ئاریان لەتیف لە پێشانگەیەکی هاوبەشی شێوەکاریدا لە بارسێلۆنا بەشدار دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
بە بەشداری 84 شێوەکار لە سەرتاسەری جیهاندا، پێشانگەیەکی هاوبەشی شێوەکاری لە بارسێلۆنای ئیسپانیا کرایەوە، ئاریان لەتیف، شێوەکاری کورد، یەکێک لە شێوەکارە بەشداربووەکان بوو.
ئاریان لەتیف، بە تۆڕی میدیایی روودای راگەیاند، بە تابلۆیەک لە پێشانگەی ساڵانەی گرووپی هۆڵی ئارت بەشداربوو و تابلۆیەکەی لەبارەی سرووشتی کوردستان بوو. گوتیشی، بەشداربووانی پێشانگەکە بە ویست و شێوازی کاری خۆیان بە بەرهەمێک بەشداربوون.
روونیشیکردەوە، پێشانگەکە لە چوارچێوەی پێشانگەی ساڵانەی گرووپی هۆڵی ئاڕت بوو و ئەمجارە لە بارسێلۆنای ئیسپانیا کرایەوە و 84 شێوەکاری سەرتاسەری جیهان تێیدا بەشداربوون، ئەو وەک تاکە هونەرمەندی کورد تێیدا بەشداربوو.
ئاماژەری بۆ ئەوەشکرد، گرووپەکە ماوەی پێنج ساڵە دامەزراوە، لقی سەرەکیی لە بەریتانیایە و خاوەنی پێنج گەلەرییە لە پێنج وڵات، گەلەریی سەرەکیی لە لەندەنە. گوتیشی، گرووپەکە گرنگی بە هونەری شێوەکاری و کەسانی بەتوانا و لێهاتوو لەو هونەرە دەدات.
پێشانگەکە لە 7 تاوەکو 11ـی تشرینی یەکەمی 2024 لە بارسێلۆنای ئیسپانیا کرایەوە و بەرهەمەکان بۆ فرۆشتن خرانەڕوو.
ئاریان لەتیف ئەحمەد، لە 1994 لە سلێمانی لەدایکبووە، دەرچووی بەشی تیشکە لە پەیمانگەی تەکنیکی سلێمانی، سەرەتای کاری هونەریی بۆ 2014 دەگەڕێتەوە، لە 20 پێشانگەی هاوبەش لە کوردستان و هەشت پێشانگەی هاوبەشی نێودەوڵەتی لە ئیتاڵیا، ئیسپانیا، تورکیا، یۆنان، کۆریای باشوور و لوبنان بەشداربووە.