گوڵستان پەروەر: بەهۆی پۆشینی جلی زێرەڤانی لە رۆژتیڤی دەركرام

بەشی چواردەهەم
رووداو - هەولێر

خانمە هونەرمەندی ناوداری كورد گوڵستان پەروەر، هەموو شەوانێكی شەممە، لە رادیۆی رووداوەوە میوانی پێشكەشكاری ناودار هیڤیدار زانایە. دوو كچە كوردی باكووری لەو بەرنامەیەدا گفتوگۆیەكی سەرنجڕاكێش دەكەن. گوڵستان بەبێ سانسۆر ئەزموونی ژیانی تایبەتی و ژیانی هونەری و سیاسیی خۆی و شڤان پەروەر دەگێڕێتەوە. ئێمە لەبەر گرنگیی ئەو گفتوگۆیە، بە باشمان زانی لە هەفتەنامەی رووداوەوە بە زنجیرە دووبارە بڵاوی بكەینەوە.

گوڵستان پەروەر لەم هەڤپەڤینەدا باسی وازهێنانی لە رۆژ تیڤی و ژیانی لە باشووری كوردستان و كاركردنی لەگەڵ (تۆڕی میدیایی رووداو) دەكات.

رووداو: ئێوە گەڕانەوە ئەڵمانیا و شڤان نەهاتەوە ماڵەوە، تۆ چوویتەوە رۆژ تیڤی یان نا؟

گوڵستان: من پێش ئەوەی بچم بۆ باشوور وەك پێشتریش باسم كرد، لە رۆژ تیڤی كارم دەكرد و پێویست بوو پرسیان پێ بكەم. كە گەڕامەوە ئەڵمانیا دوو ئەڵقەی بەرنامەكەم پێشكەش كرد، دواتر ئاگاداریان كردمەوە كە بەرنامەكەم راگیراوە. هەستم كرد رازی نین لە سەردانەكەم بۆ باشووری كوردستان. پرسیارم كرد بۆچی بەرنامەكەتان راگرت. گوتیان رێكخراوی ژنانی پەكەكە گوتوویانە حەز ناكەین چیدی گوڵستان بەرنامە پێشكەش بكات. 

رووداو: ئەی تۆ پێشتر پرست پێنەكردبوون كە سەردانی باشووری كوردستان دەكەی؟

گوڵستان: بەڵێ، گوتیان لە خەتی سەرۆك ئاپۆ دەرچووە. زێرەڤانی لە دهۆك كۆنسێرتیان كردبوو، كۆنسێرتەكەش راستەوخۆ لە تەلەفزیۆن بڵاوكرایەوە. داوایان لێكردم بە جلی ئەوانەوە گۆرانی بڵێم. ژنانی پەكەكە زۆر پێی عاجز بووبوون. تۆ حاڵی كورد دەبینی؟ ئەو كارەساتانەی بەسەر كورد دێن، بەرهەمی ئەو جۆرە عەقڵیەتەن. یەكدی قبوڵ ناكەین. بەرنامەكەم كۆتایی هات، سەرخۆبوون لە بۆن ماڵێكی گرتبوو، گوتی حەز دەكەم بێیتە لای من. چوومە لای ئەو.

رووداو: لە بۆن بەچییەوە سەرقاڵ بووی؟

گوڵستان: بەهیچ، لەبەر ئەوەی سەرخۆبوون زۆر بە باوكییەوە مەشغوڵ بوو، حەزم نەدەكرد منیش زیاتر مەشغوڵی بكەن. بینیم شڤانیش وای نیشان دەدا كە سەرخۆبوون تەنیا دەبێ‌ كار بۆ ئەو بكات و ئێمە شوێنمان لەلای ئەو نییە. لە ماڵ دانیشتم، بەڵام بینیم ماڵیش رۆژێك و دوو رۆژ و مانگێك و دوو مانگ.. زۆر ناخۆش بوو. خانووەكەمان لە دهۆك تەواو بووبوو، كۆتایی ساڵی 2007 گەڕامەوە دهۆك.
 
رووداو: بە تەنیا هاتی بۆ دهۆك؟

گوڵستان: بەڵێ‌ بە تەنیا هاتم، تەلەفۆنم بۆ دایكم كرد، ئەویش لەگەڵ برایەكی من و منداڵەكانی هاتن بۆ لام. چوار ساڵ لەلای من مانەوە.

رووداو: دوای ساڵانێكی درێژ لە ئەوروپا، بڕیارت دا بە یەكجاری بگەڕێیتەوە كوردستان، ئەمە بۆ تۆ زەحمەت نەبوو؟

گوڵستان: لە ئەوروپاش كار و خەباتم هەر لە نێو كورد بوو، لێرەش هەر لە نێو كوردان بووم، بەڵام شێوەكەی جیاواز بوو. من فێری سیستمی كاركردنی كوردستان نەبووبووم. لە كوردستان كار بكەی یان نا، هیچ فەرقی نییە، خەڵك لێرە ئاسوودەن. لە ئەوروپا كەسێك كار نەكات، وەكو كەسێكی بێ‌ كەڵك وایە. لە دهۆك نزیكەی 60 – 70%ی ژنان لە ماڵن. پێیان كەموكوڕیی نییە كە لە ماڵەوە دانیشتوون، بەڵام ئەوە بەلای منەوە كەموكوڕی بوو. بۆ من زۆر ناخۆش بوو لە ماڵەوە دانیشم كار نەكەم.

رووداو: كە هاتیتە ئێرە هیچ كاری هونەریت كرد؟

گوڵستان: نەخێر، چونكە پێشتر چەند كۆنسێرتێكم كردبوو، حەزم نەدەكرد هەمان شت دووبارە بكەمەوە. دووەمیش سەرخۆبوون لەگەڵ گروپێكی كولتووری لە ئەڵمانیا گرێبەستی كردبوو بۆ من. بۆ ئەوەی كۆنسێرت لە سەرجەم شارەكانی ئەڵمانیا بكەین. ئێمە كۆنسێرتێكی نوێمان رێكخست، سەرجەم ئەندامانی گروپی میوزیك ئافرەت بوون، 30 كۆنسێرتمان لە 30 شاری ئەڵمانیا كرد. پاشان لە سوێد و سویسرا و بەلجیكا كۆنسێرتمان كرد. كۆنسێرتەكان زۆر خۆش بوون، چونكە ئەوانەی دەهاتنە كۆنسێرتەكان هەموویان ئەوروپی بوون. بۆ ئەوان شتێكی نوێ‌ بوو.

رووداو: ژیانی كۆمەڵایەتیت لە دهۆك چۆن بوو، تێكەڵی خەڵك دەبووی، یان بە تەنیا لە ماڵ بووی؟

گوڵستان: زۆر تێكەڵ بووم لەگەڵ خەڵك، زۆر هەڤاڵم پەیدا كردن، زۆر لە یەكدی جیانەبووین، زۆر كەیفم بە ئەوان دەهات و ئەوانیش كەیفیان بە من دەهات، وەكو ئەوە نەبووم كە لە ئەوروپا خۆم بە جیاواز لەو خەڵكە ببینم. وەكو ئەوە بوو لە ماردین و ئامەد بم. جیاوازییەكەی لەگەڵ باكووری كوردستان ئەوە بوو لێرە هەموو شتێك كوردی بوو، لەوێ‌ زۆر شت توركییە.

رووداو: تۆ گوتت دایكت و براكەت لە باكووری كوردستانەوە هاتنە لای تۆ لە دهۆك. سەرخۆبوونیش هات؟

گوڵستان: ئەو لە نێوان باشووری كوردستان و ئەڵمانیادا هاتوچۆی دەكرد. بەمدواییە تێگەیشت كە ئەوەی لە ئەوروپا بۆ باوكی كردوویەتی ناتوانێ‌ درێژەی پێبدات، ئەویش گەڕایەوە كوردستان.

رووداو: پرۆژەی رووداو دەستیپێكرد و تۆش بەرنامەت هەبوو لە رووداو، ئەمە چۆن بوو؟

گوڵستان: من پێشتر كاك ئاكۆ محەممەدم لە برۆكسل بینیبوو، ئەو هاتبوو بۆ رۆژ تیڤی، چاك و چۆنیمان كرد، بێگومان ئەوكات زۆر كەس دەهاتن، من كاك ئاكۆم نەدەناسی. گوتی من رۆژنامەڤانم و چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ كردم و پێموابێ‌ لە هەفتەنامەی میدیا بڵاوكرایەوە. دوای ئەوەی هاتمە باشووری كوردستان، كاك ئاكۆ تەلەفۆنی كرد و گوتی پرۆژەیەكمان هەیە. راستییەكەی من نەمزانی پرۆژەكە چییە. من ئەوكات هیچ گرێبەستێكم لەگەڵ كەس نەبوو، چاوەڕێ‌ بووم شتێكی مۆدێرن لە كوردستان دروست ببێ‌، چونكە من پێشتر رەخنەی زۆرم لە تەلەفزیۆنە كوردییەكان هەبوو. كاك ئاكۆ گوتی بەنیازی دانانی تەلەفزیۆنێكین، تۆش بەرنامە پێشكەش بكە. زۆر كەیفم بە پرۆژەكە هات و پێمگوت زۆر حەز دەكەم بەشداری ئەو پرۆژەیە بكەم. ئەوكات كارمەندەكان راهێنانیان دەكرد، من بەشداریم نەكرد، جارێك ژنێك لە بی بی سی هاتبوو خۆی زۆر گەورە دەكرد و دەیگوت من كارم بۆ شاژنی بەریتانیا كردووە، نازانم چی و چی بووم. گوتی تۆ بەشداری خول مەكە، تەنیا دێم هەندێك پرسیارت لێدەكەم، كە كەوتینە قسە، گوتی تۆ هەموو شتێك دەزانی. كوردیان زۆر بە پاشكەوتوو دەبینی، من پێمگوت لە ئەوروپا 10 ساڵە لە میدیا كاردەكەم. راستە نەچووین بۆ زانكۆ بەڵام بە پراكتیك هەموو شتێك فێربووم. لێرە گرفتێكم هەبوو، زۆر خەڵكم نەدەناسی، ئەوە بۆ بەرنامەكەشم گرفت بوو، زۆرجار پرۆدیوسەرەكەم میوانێكی دەهێنا من نەمدەناسی. جاری وا هەبوو میوانەكەم لە ستۆدیۆ دەناسی. 

رووداو: كاتێك تۆ دەستت بە پێشكەشكردنی بەرنامەكە كرد، لەو باوەڕەدابووی رۆژێك لە رۆژان رووداو وەها بەناوبانگ بێ‌؟

گوڵستان: نەخێر، ئەوە بۆ من وەكو سورپرایزێك بوو. من دەمبینی كاك ئاكۆ دەیەوێ‌ شتێكی جیاواز بكات. من لەنێو دامەزراندنی دەزگاكەدا نەبووم، بەڵام لە فیكری ئەو تێگەیشتم كە دەیەوێ شتێكی جیاواز پێشكەش بكات. بەڕاستی رووداو شۆڕشێك بوو لە نێو میدیای كوردی.

رووداو: بەرنامەی تۆ زۆرتر بەرنامەی بیۆگرافی بوو، ئەو كۆنسێپتە بە دڵی تۆ بوو؟

گوڵستان: بەدڵم بوو و بەدڵیشم نەبوو، ستۆدیۆكانی رووداو لە ئاست ناوی رووداو نین، زۆر بچووكن. باڵەخانەكەی رووداویش لە ئاستی ناوەكەی نییە. جگە لەوەش لە ماوەی بەرنامەكەم زۆر لە ستافی رووداو گۆڕان. ئەوەش بۆ من زەحمەت بوو.