کێڤن سپەیسی بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر سێ پیاو دادگایی دەکرێت

رووداو دیجتیتاڵ 

کێڤن سپەیسی، ئەکتەر و بەرهەمهێنەری سینەمایی ئەمریکی و براوەی خەڵاتی ئۆسکار، بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر سێ پیاو، رووبەڕووی دادگە دەکرێتەوە.
 
لە دوای تۆمارکردنی سکاڵا لەلای پۆلیسی لەندەن، سکاڵاکە دراوەتە دادگە و بڕیارە ئەو ئەکتەرە تەمەن 62 ساڵە، رۆژی پێنجشەممە 16-6-2022 لە دادگەی وێستمنستەر لە لەندەن ئامادە بێت.
 
سپەیسی، لەمبارەیەوە رایگەیاندووە، ئەو دەچێتە لەندەن و لە بەردەم دادگە ئامادە دەبێت بۆ ئەوەی بەرگری لەخۆی بکات و بێتاوانی خۆی بسەلمێنێت.
 
هەر بە هۆی ئەو سکاڵایانەی لە دژی ئەو ئەکتەرە ئەمریکییە تۆمارکراون، تۆڕی نێتفلێکس، سپەیسی لە  زنجیرەی 'House of Cards' لە 2017 دوورخستەوە.
 
لەلایەکی دیکەوە، هەفتەی رابردوو، دادگای فیدراڵیی نیویۆرک، داوای لەو ئەکتەرە کردووە لە دادگە ئامادە بێت، لە دوای ئەوەی ئەنتۆنی راپ، ئەکتەر و گۆرانیبێژی ئەمریکی، تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی خستە پاڵ سپەیسی کە بەر لە سێ دەیە روویداوە و ئەوکات ئەو گۆرانیبێژە تەمەنی 14 ساڵ بووە.