'مێسیی بەغدا' لە سینەماکانی بەلجیکا پێشاندەدرێت

14-04-2023
پەسار فایەق
نیشانەکردن 'مێسیی بەغدا' سەهیم عومەر خەلیفە
A+ A-
رووداو دیجیتال

فیلمی بڵندی سینەمایی 'مێسیی بەغدا' لە نووسین و دەرهێنانی سەهیم عومەر خەلیفە، دەرهێنەری کورد، لە دوای بەشداربوونی لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی 15یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئۆستێندە لە بەلجیکا، ئێستا لە سینەماکانی بەلجیکا پێشاندەدرێت.
 
'کینا پۆڵس' بەناوبانگترین هۆڵی سینەمایی بەلجیکایە و لە هەموو شارەکانی بەلجیکا و ئەوروپا سینەمای هەیە، ئەم بەرهەمە سینەماییە لە شارەکانی بەلجیکا پێشاندەدرێت.
 
'کینا پۆڵس' زیاتر گرنگی بەو فیلمانە دەدات کە بازرگانین، بەڵام ساڵانە حەوت بۆ هەشت فیلمی هونەریش هەڵدەبژێرێت و لە چوارچێوەی پڕۆگرامی 'CINE-K' لە سینەماکانیدا پێشانی دەدات، یەکێک لەوانە 'مێسیی بەغدا'یە.
 
لە دوای نمایشکردنی ئەم بەرهەمە لە سینەماکانی بەلجیکا و نمایشی تایبەتی لەو وڵاتە بۆ هونەرمەندان و میدیاکاران، ماڵپەڕی 'BeyondGaming' لەبارەیەوە نووسیویەتی: هەر لە یەکەم دیمەنەوە، دەچیتە نێو دنیای حەمودی، کوڕێک کە خەونی گەورەی هەیە، بەڵام لە وڵاتێک لەدایکبووە کە شەڕی تێدایە، دیمەنەکان بە ریتمێکی خێرا بە دوای یەکدا دێن.
 
هەروەها رۆژنامەی 'De Morgen' کە لە 1978ـەوە لە بەلجیکا دەردەچێت، لەبارەی ئەم بەرهەمە نووسیویەتی: خەلیفە هیچ کات لە بەکارهێنانی شیرینی و تاڵی بۆ ژیانی کارەکتەری سەرەکی فیلمەکەی دوورناکەوێتەوە، ئەو سەرسەختییەی کە حەمودی بۆ ئەو واقیعە سەختەی دەرووبەری هەستی پێنکات، لە یەککاتدا شتێکی کارەستبار و قارەمانییەتی هەیە.
 
ماڵپەڕی 'Geekster' لەبارەی فیلمەکە بڵاویکردووەتەوە: دەرهێنەر سەهیم عومەر خەلیفە و سیناریۆنووس کۆبی ڤان ستینبێرگ؛ بە سەرکەوتوویی کورتە فیلمەکەیان درێژ دەکەنەوە، بەبێ ئەوەی هەست بە درێژکردنەوەی بکەیت. ئەکتەری سەرەکیی ئەحمەد محەممەد عەبدوڵڵا بە گەرموگوڕییەوە رۆڵی کارەکتەری حەمودیی گەنج دەگێڕێت.
 
ماڵپەڕی 'MoviePulp' لەبارەی ئەم بەرهەمە نووسیویەتی: بە کورتی، دەرهێنەر سەهیم عومەر خەلیفە نیشانی دەدات کە لە دوای 'زاگرۆس' بە 'مێسیی بەغدا' گەڕاوەتەوە، ئەم کارەش بۆ ئەو سوپرایز نییە. چاودێری ئەم ناونیشانە لە ئاستێکی نێودەوڵتیدا بکەن.
 
'مێسیی بەغدا' پێشتر وەک کورتە فیلم بەرهەمەهاتووە و براوەی 60 خەڵاتی جیهانییە، بەهۆی ئەو ناوبانگییەی، بڕیاردرا بکرێتە فیلمێکی بڵندی سینەمایی.
 
ستافی تەکنیکی فیلمەکە لە کوردستان، بەلجیکا و هۆڵەندا بەشدارن و هەریەک لە زەهرا غەندور، ئەسیر عادل، حسێن حەسەن و عادل عەبدولڕەحمان لەم بەرهەمەدا رۆڵی سەرەکی دەگێڕن.
 
هێندریک ڤێرتە لەرێگەی کۆمپانیای ئەی تیم پرۆدەکشن (A Team Productions) لە بەلجیکا، محەممەد ئەکتاش لەرێگەی کۆمپانیای میتۆس فیلم (Mitos Film) لە ئەڵمانیا و هۆڵەندا و هەرێمی کوردستانیش لە بەرهەمهێنانیدا بەشدارن.
 
کۆمپانیای وایلد بۆنچ (Wild Bunch) کە یەکێک لە بەهێزترین کۆمپانیاکانی بڵاوکردنەوەی فیلمە لە ئەوروپا، ئەرکی بڵاوکردنەوەی فیلمەکەی لە ئەستۆگرتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە