووەکانی جیهان بکات.
 
ئەم بەرهەمە لە رۆژانی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، لە قەرس و بازیدی باکووری کوردستان وێنەگیراوە، کۆمپانیای 'میتۆس فیلم' بەرهەمهێنەری سەرەکییەتی و کۆمپانیای پۆنکت و کەناڵێکی ئەڵمانی بەرهەمهێنەری هاوبەشن و ئەرکی بڵاوکردنەوەی لە ئەستۆی کۆمپانیای 'ئارت هوود ئینتەرتەیمنت'ـە.
 
73یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بەرلین، لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە؛ بەشی پێشبڕکێی سەرەکی، بەشی پێشبڕکێی نەوەکان، بەشی پێشبڕکێی فۆڕم، بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلم، بەشی پێشبڕکێی بەڵگەفیلم و چەندین بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە؛ بەشی پانۆڕاما، بەشی نمایشی تایبەت، بەشی نمایشی سینەمای کلاسیک، لە رۆژانی 16 تاوەکو 26ـی شوباتی 2023 لە بەرلینی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت.
 
یەکەم خولی فێستیڤاڵەکە لە 1951 بەڕێوەچووە و بە یەکێک لە پێنج باشترین فێستیڤاڵە سینەماییەکان لە جیهاندا دەناسرێت، لەگەڵ هەریەک لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان لە فەرەنسا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس لە ئیتاڵیا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەنداس لە ئەمریکا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ لە کەنەدا.
 
بڕیارە لە خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵدا، رێز لە ستیڤن سپیلبێرگ، دەرهێنەری ئەمریکی تەمەن 75 ساڵ بنرێت و خەڵاتی تایبەتی فێستیڤاڵی وەک رێزێک لە تەواوی کارە هونەرییەکانی پێ ببەخشرێت و بەشێک لە فیلمەکانی پێشاندەدرێن.