جەمشید گۆرانی کوردی بردە نێو هۆڵی دابەشكردنی خەڵاتەکانی ئۆسکار
رووداو- هەولێر
جەمشید، هونەرمەندی ناوداری رۆژهەڵاتی کوردستان لە هۆڵی دۆڵبی، کە خەڵاتی ئۆسکاری تێدا پێشکەشدەکرێت، کۆنسێرتی مەزن سازکرد و گۆرانی کوردی پێشكەش بە ئامادەبووان کرد.
هونەرمەند جەمشید بە رووداوی راگەیاند" من وەکو یەکەم هونەرمەندی کورد، توانیم لە بەناوبانگترین هۆڵی ئەمریکا، کە هۆڵی دۆڵبی لە لۆس ئەنجلسە، ساڵانە خەڵاتی ئۆسکاری تێیدا پێشکەش دەکرێت، کۆنسێرت سازبکەم و گۆرانی کوردی پێشكەش بکەم".
جەمشید دەشڵێت" لە درێژەی گەشتی کۆنسێرتەکانم، کە ئەمریکای باکوور لە ڤانکۆڤەری کەنەدا دەستم پێکرد، توانیم لەم مانگەدا، لە لۆس ئەنجلسی ئەمریکا بە ئامادەبوونی سەتان کەس، کۆنسێرتێکی مەزن سازبکەم، زیاتر لە 30 ژەنیاری ناودار بەشداریان لە کۆنسێرتەکەم کردووە، لەگەڵ 50 سەماکاری بەناوبانگی جیهانی لەسەر ستێجی بەناوبانگترین هۆڵی جیهان سەماو گۆرانی و میوزیکی کوردی ئاوێزانی یەکدی کردبوو".
هونەرمەند جەمشید لەبارەی گەشتی کۆنسێرتەکانی گوتی" دوای ئەوەی لە ئەمریکا کۆمەڵێک لە کۆنسێرتەکانم پێشكەشکرد، ئێستا بەرنامەم هەیە لە چەند وڵاتێکی ئەوروپی دەست بە پێشکەشكردنی کۆنسێرتەکانم بکەمەوە، بەڵێنیش بە خەڵکی کوردستان دەدەم، کە لە نەورۆزی ئەمساڵ کۆنسێرتێکی مەزن سازدەکەم و دڵی هەوادارانی میوزیک و گۆرانی کوردی خۆشدەکەم".