ئیحسان عوسمان لەگەڵ دەرهێنەرێکی جیهانی کاردەکات
رووداو- هەولێر
ئیحسان عوسمان، دەرهێنەر و شانۆكاری كوردی دانیشتووی ئەڵمانیا، بەشداری لە كارێكی دەرهێنەری ناوداری ئەمریكی رۆبەرت ویلسن دەكات.
ئیحسان عوسمان بە (رووداو)ی راگەیاند "وەكو ئەكتەر بەشداریم لە كارێكی دەرهێنەری ناوداری جیهانی رۆبەرت ویلسندا كردووە، كە بەناوی بورجی بابلە و بڕیارە لە مانگی 11 لە فرانكفۆرت نمایش بكرێت".
ئیحسان لەبارەی رۆبەرت دەڵێت "رۆبەرت باشترین دەرهێنەری جیهانە، هەموو كارەكانی ئەو پێشوازییەكی باشیان لە ئەمریكا و ئەوروپا لێدەكرێت ".
ئیحسان گوتیشی "لەگەڵ ئەو دەرهێنەرە لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی كارێكی شانۆیی لەسەر كورد بكەین، كە نزیكەی 500 هەزار دۆلاری دەوێت، بۆیە لەوانەیە لەگەڵ شانۆی نەتەوەیی ئەڵمانیا ئەم شانۆگەرییە پێشكەش بكەین، تاوەكو ئێستا ئەم دەرهێنەرە هیچ كارێكی هونەری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامنەداوە".
ئەم دەرهێنەرە جیهانییە لەبارەی کوردەوە دەڵێت " من پێشتر هیچ زانیارییەکم لەسەر کورد نەبوو، من خەڵکی تکساسم، بەڵام لەرێگەی ئیحسانەوە کەمێک دەربارەی کورد فێربووم، بەرای من میللەتان لە رێگەی کولتوورو هونەرەوە زیاتر دەناسرێن".
رۆبەرت ویلسن لەساڵی 1941 لە ئەمریکا لەدایکبووە، یەکێکە لە شانۆکارو دەرهێنەرە ناودارەکانی ئەمریکا، هاوکات وەکو راهێنەرێكی سەما لەگەڵ چەندین گۆرانیبێژو ئەکتەری هۆڵیوود کاری کردووە، لەیدی گاگا یەکێکە لەو گۆرانیبێژانە کە لەسەر دەستی رۆبەرت سەمای فێربووە، لەگەڵ ئەوەشدا شێوەکارو پەیکەرسازێکی لێهاتووە. لەسەرەتای ساڵانی شەستەکان دەچێتە شاری نیویۆرک، لە سآڵی 1968 کۆمپانیایەکی راهێنان و فێرکردنی سەماو شانۆ دامەزراند، دواتر لە ساڵی 1969 بۆ شای ئیسپانیا چەند ئۆپێرایەکی نمایشکرد، ئیدی لە ئەوروپا دەنگیدایەوە.