ئازاد خۆشناو، كەمانژەنی كورد بۆ (رووداو): ئەلبوومێكی میوزیكم ئامادەیە بۆ بڵاوكردنەوە

رووداو- هەولێر

ژەنیارێكی بە ئەزموونی كوردە و لە بناری چیای سەفین لەدایكبووە. تەمەنی تەنیا نۆ ساڵ بووە حەز و خولیای زۆری بۆ میوزیك و هونەر هەبووە. لەوكاتەدا روو دەكاتە فێرگەیەك بۆ فێربوونی ئامێری گیتار و ساز، بەڵام ساز و گیتار حەزی ئەو تێر ناكەن، بۆیە لە تەمەنی 13 ساڵیدا دەست بۆ كەمان دەبات و خۆی فێری ژەنینی كەمان دەكات، ئیدی تاوەكو ئێستا دەستی لە كەمان بەرنەداوە.
 
ئازاد خۆشناو، لە ساڵی 1983 بووەتە ئەندامی كۆمەڵەی هونەرمەندان لە هەولێر، بۆ ماوەی چوار ساڵ لەم كۆمەڵەیە چالاكی هەبووە. پاشان بووەتە ئەندامی گرووپی میوزیكی میللیی هەولێر كە ئەوكات گەورەترین گرووپی میوزیكی بوو.
 
 ساڵی 1991 دەگەڕێتەوە شەقڵاوە و دەیەوێت خزمەت بەو شارە بكات كە تێدا لەدایكبووە، بۆیە یەكەم كاری ئازاد خۆشناو، لە شەقڵاوە دامەزراندنی گرووپێكی میوزیك دەبێت بەناوی گرووپی میوزیكی سەفین. ئەو لەبارەی گرووپی سەفینەوە دەڵێت: "كە گەڕامەوە شەقڵاوە، هەستم كرد ئەو شارە پێویستی بە گرووپی میوزیك هەیە، بەهرە و توانای هونەریی زۆر لەو شارەدا هەبوون، توانیمان هەموویان لەژێر چەتری گرووپی میوزیكی سەفین كۆبكەینەوە و تا ساڵی 1995 بەردەوام بووین لە چالاكی هونەری".
 
گرووپەكە لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا زۆر كاری بۆ هونەرمەندان كرد، بە تایبەتی تۆماركردنی سروودی نیشتیمانی بۆ هونەرمەندان. خۆشناو دەڵێت: "سروودەكان دژی شەڕی براكوژی بوون، هەروەها سروودێكمان بۆ شەهیدانی شەقڵاوە تۆمار كرد".
ئازاد خۆشناو وەكو سەتان كوردی دیكە بەهۆی شەڕی براكوژی و خراپیی رەوشی ئابووریی ئەوسای كوردستان لە ساڵی 1996 سەری خۆی بەرەو هەندەران هەڵگرت و لە ئەڵمانیا گیرسایەوە. دوای بەشداریكردنی لە چەند كۆرسێكی فێربوونی زمانی ئەڵمانی، چەند كۆرسێكی میوزیكیش وەردەگرێ‌، بۆ ئەوەی بە شێوەی ئەكادیمی كاری میوزیك بكات.
 
دوای وەرگرتنی كۆرسی میوزیك لە ئەڵمانیا، دەبێتە مامۆستای میوزیك لە یەكێك لە قوتابخانەكانی شاری كۆڵن، بەڵام هەست دەكات ئەم قوتابخانەیە كاتی زۆر دەگرێت و دووری دەخاتەوە لە میوزیك و گۆرانیی كوردی، بۆیە دەستبەرداری دەبێ، ئازاد خۆشناو دەڵێت: "دوای ئەوەی لەو قوتابخانەیە دەستم لە كار هەڵگرت، ئەلبوومێكی میوزیكم بەناوی ئاوازەكانی چیای كوردان بڵاوكردەوە كە دەنگدانەوەیەكی باشی هەبوو".
 
لەبارەی ئەو كۆرسانەی لە بواری میوزیك لە ئەڵمانیا بینیویەتی، ئازاد خۆشناو دەڵێت: "لە ساڵی یەكەمی نیشتەجێبوونم لە ئەڵمانیا توانیم بەشداری پێنج كۆرسی بەهێزی میوزیك بكەم كە لەسەر ئاستی زانكۆكانی ئەڵمانیا بوون، كۆرسەكان تایبەت بوون بە داڕشتنی هارمۆنی بۆ میلۆدی، هەروەها داڕشتنی ریتم و نۆتە نووسینەوە و گوتنەوەی وانەی میوزیك. زۆر سوودم لەم كۆرسانە وەرگرت، هەر ئەم كۆرسانەش بووە هۆی ئەوەی لە چوار ئۆركێسترای ناوداری ئەڵمانیا ببمە ئەندام كە لە هەموویان گەورەتر ئۆركێسترای Köln Orchestera Gesellschaft  بوو، لەگەڵ ئەوەشدا كاتی زیاترم بۆ گۆرانی و میوزیكی كوردی تەرخان كرد".
 
ئازاد خۆشناو، هەر تەنیا كاری لەسەر ژەنینی ئامێری كەمان نەكردووە، بەڵكو هەوڵیداوە پەرتووكی میوزیكی و راهێنانی میوزیك بنووسێتەوە، تاوەكو نەوەكانی داهاتوو سوود لەو كتێبانە وەربگرن بۆ فێربوونی ئامێری كەمان.
 
 ئازاد خۆشناو دەڵێت: "یەكەمین پەرتووكم بەناوی راهێنانی رۆژانە بڵاوكردەوە كە فێرخواز دەتوانێت فێری خوێندنەوە و نووسینەوەی نۆتەی میوزیك ببێت، پێكهاتووە لە 50 را‌هێنان كە سیدیشی لەگەڵە، ئەمەش وەك ئاسانكارییەكە بۆ فێرخواز".
 
ئەلبوومی ئاوازەكانی چیای كوردان لە 11 تراك پێكهاتبوون كە بەشێوەیەكی ئەكادیمی بە ئامێری كەمان كاری لەسەر كردبوو، یەكەمین تراكی بەناوی سڵاو بوو كە لە ئۆكراینا كاری كلیپكردنی بۆ كرابوو، تراكی دووەمی بەناوی دەنگارە بوو كە لە ئاوازی خۆیەتی و لە ئەڵمانیا كلیپی بۆ كراوە، سیپانێ خەڵاتێ سێیەمین تراكی ئەلبوومەكەیەتی كە لە ئاوازی خۆیەتی. چوارەمین تراكی ئەلبوومەكە بەناوی مەموزینە كە لە ئاوازی خۆیەتی و  لە ئەڵمانیا كلیپی بۆ كراوە، تراكی پێنجەمی بەناوی لێ لێ خەفشێ بوو، كە گۆرانییەكی محەممەد عارف جەزیرییە. مەزەدار یەكێكە لە میوزیكەكانی نێو ئەلبوومەكەی ئازاد خۆشناو كە گۆرانییەكی بەناوبانگی حەسەن زیرەكە و لە ئۆكراینا كلیپی بۆ كراوە.
 
ئازاد خۆشناو ئێستا ئەلبوومێكی نوێی بەدەستەوەیە و دەڵێت: "ئەلبوومێكی میوزیكم ئامادەیە بۆ بڵاوكردنەوە، جگە لەمەش هەشت سروودی نیشتمانیم ئامادەیە بۆ تۆماركردن، بەڵام بەداخەوە لەبەر ئاستەنگی ئابووری ناتوانم تۆماریان بكەم، هیوادارم كۆمپانیایەك یان دەزگایەكی حكومی سپۆنسەری كارەكانم بگرێتە ئەستۆی خۆی".
 
ئازاد خۆشناو جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئەو لە كارەكانیدا هەمیشە كار لەسەر دوو لایەن دەكات: لایەنی تیۆری كە نابێ میوزیكەكەی هیچ هەڵەیەكی تێدابێ و لایەنی دووەم دەبێ هەست و چێژی كوردەواری پێوە دیار بێ.
 
ئازاد خۆشناو زۆر نیگەرانە لەو زۆری بۆرییەی ئێستای هونەری میوزیك و گۆرانی كوردی و دەڵێت: "بەداخەوە لە كوردستان زۆری و بۆرییەكی زۆر كەوتووەتە نێو هونەری میوزیك و گۆرانی و بەرهەمێكی زۆر بڵاودەكرێنەوە كە لەڕووی ئاواز و دەنگ و رەسەنایەتی زۆر لاوازن، ئەمەش دیارە بەڕێوەبردنێكی باشتر و بەدواداچوونێكی زۆرتری دەوێ".