فیلمی 'Oppenheimer' زۆرترین خەڵاتی هەڵبژاردەی رەخنەگرانی بەدەستهێنا

15-01-2024
پەسار فایەق
کریستۆڤەر نۆلان، دەرهێنەری 'Oppenheimer' و براوەی خەڵاتی باشترین دەرهێنەر. وێنە؛ AFP
کریستۆڤەر نۆلان، دەرهێنەری 'Oppenheimer' و براوەی خەڵاتی باشترین دەرهێنەر. وێنە؛ AFP
نیشانەکردن خەڵاتی هەڵبژاردەی رەخنەگرانی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەرزی دابەشکردنی خەڵاتەکانە لە ئەمریکا بۆ بەرهەمە سینەمایی و تەلەڤزیۆنییەکان، لە رێوڕەسمێکدا خەڵاتەکانی هەڵبژاردەی رەخنەگران دابەشکران و فیلمی 'Oppenheimer' پشکی شێری بەرکەوت و توانی هەشت خەڵات بەدەستبێنێت.
 
ئەمساڵ کە باس لە خەڵاتەکان دەکرێت، ناوی هەردوو فیلمی 'Barbie'  و 'Oppenheimer' دێنە پێشەوە،'Barbie'  بەربژێری زۆرترین خەڵاتی هەڵبژاردەی رەخنەگران بوو لە 18 بەشدا و فیلمی 'Oppenheimer' کە رکابەری سەرسەختی بوو، توانی زۆرترین خەڵات بەدەستبێنێت و ژمارەیان هەشت خەڵاتە. 
 
رێوڕسمی دابەشکردنی خەڵاتەکان، بەربەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 15ـی کانوونی دووەمی 2024 لە سانتا مۆنیکای ئەمریکا بەڕێوەچوو.
 
'Oppenheimer' توانی خەڵاتی باشترین فیلم، باشترین دەرهێنەر بۆ کریستۆڤەر نۆلان، باشترین ئەکتەری لاوەکی پیاو بۆ رۆبێرت داونی جونیۆر، باشترین گرووپی نواندن، باشترین وێنەگرتنی سینەمایی، باشترین مۆنتاژ، باشترین کاریگەرییە وێنەییەکان و باشترین میوزیکی فیلم بەدەستبێنێت. 
 
لە بەرامبەردا فیلمی 'Barbie' خەڵاتی باشترین سیناریۆی رەسەن، باشترین بەرهەمهێنان لە رووی دیزاینەوە، باشترین دیزاینی جلوبەرگ، باشترین مەیکەئپ، باشترین بەرهەمی کۆمێدی و باشترین گۆرانی بەدەستهێنا.
 
خەڵاتی باشترین فیلمی ئەنیمەیشن بەخشرایە 'Spider-Man: Across the Spider-Verse'، باشترین زنجیرەی تەلەڤزیۆنی بەخشرایە 'Succession' و باشترین زنجیرەی تەلەڤزیۆنیی کۆمێدی بەخشرایە 'The Bear'.
 
جگە لەم چەند بەشە، خەڵات لە چەنە بەشێکی دیکەدا دابەشکران، لەوانەش خەڵاتی باشترین ئەکتەری سەرەکی ژن لە فیلمدا کە بۆ ئیما ستۆن بوو بۆ رۆڵگێڕانی لە فیلمی 'Poor Things' و خەڵاتی باشترین ئەکتەری سەرەکی پیاو لە فیلمدا بۆ پۆڵ گیماتی بوو بۆ رۆڵگێڕانی لە فیلمی 'The Holdovers'.
 
هارسین فۆرد، ئەکتەری ئەمریکی و پاڵەوانی زنجیرە فیلمی 'Indiana Jones' تەمەن 81 ساڵ، خەڵاتی تەمەنێک چالاکیی پێبەخشرا.
 
بردنەوەی هەریەک لە خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب، ئەکتەرانی شاشەی هۆلیوود و هەڵبژاردەی رەخنەگرانی ئەمریکا، چانسی فیلمەکان بۆ بردنەوەی خەڵاتی ئۆسکار زیاتر دەکات.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە