رێبین حەیدەری پەیکەرێک بۆ ناسر رەزازی دروست دەکات

15-02-2022
پەسار فایەق
پەیکەری ناسر رەزازی
پەیکەری ناسر رەزازی
نیشانەکردن ناسر رەزازی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە دوای بڵاوبوونەوەی تۆمارێکی دەنگی هونەرمەند ناسر رەزازی لەبارەی ئایینی ئیسلامەوە، دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەشێک پشتگیری خۆیان بۆ ئەو هونەرمەندە نیشاندا و بەشێکیان دژی قسەکانی وەستانەوە، رێبین حەیدەری، پەیکەرسازی کورد وەک پاڵپشتییەک لەو هونەرمەندە پەیکەرێکی بۆ دروستکردووە.
 
رێبین حەیدەری، بە رووداوی راگەیاند، دەمێکە لە پڕۆژەیدا بووە کارێک بۆ هونەرمەند ناسر رەزازی بکات، وەک گشت ئەو پۆرترێتانەی کە بۆ هونەرمەندانی کورد سازی کردوون، بەڵام رووداوەکەی ئەم دواییە وایکرد کاری دروستکردنی پەیکەرێک بۆ ئەو هونەرمەندە پێش بخات.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، قۆناخی یەکەمی پەیکەرەکە تەواو بووە کە دروستکردنیەتی بە قوڕ و جارێ هیچ بڕیارێک لەبارەی شوێنی دانانی نەدراوە.
 
رێبین حەیدەری، خەڵکی بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە و لە بواری پەیکەرسازی لە ئەمریکا خوێندوویەتی، ماوەی 26 ساڵە کاری پەیکەرسازی دەکات، پەیکەری بۆ بەشێکی زۆر لە کەسایەتییە کوردییەکانی دروستکردووە و چەندین پێشانگەی تایبەتی لە ئێران، ئەمریکا، سوێد و فینلەند کردووەتەوە.
 
بەم دواییە تۆمارێکی دەنگیی رەزازی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە و دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، تێیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئەو لەسەر ئایینی یارسانە، هاوکات مەککە و مەدینەی سعودیە کە دوو شوێنی پیرۆزن لەلای موسڵمانان بە "پیس و چڵکن" ناودەبات، هەروەها دەڵێت "رێگری لە بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام لەناو کورد" دەکات.
 
ئەو هونەرمەندە کورد دوای بڵاوبوونەوەی تۆمارە دەنگییەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو قسانەی بڵاوبوونەتەوە لە پەیوەندییەکی تایبەت بووە لەگەڵ کەسێک و بۆ بڵاوکردنەوە نەبووە، دەشڵێت، "نامەردانە بڵاوکراوەتەوە"، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە قسەکانی بۆ پشتگیری لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان بوون، کە ستەمی زۆریان لێدەکرێت.
 
بەم دواییە یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان رایگەیاند، لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا ئەو هونەرمەندە "هەستی موسڵمانانی بریندار کرد، ئێمە لە یەکێتیی زانایانەوە سەرکۆنەی ئەو سووکایەتییانە دەکەین و پێمانوایە ئەم جۆرە کارانە هەوڵێکە بۆ تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان و پێویستی بە داوای لێبووردن لە موسڵمانان هەیە، خەڵک بۆ خۆی ئازادە چۆن بیردەکاتەوە، بەڵام ئازاد نییە لەوەی سووکایەتی بە ئایینی ئیسلام بکات، ناکرێت رێگە بەوە بدرێت ئەو پێکەوەژیانەی هەیە لەباربچێت و ئاشتیی کۆمەڵگە بشێوێندرێت".
 
یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، چاوەڕوانیی ئەوەیان لە سەندیکای هونەرمەندان هەبووە لە بەیاننامەکەیاندا "سەرکۆنەی ئەو جۆرە رەفتارانەی کردبووایە، کە بووەتە هۆکاری برینداربوونی هەستی موسڵمانان، لە هەمان کاتدا ئەرکی داواکاری گشتییە رۆڵی خۆی ببینێت و لەو حاڵەتانە بێتە دەنگ و بە ئەرکی پێویست هەڵبستێت".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە