پیکاسۆ کاریگەرییەکی بەهێزی لەسەر شیوەکارانی دیکە هەبووە

رووداو - هەولێر  

پابلۆ پیکاسۆ، ناوی شێوەکارێکی ئیسپانییە، کە بە زیندوویی و مردوویی جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە، ئێستاش بەرهەمەکانی لەسەر ئاستی جیهاندا دەفرۆشرێن و خاوەنی تابلۆ هەر گرانبەهاکانی مێژووی هونەری شێوەکاریییە.

تەنها هۆگرانی هونەری شێوەکاری شەیدای کارەکانی ئەو شێوەکارەنین، بەڵکو خودی شێوەکارانی هاوسەردەمی و بە شێوەکارانی ئەو سەردەمەشەوە، بە ئەزموونی ئەو شێوەکارە کاریگەرن و ژمارەیەکی زۆری بەرهەمەکانیان لەژێر کاریگەری بەرهەمەکانی ئەودا کێشاوە.

بۆ تیشک خستنە سەر ئەم بابەتە، بەم دواییە پێشانگایەکی شێوەکاری بەناونیشانی "پیکاسۆ و هۆگرانی" لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بەڕێوەچوو.

لە پێشانگاکەدا 100 تابلۆی پیکاسۆ خرانەڕوو، جگە لە 312 تابلۆی 38 شێوەکار کە بە ئەزموونی ئەو شێوەکارە ئیسپانییە کاریگەربوونە و لە کارەکانیداندا ئەزموونی ئەو رەنگی داوەتەوە.

لە پێشانگاکەدا بەرهەمی هەردوو شێوەکار مارسێل دووچامپ و هێنری ماتیس بەرچاوخراون، کە رکابەری پیکاسۆ بوونە، بەڵام دواجار پیکاسۆ لە ژمارە یەکدا مایەوە و ئەوان بە ئاستی ئەو نەناسران.

پابلۆ پیکاسۆ، لە 25 -10-1881 لە شاری مالەگا لە ئیسپانیا لە دایکبووە، لە تەمەنی حەوت ساڵیدا باوکی فێری وێنەکێشانی کردووە، لەتەمەنی 13ساڵیدا وێنەیەکی باوکی تەواوکردووە کە بەنیوەچڵی بەجێیھێشتووە، کاتێک کە باوکی سەیری وێنەکەی کرد بۆی دەرکەوت کە کوڕەکەی لەخۆی بەتواناترە، هەر بۆیە وازی لەوێنەکێشان ھێناوە. 

پیکاسۆ یەکێک لە بەناوبانگترین ھونەرمەندانی سەدەی بیستەمە و دامەزرێنەری بزوتنەوەی کوبیزمە کە بریتییە لە کێشانی وێنە بەشێوەیەکی ئەندازیاری، لە 8ـ04-1973 و لەتەمەنی 91 ساڵیدا، کۆچی دوایی کردووە.