تیپی مۆسیقای پاشای گەورە چالاکییەکانی دەستپێدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
تیپی مۆسیقای پاشای گەورە، بەبۆنەی 48ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی، کۆنسێرتێکی لە رواندز سازکرد و گوڵبژێرێک لە ئاواز و گۆرانی کوردی پێشکێشکران.
باپیر عومەر، بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەری سۆران، بە رووداوی راگەیاند: "48 ساڵ بەسەر دامەزراندنی تیپی مۆسیقای پاشای گەورە تێدەپەڕێت، کار و چالاکییەکانی بەگوێرەی پێویستیی سنوورەکە بەردەوامن، چۆن پێویستمان بە کارکردن و نۆژەنکردنەوە لە سێکتەرەکانی دیکەی ژیان هەیە، ئاواش پێویستە گرنگی بە هونەر و میوزیک بدرێت".
لە کۆنسێرتەکەدا 11 بەرهەم پێشکێشکران و شەش هونەرمەندی سنوورکە گۆرانییان پێشکێشکرد.
ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان و هۆگرانی هونەر لە کۆنسێرتەکەدا ئامادەبوون.
سەید ئەحمەد رواندزی، ئەندامی گرووپی مۆسیقای پاشای گەورە، بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە بە هەموو شێوەیەک هەوڵدەدەین ئەم گرووپە بە کار و چالاکی جوان و بەرهەمی جوان وەک جاران ببوژێنینەوە. تیپی مۆسیقای پاشای گەورە لەناو خەڵک دەنگ و سەدایەکی گەورەی هەبوو".
کۆنسێرتەکە دەستپێکێکی نوێ دەبێت بۆ چالاکییەکانی گرووپی مۆسیقای پاشای گەورە، لەمەبەدوا مانگانە چالاکی میوزیکی ئەنجام دەدات.