چۆپی ئاهەنگێک لە هەولێر دەگێڕێت

14-03-2023
پەسار فایەق
نیشانەکردن چۆپی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هونەرمەند چۆپی، ئاهەنگێک بۆ هەوادارانی لە هەولێر دەگێرێت، تێیدا گوڵبژێرێک لە بەرهەمەکانی پێشکێش دەکات.
 
ریمۆند عەبوود، رێکخەری کۆنسێرتەکە بە رووداوی راگەیاند، ئاهەنگێک بۆ هونەرمەند چۆپی فەتاح لە هەولێر ساز دەکەن، تێیدا گوڵبژێرێک لە بەرهەمەکانی پێشکێش بە ئامادەبووان دەکات. گوتیشی، ئاهەنگەکە کاژێر 21:00ـی ئەمشەو سێشەممە 14ـی ئازاری 2023 سازدەکرێت.
 
چۆپی بەرهەمی 'سەربەستی' لە 27ـی تشرینی یەکەمی 2022 دووبارە بڵاوکردەوە و پێشکێش بە رۆحی ژینا ئەمینی کرد.
 
گۆرانی 'سەربەستی' لە ئاوازی بورهان موفتی و لە تێکستی پاوڵ ئێلوارد، شاعیری فەرەنسییە و کەمال میراودەلی کردوویەتی بە کوردی و بە میوزیکێکی نوێ تۆمارکراوەتەوە، پرنس سلومو کاری میکس و ماسترینگی بۆ کردووە.
 
ئەو هونەرمەندە کوردە ئەمساڵ دوو بەرهەمی بڵاوکردەوە کە کەڤرکردنی دوو بەرهەمی بیانییە، یەکەمیان گۆرانی 'Set Fire To The Rain'ـی ئەدێل، هونەرمەندی بەریتانی بوو، دووەمیان گۆرانی 'Dreams'ـی گرووپی 'Fleetwood Mac' بەریتانی - ئەمریکی بوو.
 
چۆپی، لە 1983 لە کەرکووک لە دایکبووە، لە تەمەنی سێ ساڵیدا لەگەڵ ماڵباتەکەی رووی لە هەندەران کردووە و لە هۆڵەندا نیشتەجێبوونە.
 
یەکەم ئەلبوومی بەناوی 'چیت ناو بنێم' لە 2004 بڵاوکردەوە و لە نۆ تراکی گۆرانی پێکهاتووە، دووەم ئەلبوومی بەناوی 'ناوت دەنێم ژینۆ' لە 2007 بڵاوکردەوە و لە 13 تراکی گۆرانی پێکهاتووە.
 
ئەو هونەرمەندە ئەلبوومی 'کریستاڵ'، 'شارا' و 'باران' و چەند گۆرانییەکی تاک و ڤیدیۆکلیپپێکی بڵاوکردووەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە