شەهریار جەمشیدی ئەلبوومێکی میوزیک بڵاودەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

شەهریار جەمشیدی، ژەنیاری ئامێری کەمانچە، ئەلبوومێکی میوزیکی تایبەت بە ئامێری کەمانچە بۆ هۆگرانی میوزیک بڵاوکردەوە.

ئەم بەرهەمە بەناوی "My Sunset-land ROJAVA" واتە "وڵاتی خۆرنشینی منە رۆژئاوا"یە و 9 تراکی میوزیک لەخۆدەگرێت، لەوانە میوزیکی "ڤیان"، "دێرسیم" و "رۆژهەڵات".

دوو لە تراکەکانی نێو ئەم ئەلبوومە بەشێوەی ڤیدیۆ لە یوتیوب بڵاوکراونەتەوە کە لە کاتی تۆمارکردنیان لە ستۆدیۆ وێنەگیراون.

شەهریار جەمشیدی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەم بەرهەمە  لە رێگەی ئینتەرنێتەوە دەفرۆشرێت و داهاتی بۆ کچان و ژنانی کوردی ئێزدی تەرخانکراوە کە قوربانی دەستی داعش بوون.

شەھریار جەمشیدی ساڵی 1971 لە کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە و ئێستا لە کەنەدا دەژی، ژەنیاری ئامێری کەمانچەیە و پێشتر لەگەڵ ژمارەیەک گرووپی میوزیکی کوردی کاری کردووە.

شەھریار جەمشیدی دامەزرێنەر و سەرۆکی گرووپی میوزیکی دیلان بووە و خاوەنی پێنج ئەلبوومی میوزیکییە.