فەتانەی وەلیدی.. شاژنە فەرامۆشكراوەكەی مۆسیقای كوردی

رووداو – سنە
لە رۆژی جیهانیی شارەكاندا كە ساڵانە لە 31ـی تشرینی یەكەم بەڕێوەدەچێت، رێكخراوی یونسكۆ 66 شاری جیهانی خستە ناو لیستی شارە داهێنەرەكانی جیهانەوە كە یەكێكیان سنە بوو وەك شاری میوزیك.
شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان، مەڵبەند و ناوەندێكی گرنگی مۆسیقای كوردییە و بە سەدان هونەرمەندی دەنگخۆش و موزیسیەن و ژەنیار و گرووپی مۆسیقای لە هەناوی خۆیدا پەروەردە كردووە، یەكێك لەوانە خانمە هونەرمەند فەتانەی وەلیدییە.
فەتانە لە یەكەم ژنانی گۆرانیبێژی كوردە لە رۆژهەڵاتی كوردستان. ساڵانی حەفتاكانی سەدەی رابردوو چریكەی ئەفسانەیی ئەم ژنە رچەشكێنە، شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانی تەنی و وەك یەكێك لە ئەستێرە پرشنگدارەكان لە ئاسمانی هونەر و مۆسیقای كوردیدا دەركەوت.
فەتانەی وەلیدی، ساڵی 1953 لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان لە ماڵباتێكی هونەرمەندی ئەم شارە لەدایكبووە. لە خوێندنگەی باڵای میوزیك لە تاران خوێندوویەتی و ساڵانی حەفتاكان لە رێگەی حەسەن كامگار، باوكی گرووپی كامگارەكان و محەممەد شەریف وەلیدی، باوكی خۆی، ئاشنای جیهانی مۆسیقا بووە.
باوكی فەتانە، هەم ژەنیاری ڤیۆلۆن بوو، هەم دەنگبێژێكی سەردەمی خۆی. هەر ئەویش یەكەم هاندەری فەتانە بوو بۆ گەیشتن بەو پلەیە لە هونەر و مۆسیقای كوردیدا.
فەتانە یەكەم گۆرانییەكانی لە تەمەنی منداڵیدا و بە هاندانی حەسەن كامگار لە رادیۆی سنە تۆمار كرد و هەر زوو سەرنجی ژەنیاران و موزیسیەنە بەناوبانگەكانی وەك گریشا میكاییلزادە و موجتەبا میرزادەی بۆ خۆی راكێشا.
هەرچەندە درەوشانەوەی فەتانەی وەلیدی چەند ساڵێكی كەم بوو، بەڵام بەو تەمەنە كەمە هونەرییەشەوە زیاتر لە 56 گۆرانی لە رادیۆكانی سنە و كرماشان تۆمار كرد كە تەنیا یەك ئەلبوومی بەردەستە. هۆكاری بڵاونەبوونەوەی گۆرانییەكانی دیكەی تا ئێستاش دیار نییە.
چەندین چیرۆك و گێڕانەوە سەبارەت بە هۆكاری دووركەوتنەوەی فەتانە لە گۆرانی و میوزیك باس دەكرێن كە رەنگە بڵاوترینیان گیرۆدەیی ئەو لەگەڵ ئەوینێكی تراژیدیك و بێ ئەنجام بێت كە بووە هۆی تووشبوونی بە نەخۆشی دەروونی و خوڵقانی دۆخێكی دەروونیی ئاڵۆز.
لەگەڵ ئەوەش، ژنبوون و گۆرانیبێژبوون لە سەردەمێكدا كە هونەر بۆ ژن كارێك بووە لە دەرەوەی نەریت و نۆرمەكان و لەلایەن كۆمەڵگاوە وەك كارێكی نەشیاو بۆ ژن تەماشا كراوە و تەنانەت پیاوانی هونەرمەندیش بە "لۆتی" ناوبراون، هۆكارێكی دیكە بووە بۆ دووركەوتنەوە لە جیهانی هونەر و مۆسیقا.
فەتانە وەلیدی هاوتەمەنی شەهێن تاڵەبانییە. شەهێن یەكەمجار لەگەڵ عەباس كەمەندی گۆرانیی "سەبری گوڵفرۆش"ی گوتەوە، بەڵام وەك خۆی لە وتووێژێكدا باسی دەكا، لە ترسی سەركۆنەی كۆمەڵگا تا ساڵانێكی درێژ ئەو راستییەی نەدركاند كە ئەو گۆرانییە بە دەنگی ئەوە و تا ساڵانێك ئەم گۆرانییە هەر بە ناوی فەتانە وەلیدی دەناسرا. تەنانەت تا ئێستاش زۆربەی ماڵپەڕە فارسییەكان لە پێناسەی فەتانە وەلیدیدا نووسیویانە بە گۆرانیی "سەبری گوڵفرۆش" پێی نایە نێو جیهانی مۆسیقا.
باری نالەباری ژیان و پەراوێزكەوتن و تووشبوون بە نەخۆشیی دەروونی، فەتانە وەلیدی وەها لە هونەر دوورخستەوە كە بەراورد بە پیاوانی هونەرمەندی هاوتەمەنی خۆی، زۆر زوو كەوتە پەراوێزەوە و ناوی لەنێو ناواندا نەما. هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی كەمترین زانیاری سەبارەت بە ژیان و بەرهەمەكانی ئەم ژنە هونەرمەندە بەردەست بێت و زانیارییەكان سەبارەت بە ژیانی ئەو تەنیا پشت بە هەندێك دەنگۆ ببەستێ.
فەتانە وەلیدی زیاتر لە نیو سەدەیە لە گۆشەی تەنیایی خۆیدا ماوەتەوە و تەنیا جارجارە هەندێك كەس و لایەن سەردانێكیان كردووە و وەك وەفایەك بۆ ژنێك كە دەیتوانی شاژنی مۆسیقای كوردی بێت، رێزیان لێگرتووە. لەم ساڵانەی دواییشدا و لە دوای مردنی باوكی، ئیدی كۆتایی بەم سەردانانەش هاتووە و تەنانەت كەمتر كەسێك ئاگای لە شوێنی مانەوە و دۆخی ژیانی ئەم هونەرمەندە فەرامۆشكراوەی كورد هەیە.
خاتوو فەتانە وەلیدی، لە دوای مردنی باوكی لە ساڵی 2017 و بەهۆی بێكەسوكاری و بێدەرەتانی، گوازراوەتەوە بۆ ناوەندێكی خێرخوازی چاودێری و راگرتنی نەخۆشە دەروونییەكان بە ناوی بەهار كە لە گەڕەكی بەهارانی شاری سنەیە. خوشكەكانی چاوپێكەوتنیان لەگەڵ ئەم هونەرمەندە ناودارە سنووردار كردووە و ئیدی ئێستا جگە لە چەند كەسێكی تایبەت، رێگە بە كەس نادرێ چاویان بەو هونەرمەندە بكەوێ.
خاتوو فەتانە سێ خوشك و برایەكی هەیە. براكەیشی بە هۆی نەخۆشیی دەروونییەوە هەر لەو ناوەندەیە كە فەتانەی لێیە. خوشكەكانی لە تاران دادەنیشن و لەسەر داوای ئەوانیشە كە رێگەی دیدار بە كەس و بە تایبەتی بە رۆژنامەنووسان نادرێ. كەڵكوەرگرتن لە فۆلكلۆر و ئاوێتەبوونی تێكستی گۆرانییەكان لەگەڵ ژیان و حەز و ئاواتەكانی خۆی بەشێكن لە تایبەتمەندییەكانی گۆرانییەكانی فەتانە وەلیدی.
بەشێك لەو گۆرانیانەی لە ماوەی چەند ساڵ تەمەنی هونەریدا تۆماری كردوون، بریتین لە: ئەی دڵی غەمینم بۆچ بێقەراری، لە ژین بێزارم، لای لای دڵم لای لە باغی سینەم، ئای لە دەست یارم ماڵی وێرانم، لە سەرووی قامەتی یار، هاتەوە یارم یاری وەفادارم، بێ تۆ بیمارم بێ دۆست و یارم، بەهار فەسڵێكی خۆشە و .....
یەدوڵڵا محەممەدی كە ئەویش ئێستا بەهۆی نەخۆشییەوە لە ماڵەكەی خۆیدا گۆشەگیر بووە، لەبارەی فەتانەوە بە (رووداو)ی گوت: "حەیف بۆ فەتانە و بێكەسییەكەی. حەیف بۆ گەلی كورد كە قەدری هونەرمەندێكی وەك فەتانە نازانن و ئاوا بێكەس و تەنیا لە گۆشەی نەخۆشخانەدا كەوتووە".
مامۆستا حوسێن عەلیزادە، ئاوازدانەر و ژەنیاری لێهاتووی تار، سەبارەت بە خاتوو فەتانە وەلیدی پێیوایە كە "فەتانە دەنگێكی بێهاوتای هەبوو، دەیتوانی خۆرێكی درەوشاوە بێ بە ئاسمانی مۆسیقای كوردییەوە، بەداخەوە بەهۆی تەمەنی كورتی هونەرییەوە هەرگیز نەیتوانی ئەو دەنگە ئاسمانییە بگەیەنێتە لوتكە".