رووداو دیجیتاڵ
لە هەفتەی سێیەمی پێشاندانی فیلمی "شاردنەوەی سەدام حوسێن" لە دەرهێنانی هەڵکەوت مستەفا، لە سینەماکانی باشووری کوردستان، ژمارەی بینەران بە بەراورد لەگەڵ دوو هەفتەی رابردوودا زیادی کردووە.
داهاتی فیلمەکە لە ماوەی سێ هەفتەدا لە ئێمپایەر سینەما لە هەولێر، ستی سینەما لە سلێمانی و سینەمای دهۆک مۆڵ لە دهۆک، زیاتر لە 231 ملیۆن دینارە و زیاتر لە 20 هەزار و 300 بلیت فرۆشراون.
ئەم بەرهەمە لە هەفتەی دووەمی پێشاندانی لە سینەماکانی حەوت وڵاتی عەرەبی، داهاتی یەک ملیۆن دۆلاری تێپەڕکرد و لە ماوەی سێ هەفتەدا زیاتر لە 150 هەزار بینەری لە وڵاتانی عەرەبی هەبووە.
یاد عەبدولکەریم، خاوەنی ستی سینەما میوانی هەواڵەکانی کاژێر 14:00ـی رووداو بوو و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، پێشبینی دەکەن لە چەند رۆژی داهاتوودا ژمارەی بینەرانی فیلمەکە زۆر زیاتر بێت.
لەبارەی بۆچوونی بینەران، گوتی، فیلمەکە کاردنەوەی زۆری لای بینەران دروستکردووە و سەرکەوتنی لەوەدایە، هەر بینەرێک بە جۆرێک لە فیلمەکە تێگەیشتووە.
روونیشیکردەوە، "شاردنەوەی سەدام حوسێن" پێچەوانەی فیلمەکەنای دیکەیە، رۆژ دوای رۆژ بینەری زیاد دەکات، لە کاتێکدا هەموو فیلمێک سەرەتا بینەری زۆرە و وردە وردە بینەری کەم دەبێتەوە، بەڵام ئەم فیلمەکە لە هەفتەی سێیەمی پێشاندانی داهاتی لە هەفتەی یەکەم زیاترە.
"شاردنەوەی سەدام" چیرۆکی عەلا نامیق دەگێڕێتەوە کە توانی 235 رۆژ سەدام حوسێن لە چاڵێکدا بشارێتەوە، لە کاتێکدا 150 هەزار سەربازی ئەمریکی بە دوایدا دەگەڕان.
12 ساڵ کار بۆ بەرهەمهێنانی فیلمەکە کراوە و کۆمپانیای هەنێ، بە هاوبەشی سەرەکیی حکومەتی نەرویج فیلمەکەی بەرهەمهێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ