ماهیر ئەمین: پێگەی گرنگی رواندز وایکرد بەرهەمێکی پێشکێش بکەم

 
رووداو دیجتیتاڵ

هونەرمەند ماهیر ئەمین، نوێترین بەرهەمی لەبارەی رواندز بەناوی 'پایتەختی ئەوینداران' بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکردەوە و رایگەیاند "پێگەی مێژوویی، کولتووری و هونەری ئەو شارە وایکردووە ئەم بەرهەمە بڵاوبکەمەوە، نەوەک بەهۆی ئەوەی من خەڵکی ئەو شارەم".
 
فاروق باپیر ئاوازدانەر و بەڕێوبەری هونەریی 'پایتەختی ئەوینداران'ـە، تێکستی گۆرانییەکە لەلایەن رەنج مەجید و ماهیر ئەمینەوە نووسراوە، هونەرمەند گۆران کامیل کاری ئاواز و دابەشکردنی بۆ کردووە، میران میرانی کاری میکس و ماستەرینگی بۆ ئەنجامداوە.
 
ڤیدیۆکلیپی گۆرانییەکە لەلایەن بڵند سۆران کاری دەرهێنانی بۆ کراوە و دیمەنەکانی لە نێو رواندز و دەورووبەری وێنەگیراوە و بە سپۆنسەری شنگلبانە بەرهەمهاتووە، لە ماوەی کەمتر لە 24 کاژێردا، 50 هەزار بینەری لە یوتیوب هەبووە.
 
ماهیر ئەمین، بە رووداوی راگەیاند، بیرۆکەی ئەم بەرهەمە بۆ مامۆستا فاروق باپیر لە 2020 دەگەڕێتەوە، بەڵام بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە هۆی ئەوەی بەرهەمهێنانی دوابخرێت.
 
بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کاریگەری لەسەر بەرهەمی هونەرمەندان و چالاکییە هونەرییەکان لە کوردستان و سەرتاسەری جیهاندا هەبوو، بەهۆیەوە زۆربەی هونەرمەندانی کورد پڕۆژە هونەرییەکانیان دواخست.
 
ماهیر ئەمین، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، راستە ئەو لە دایکبووی رواندزە، بەڵام پێگەی مێژوویی، کولتووری، هونەریی، جوگرافی و سرووشتەکەی هۆکار بوون بۆ ئەوەی بەرهەمێک لەبارەی ئەو شارەوە پێشکێش بکات.
 
قەزای رواندز 123 کیلۆمەتر لە ھەولێرەوە دوورە، بە چوار چیا دەوردراوە، کۆڕەک لە باشوور، ھەندرێن لە باکوور، زۆزک لە رۆژئاوا و برادۆست لە رۆژھەڵات. 
 
روونیشیکردەوە، رواندز پایتەختی میرنشینی سۆران بووە، لەو سەردەمە دراوی تایبەت بە خۆی هەبووە، یەکەم چاپخانەی کوردی بەر لە زیاتر لە سەت ساڵ لەلایەن حوسێن حوزنی موکریانی لەو شارە دامەزراوە، هەروەها کارگەی دروستکردنی چەک لەو شارە هەبووە و لەلایەن وەستا رەجەب دامەزراوە، گوتیشی "جەمال رەشید، مێژوونووسی کورد ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، مرۆڤی نیاندرتاڵ کە لە ئەشکەوت هاتووەتە دەرەوە، لە رواندز نیشتەجێبووە".
 
مێژووی رواندز، بۆ سەردەمانی پێش زایین دەگەڕێتەوە و لە سەردەمی خۆیدا پایتەختی دەوڵەتی ئۆراتۆ و میرنشینی سۆران بووە.
 
ماهیر ئەمین کە ناوی تەواوی ماهیر محەممەدئەمینە، ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی ئەو پێگە گرنگەی رواندز هەیەتی، پێویستە نەوەک هەر بەرهەمی میوزیک لەبارەیەوە بەرهەمبێت، بەڵکو پێویستە فیلم و دراماش لەبارەیەوە بەرهەمبهێندرێن.
 
رواندز، ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندانی بواری میوزیک و گۆرانی تێدا هەڵکەوتووە، یەکێک لەوانە هونەرمەند ماهیر ئەمینە، هەروەها هونەرمەند زرار محەممەد (1937-2021) رۆڵێکی بەرچاوی لە گرنگیدان بە هونەر لەو قەزایە هەبووە و ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندانی پێگەیاندووە کە ئێستا رۆڵێکی بەرچاویان لە نێو هونەری کوردیدا هەیە. 
 
دوایین بەرهەمی ماهیر ئەمین، بەناوی 'پرسیار' لە 2020 بڵاوکرایەوە، لە تێکست و ئاوازی خۆیەتی و لە کەناڵی تایبەتیی لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە، هێمن حوسێن کاری دابەشکردنی میوزیکی بۆ کردووە.
 
ئەو هونەرمەندە جگە لە گۆرانی ئەوینداری، بەرهەمی نیشتمانی و نەتەوەیی هەیە، لەوانە 'کاروانێ کوردا' کە بە زاراوەی کرمانجییە و لە 2016 بڵاوکرایەوە و لە کەناڵی تایبەتییدا لە یوتیوب بەرچاو دەکەوێت.
 
ماهیر ئەمین، لە رواندز لەدایکبووە، لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوو دەستی بە کاری هونەری کردووە، چوار ئەلبووم و چەند گۆرانییەکی بە تاک بڵاوکردووەتەوە و بەشێکیان بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بەرهەمهاتوون.
 
یەکێک لەو بەرهەمانەی دەنگدانەوەی زۆری لە نێو خەڵکدا هەبوو، 'سێوخان' بوو و بەر لە نزیکەی 20 ساڵ بڵاوکرایەوە و ماهیر ئەمین، لە 2014 بە میوزیک و دابەشکردنێکی نوێ بەرهەمی هێناوە.