فیلمی The Party لە فێستیڤاڵی بەرلینالە نمایشکرا


رووداو- بەرلین

سێلی پۆتەر، دەرهێنەرێکی ناوداری بەریتانیە، ئەو لە  فیلمی كۆمیدی زە پارتی لە ماوەی ٧١ خولەكدا چیرۆكی فیلمەکە بە رەش و سپی دەگێڕێتەوە، فیلمێك  كە بەكۆمیدی چەندین  پەیامێكی پێیە.


لە سەر فەرشی سووری بەرلینالە سێلی پۆتەر، تایبەت بۆ رووداو دەڵێ "لە كاتە ناخۆشەكانیشدا مرۆڤ پێویستی بە خەندەیە".  

سێلی پۆتەر بەردەوام دەبێت و دەڵێت " ئەوە كۆمیدییە كە پێمان دەڵێت لە كاتە سەختەكانی ژیاندا پێویستیمان بە پێكەنین هەیە، هەڵبەتە ئێستا لە باروودۆخێكی سیاسی ناخۆشداین، بۆیە ئێستا لە هەموو کات زیاتر پێویستمان بە كۆمیدی و پێكەنینە. لە راستیدا فیلمەكە باسی ئاهەنگێک  دەكات، كە لە جیاتی خۆشی تێیدا بێت، کەچی ناخۆش زاڵ دەبێت  بەسەریاندا،  لەگەڵ ئەوەشدا فیلمەكە باس لە ئاهەنگە سیاسیەكان دەكات".
  
 فیلمی  زە ‌‌پارتی ،كە بە ئاهەنگێك دەست پێدەكات، بەڵام دواجار  هێدی هێدی بە هۆی گفتوگۆی سیاسی و كێشەی نێوان ژن و پیاو بەرەو ناخۆشی هەنگاو دەنێت، گۆڕانكارییەكان لە ماوەی ٧١  خولەكدا  بە خێرای روودەدەن، هەڵبەتە سێلی پۆتەر چیرۆكەكە وا باس دەكات  كە لە كۆتاییدا دەمانچەكە ئامانجی خۆی باشتر دەدۆزێتەوە. 
 
تیمۆسی سپال ، یەكێك لە ئەكتەری سەرەكی فیلمەكە ، دەربارەی رۆڵی خۆی بۆ رووداو دواو گوتی " من لە فیلمەکەدا رۆڵی بیلە دەبینم، ئەو  پیاوێكی زۆر باشە، بەڵام نهێنی  زۆر هەیە، دواتر نهێنیەكان هەموو ئاشكرا دەكات، بۆیە ئەمەش كێشەكان گەورەتر و زیاتر دەکات، ئەم رووداوانە وادەکەن فیلمەكە ببێتە كۆمیدیەكی رەش و كارەساتبار". 

پاتریسا كلاكسن،  كە تا ئێستا چەندین رۆڵی جیاوازی بەرجەستەکردووەو  براوەی چەندین خەڵاتە, وەك گۆڵدن گلوب، لە فیلمی زە پارتی یەکێکە لە ئەكتەرە سەرەكییەكان، لەمبارییەوە بەرووداوی راگەیاند "من ئاشقی فیلمەكەم، لەگەڵ ئەوەشدا ئاشقی سێلیم، ئەمڕۆ شتێكی زۆر خۆشە كە لێرەم،  لە ژیانمدا هەرگیز لە فیلیمێكدا بەشداریم نەكردووە، کە لەگەڵ هێندە ئەكتەری بە تواناو گەورە رۆڵ ببینم، بەراستی زۆر زۆر خۆشە".  

یەكەم نمایشكردنی ئەم فیلمە لە چالاكییەکانی  فێستیڤاڵی فیلمی بەرلینالە بوو، کە فەرشی سووری بەرلینالەش بۆ ئەکتەرەکانی ئەم فیلمە راخرا.