بەڵگەفیلمێکی کوردی لە فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین لە کێبڕكێدایە

رووداو دیجیتال

بەڵگەفیلمی 'In The Blind Spot' لە دەرهێنانی ئایشە پۆلات، دەرهێنەری باکووری کوردستان، لە یەکێک لە بەشەکانی 73یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین لە پێشبڕکێدایە.
 
فیلمەکە لە بەرهەمهێنانی مەمەد ئەکتاشە و لە 19ـی شوباتی 2023 لە بەشی پێشبڕکێی 'ئەنکاونتەرس'ـی 73یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین پێشاندەدرێت کە یەکێک لە گرنگترین فێستیڤاڵەکانی فیلمە لە جیهاندا.
 
'In The Blind Spot' لە رێگەی چیرۆکی یەکێک لە دایکانی شەممە، باس لە هەوڵی تیمێکی ئەڵمانی دەکات کە دەیانەوێت بەڵگەفیلمێک لەبارەی ژیانی ئەیووب 'ئازیز چاپکورت'، پارێزەری مافەکانی مرۆڤ بەرهەمبێنن.
 
مەمەد ئەکتاش، بە میدیاکانی راگەیاندووە، بۆ سینەمای کوردی مایەی دڵخۆشییە کە فیلمی خانمە دەرهێنەرێکی کورد لە بەرلینالە پێشانبدرێت و پێشبڕکێ لەگەڵ فیلمی دەرهێنەرە سەرکەوتووەکانی جیهان بکات.
 
ئەم بەرهەمە لە رۆژانی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، لە قەرس و بازیدی باکووری کوردستان وێنەگیراوە، کۆمپانیای 'میتۆس فیلم' بەرهەمهێنەری سەرەکییەتی و کۆمپانیای پۆنکت و کەناڵێکی ئەڵمانی بەرهەمهێنەری هاوبەشن و ئەرکی بڵاوکردنەوەی لە ئەستۆی کۆمپانیای 'ئارت هوود ئینتەرتەیمنت'ـە.
 
73یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بەرلین، بە بەرپرسیاری ماریتێ ریسێنبێک و بە دەرهێنانی هونەری کارلۆ چاتریان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە؛ بەشی پێشبڕکێی سەرەکی، بەشی پێشبڕکێی نەوەکان، بەشی پێشبڕکێی فۆڕم، بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلم، بەشی پێشبڕکێی بەڵگەفیلم و چەندین بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە؛ بەشی پانۆڕاما، بەشی نمایشی تایبەت، بەشی نمایشی سینەمای کلاسیک، لە رۆژانی 16 تاوەکو 26ـی شوباتی 2023 لە بەرلینی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت.