لەگەڵ رەنج؛ سۆمەرییەکان یان ئارییەکان کورد بوون؟
رووداو دیجیتاڵ
هەرچەندە دووربوون لەیەكتری، ئەو لە ستودیۆی هەولێر، ئەمیش لە ئەشكەوتێكی نزیك سلێمانی لە(هەزارمێرد)، بەڵام لەسەر (مێژووی كورد و نەژاردەكەی) گفتوگۆیەكی گەرم لەنێوانیاندا دروست بوو، سۆران حەمەڕەش، كە لە نێو ئەشكەوتەكەدا لەگەڵ ستافی بەرمامەكە ئامادەبوو بە هەموو بڕوایەكیەوە، جەختی لەوە دەكردەوە، سۆمەرییەكان كورد بوون، تەنانەت گەیشتە ئەوەی كە بڵێ "كورد سۆمەری نییە، بەڵكو سۆمەرییەكان كورد بوون، ئێمە بە هەموو شتێك سۆمەرین". ئەم بۆچوونەی نەك د. زرار كە میوانی ئەم بەرنامەیە بوو، بەڵكو بەشێكی زۆری مێژوونووسانی كوردی نیگەران كردووە.
د. زرار تۆفیقیش، كە لە ستودیۆی هەولێرەوە بەشداری بەرنامەكەی كردووە بەتووندی ئەوەی رەتكردەوە كە هیچ پەیوەندییەك لە نێوان كورد و سۆمەرییەكاندا هەبێت و گوتی: "كورد هەرگیز سۆمەری نەبووە و نییە، چونكە سۆمەرییەكان لە كوردستاندا حكومیان نەكردووە". لەبارەی (رەگەزی ئاری) و پەیوەندیی بە كوردەوە، سۆران حەمەڕەش ئەوە رەتدەكاتەوە كە كورد پەیوەندیی بە (رەگەزی ئاری)یەوە هەبێت و دەشڵێت: "ئاری بوونی كورد نازانستییە و راستی تێدا نییە، تەنانەت میدەكانیش خەڵكی ئێرە نەبوون". هەموو ئەو بۆچوونانەشی لە پەرتوكێكدا بەناوی (مێژووی بزو نەگێڕدراوەی كورد) نوسیوەتەوە. د. زرار تۆفیق ئەوە دەخاتەڕوو وشە بە وشەی ئەو كتێبەی سۆران حەمەڕەشی خوێندووەتەوە و بۆیە ئامادەیی هەموو جۆرە گفتوگۆیەكە لەسەری و گوتیشی: "ئەو كتێبەی كاك سۆران چەواشەكاری و گەڵتەجاڕییە".
جگە لەو دوو شارەزایەی مێژووی كورد، چەندین خوێندكاری بەشی مێژووی زانكۆی سلێمانی لەبەرنامەكەدا بەشداربوون، لەنێو ئەو گفتوگۆ گەرمەدا، كچە خوێندكارێكی بەشی مێژووی زانكۆی سلێمانی دەڵێت: "كە هاتم بۆ ئێرە (هەزار مێرد) وەك ئەوە وابوو گەشت بە كاتدا بكەم و بڕۆمەوە بۆ ئەو سەردەمەی مرۆڤەكان چۆن بە سادەیی لێرە ژیاون". ئەو كچە خوێندكارە و هاوڕێكانی رێگایەكی سەخت و هەوراز و نشێویی زۆریان بڕی تاوەكو گەیشتنە نێو ئەو ئەشكەوتەی بەرنامەكەی لێ تۆمار كرا. دیمەنەكانی ئەم بەرنامەیە ناوازە و جیاواز بوون، چونكە لە دوو كاتی جیاوازی رۆژ و شەو گیراون. ستافی بەرنامەكە و میوانەكانیش رێگایەكی سەخت و پێچاو پێچیان بڕی تاوەكو لە نێو دیمەنە سەرنجڕاكێشەكانی ئەو ئەشكەوتەدا باس لە مێژوویەكی دێرینی كورد بكەن.
'باشبوو ناویان گۆڕیم'
سۆران حەمەڕەش كە بەتوندی دژی ئەوەیە، رەگەزی ئاری و كورد بەیەكەوە ببەسترێنەوە، بە منداڵی تاوەكو شەش مانگی خۆی ناوی (ئاری) بووە، بەڵام دواتر گۆڕیویانە بە سۆران. ئەو دەڵێت: "باشتر كە كردوویانەتە سۆران، چونكە (ئاری) خۆ حیكایەتە و لە دەرەوەی زانستە، بەداخەوە ئێمە چەندین ساڵە بەوەوە سەرقاڵكراوین كە ئێمە ئارین یان زەردەشتین، لەكاتێكدا ئەمانە هیچ بەڵگەیەكی زانستییان لە پشتەوە نییە".
سۆران حەمەڕەش ئاماژە بەوەش دەكات، هەر لە منداڵیەوە خولیا ئەوەی هەبووە بزانێ مێژوو كورد چییە "30 ساڵە لەو بوارەدا خەریكم تاوەكو گەیشتم بەوەی سۆمەرییەكان كورد بوون ئەوەشم بە چەندین بەڵگەی زانستی سەلماندوە".
هەموو ئەوانەش كە پێچەوانەی ئەو بۆچوونن وەك مێژوویەكی راستەقینە بۆ كورد نوسراوەتەوە، سۆران حەمەڕەش بە مێژوویەكی سیاسی و گاڵتەجاڕی ناویان دەبات دەشڵێت: "سەرەتای مێژووەكە، كورد نەینووسیوەتەوە، بەڵكو ئەورووپییەكان مێژووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان نووسیوەتەوە، لەكاتێكدا لە مێژوودا كورد خاوەن ئیمپراتۆرییەت بووە، بەڵام دواتر ناسنامەیەكی درۆیینانەیان خستووەتە پاڵمان".
مێژووەكەی ئەمین زەكی بەگ
بۆچوونی سۆران حەمەڕەش، لەسەر كتێبەكەی ئەمین زەكی بەگ كە باسی مێژووی كورد دەكات و لە ساڵی 1932 نووسراوە، زۆر ئەرێنییە بۆ سەردەمی خۆی بە شۆڕش نێوی دەبات و لە وەسفیدا دەڵێت: "كتێبی یەكەمم پێشكەشی ئەوە كردووە، چونكە بەڕاستی توانایەكی سەیری هەبووە، تەنانەت ئەمڕۆش دەتوانین سوود لە ئەمین زەكی بەگ وەربگرین، نەك هەر ئەو، مەلا جەمیلی رۆژبەیانی یاخود گیوی موكریانی چەندینی دیكەش بۆ كاتی خۆی كاری زۆر باشیان بۆ مێژووی كورد كردووە، بەڕاستی زوڵمە ئەگەر بڵێم لە مێژووی كورد دا كەس نەیپێكاوە جگە لە خۆم". سۆران حەمەڕەش ئەوەش رووندەكاتەوە كەبەبێ ئەورووپا ناتوانرێ مێژووی كورد بنووسرێتەوە "منیش سەرچاوەكانم ئەوروپین".
گۆرانیی (لێ لێ لۆلۆ) لە چییەوە هاتووە؟
زۆرینەمان گوێبیستی گۆرانیی (لێ لێ لۆلۆ) بووین، بەپێی قسەی سۆران حەمەڕەش ئەو گۆرانیە "پێشەكیی گۆرانیی سۆمەرییەكان بووە". هەر بۆیە سۆران حەمەڕەش دەگاتە ئەوە كە بڵێ "كورد سۆمەری نییە، بەڵكو سۆمەرییەكان كوردبوون، یەكەمین یاسای نوسراویش سۆمەرییە، بۆیە هەر شتێك سۆمەری بێت بێ هیچ گومانێك كوردییە. بۆ ئەوەش بەڵگەیەكی زۆر هەیە". ئەو مێژووناسەی كورد بە شانازییەكی زۆرەوە ئەوەش دەخاتەڕوو، ئەو بۆچوونانەی هەیەتی لەسەر مێژووی كورد خەریكە تێگەیشتنێكی جیهانی لەسەر دروست دەبێت و دەڵێت "لەو ماوەیەی رابردوو پیاوێكی پۆڵەندی تاگی كردم، بۆی نوسیبووم سۆران خەریكە بۆچونەكانت دەبێتە تێگەیشتنێكی جیهانی، ئەوەش بۆمن جێگای شانازییە".
هەر بەپێی گێڕانەوەكانی سۆران حەمەڕەش، لەسەر خاكی كوردستان یەكەم گەنم چێنراوە و یەكەم بزن و بەراز و رەشەوڵاخیش لەسەر خاكی كوردستان ماڵی كراوە جگەلەوە یەكەم (پولەقوڕینە) ش هەر لەسەر خاكی كوردستان دۆزراوەتەوە كە دواتر بووەتە سەرەتای نوسین، لە هەموو ئەوانەش گرنگتر یەكەمین نووسین لە جیهاندا كوردی بووە بە رێزمان و بە وشەكانیشەوە، ئەوەش بەسەرەتای شارستانییەتە پێناسە دەكات.
ململانێ لە نێوان كوردی شاخ و كوردی دەشت
سۆران حەمەڕەش، جەختی لەوە كردەوە ئەو كە پێچەوانەی مێژوونوسانی كورد شتێكی نوێ لەسەر مێژووی كورد دەڵێت، لەوەش دڵنیا بووە كە دژایەتیەكی گەورە دەكرێت بۆیە گوتی: "نەك بۆ من، هەموو كەسێك كە شتێكی نوێ بڵێت بەجۆرێك لە جۆرەكان دژایەتی بۆ دروست دەبێت". بەبڕوای ئەو مێژووناسەی كورد هەتاوەكو سەدەی بیستەمیش شتێك هەبووە بە نێوی (كوردی شاخ و كوردی دەشت).
"سەردەمانێك میدەكان ئیمپراتۆریەت بوون، بەڵام كوردی شاخ بوون، سۆمەرییەكانیش كە پێش مادەكان بوون، كوردی دەشت بوون و بەبەردەوامیش ململانێ لە نێو كوردی شاخ و كوردی دەشت هەبووە".
یەكەمین نەورۆز لە كوێ كراوە؟
زۆربەی ساڵان، بەتایبەت لەگەڵ نزیكبوونەوە لە نێوەڕاستی مانگی سێ، گفتوگۆ لەسەر مێژووی نەورۆز و پەیوەندیی بە كوردەوە دروست دەبێت، سۆران حەمەڕەش ئاماژە بەوە دەكات یەكەم نەورۆز لە جیهاندا لەسەر خاكی كوردستان كراوە و دەشڵێت: "كەسێك هەیە بەناوی (ئەبو حەنیفەی دینەوەری) مێژووی كوردی نوسیوەتەوە لە 1200 ساڵ پێش ئێستا باسی نەورۆزی كردووە كە هی كوردبووە، هەتاوەكو 100 ساڵ لەمەوبەریش لە سلێمانی و مهاباد نەورۆز بەشێوازی سۆمەرییەكان كراوە، جگە لەوانە من بەتەنیا باسی زمان ناكەم، بەڵكو ئێمە نەورۆز و داب و نەریتیشمان سۆمەرییە، سۆمەرییەكان لە 21 مانگدا وەك خۆمان نەورۆزیان كردووە".
سۆران حەمەڕەش گلەییەكی زۆر لەو كەسانە هەیە كە مێژوویان بۆ كورد نوسیوەتەوە. دەشڵێت: "ئەو مێژوویەی لە ئەورووپا بۆ كورد نووسراوە گاڵتەجاڕییە، لێرەدا مەبەستم ئەو كوردانە نییە كە مێژوویەكی باشیان نووسیوەتەوە لە نموونەی ئەمین زەكی بەگ و جەمیل رۆژبەیانی كەسانی دیكەش".
رستەیەكی سۆمەری
لەسەر داوای د. زرار كە میوانی دوومی ئەم بەرنامەیە بوو لە ستۆدیۆی هەولێریشەوە بەشداربوو، سۆران حەمەڕەش رستیەكی بە زمانی سۆمەری گوت: "(سلم نن ئبسی گریە) رستەیەكی سۆمەریە واتە سڵاو نەنە بەس گریان". ئەو مێژووناسەی كورد روونیدەكاتەوە پەرتووكەكەی بەتەنیا باسی مێژووی كورد ناكات بۆ ئەوەش باس لە بۆچوونی گەنجێك دەكات كە لە سایتی ئەمەزۆن نوسیویەتی و دەڵێت: "لەسەر سایتی (ئەمەزۆن) كوڕێك كتێبەكەمی خوێندووەتەوە و دەڵێت ئەمە مێژووی مرۆڤایەتییە". هەر لە پەرتووكەكەیدا سۆران حەمەڕەش باسی قۆناخی پێش ئیسلام كراوە كە كورد چیبوە؟
هەر لەسەر مێژووی كورد و پەیوەندی بە سۆمەرییەكانەوە، سۆران حەمەڕەش دەشڵێت: "ئێمە بە شوێنەواریش سۆمەرین، بەنموونە ناوی گوندی خەمزە لە كۆنترین ئەفسانەی سۆمەریدا هاتووە، جگەلەوە سۆمەرییەكان باسی سنجاری شیان كردوە". سۆران حەمەڕەش ئەوەش ناشارێتەوە كە زمانی كوردی هیندۆ ئەورووپییە، بەڵام نەژادی نا، دەشڵێت: "زمانی كوردی شێوەی نوێی زمانی سۆمەرییە و نزیكترین شێوە قسە كردنی سۆمەری ئەوەیە كە لە گەرمیاندا بەكاردێت".
(حلە) ناوچەكی كوردی بووە
سۆران حەمەڕەش ئەوەش رووندەكاتەوە كە شاری (حلە) پێش 700ساڵ لەمەوبەر ناوچەكی كوردی بووە و تەنانەت كتێبی كوردی لەسەر دار خورما هەبووە "پێش 700ساڵ لەمەوبەر (ئیبن بەتوتە) دەچێتە شاری حلە دەڵێت نیوەی كوردە". لەبارەی ئەوەش بۆچی خۆی فێری زمانی سۆمەری ناكات سۆران حەمەڕەش دەڵێت "دە ساڵم دەوێت خۆم فێری زمانی سۆمەری بكەم، گرنگ ئەوەیە بە زانستی بنیچەی كوردم یەكلایی كردۆتەوە".
سۆران حەمەڕەش گلەیی ئەوەشی لە د.زرار كرد كە لە كتێبێكدا (كاكەییەكان)ی كردوە بە عەرەب و هۆكارەكەشی بۆ ئەوە گەڕانەوە كە شارەزایی لە مێژووی ئاین نییە و گوتیشی "د.زرار بە نەشارەزایی (كاكەییەكان)ی كردوە بە بەشێك لە شیعە، بەبێ هیچ بەڵگەیەكی زانستی، لە كاتێكدا من هەر وشەیەكم لە پەرتووكەكەم نوسیبێتەوە سەرچاوەی زانستیم بۆی هەبووە".
سەبارەت بە حكومڕانی ماددەكان و سۆمەرییەكانیش سۆران حەمە رەش دەڵێت "مادەكان 2800ساڵ لەمەوبەر حكومڕانیان هەبووە، بەڵام سۆمەرییەكان 5000ساڵ لەمەوبەر بووە".
'%90ـی مەرجەكانی لێكۆڵەری تێدا نییە'
د. زرار تۆفیق، مامۆستا لە بەشی مێژووی زانكۆی دهۆك وەك میوانێكی دیكەی بەرنامەكە، كە لە ستۆدیۆی هەولێرەوە بەشداربوو باسی لەوە كرد سۆران حەمەڕەش كەمترین مەرجەكانی كەسی لێكۆڵەری تێدایە و گوتی: "90% مەرجەكانی لێكۆڵەر لە كاك سۆران دا نییە، چونكە لێكۆڵەر ئەبێت بە دوور بێت لە بەلاڕێدا بردن و چەواشەكاری، ئەبێت جیاوازی بكات لەنێوان سەرچاوە راستی و سەرچاوەی هەڵبستراو، كتێبەكەی كاك سۆرانم بەتەواوەتی، واتە وشە بە وشەیم خوێندووەتەوە. بەداخەوە كارەكەی هیچ زانستی نییە، تەنانەت مێژووی كورد بەگاڵتەجاڕی ناو دەبات ئەوەش كارەساتە".
د. زرار تۆفیق ئەوەش روون دەكاتەوە، لە كاتێكدا سۆران حەمەرەش لە دیدارێكدا دەڵێت نوسینی مامۆستایانی زانكۆكانی كوردستان بەكار ناهێنم، بەڵام "وەك سەرچاوە میرداد ئازادی و ئەرشاد بۆڵادیانی بەكارهێناوە لەوەش كارەساتر لە وەرگێڕانەكەشدا تووشی هەڵەی گەورەبووە".
سەرچاوەی كتێبەكەی 'هەڵبستراوە'
هەر لەبەرنامەكەدا د. زرار تۆفیق ئەوەش دەخاتەڕوو سۆران حەمەڕەش پشتی بە نوسینەكانی (محەممەد سدیق بۆرەكەوی) بەستووە، كە ئەو بە سەرچاوەی نازانستی و هەڵبستراو ناویان دەبات و دەشڵێت "كاك سۆران 14جار كتێبەكەی (ئیبن وەحشیە)ی بەكارهێناوە لەكاتێكدا خودی كتێبەكە هەڵبستراوە".
پێچەوانەی بۆچوونەكانی سۆران حەمەڕەش، د. زرار تۆفیق جەخت لەوە دەكاتەوە كە "كورد هەرگیز سۆمەری نەبوو نییە، چونكە سومەرییەكان لە كوردستان حكومیان نەكردوە". د. زرار ئەوە ناشارێتەوە كە هەندێ وشەی سۆمەری لەزمانەكانی كوردو عەرەبی و فارسیدی ماوە، بەڵام ئەوە نابێتە بەڵگەی سۆمەری بوونی كورد.
د. زرار دەڵێت: "كاك سۆران كە دەڵێت كورد سۆمەرییە، فەرموو بە سۆمەری با پێنج خولەك قسە بكات، سۆران ئەگەر سۆمەری دەزانی بۆچی 15 فەرهەنگی بەكارهێناوە؟ باشە ئەگەر سۆمەری لە باشوری عێراق هەبووبن بۆچی تەنیا كورد خاوەنی بێت ئەی فارس ئەو نەتەوەكانی دیكە؟".
لۆلۆییەكان، میدییەكان، گۆتییەكان باپیرانی كورد بوون
د. زرار تۆفیق جگەلە رەتكردنەوەی پەیوەندی نێوان كورد و سۆمەری باسی لەوە كرد "لۆلۆییەكان، میدییەكان، گۆتییەكان باپیرانی كورد بوون".
سەبارەت بە كتێبەكەی سۆران حەمەڕەش یش ئەوە دەخاتەڕوو كە هەشت بۆ نۆ لاپەڕەی رەخنەی لەسەر كتێبەكەی نوسیوە دەڵێت "بەڕاستی ئەو كتێبەی كاك سۆران سوكایەتییە بۆ كورد".
ئەو رەتیشدەكاتەوە كە شاری حلە لەلایەن كوردەوە دروست كرا بێتو دەڵێت: "راستە ئیبن بەتوتە گوتوویەتی نیوەی حلە كوردبووە، بەڵام حلە لە1101دا لەلایەن میرێكی عەرەب دروستی كردوە".
د. زرار تۆفیق بەشانازییەكی زۆرەوە باس لەوەش دەكات كە نۆ كتێبی لەسەر مێژووی كورد هەیە، سەبارەت بە كوردیش وەك نەتەوەیەك دەڵێت: "دووهەزار ساڵە كورد وەك نەتەوەیەك بوونی هەیە، جگەلەوە ئێمە وەك كورد لەسەر خاكی خۆمان ژیاوین وەك میللەتانی دیكە نین لە شوێنێكەوە چوبینە وڵاتێكی دیكە". د. زرار رەخنەی ئەوەشی لە سۆران حەمەڕەش گرت بەوەی لەسەر مێژوو قسە دەكات، بەڵام هیچ بڕوانامەیەكی لەبواری مێژوودا نییە
لە كۆتایی قسەكانی د. زرار تۆفیق گوتیشی: "بەنووسین وەڵامی وشە بە وشەی كتێبەكەی كاك سۆران دەدەمەوە".