دوو هەفتەی دیکە هۆلیوود چالاکییە هونەرییەکانی دەستپێدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی ئاگرەکەی لۆس ئەنجلۆس، تاوەکو ئێستا 24 کەس گیانیانلەدەستداوە. سینەماکارێکی کورد دەڵێت "ئاگر لە هۆلیوود دوورکەوتووەتەوە و مەترسی نەماوە"، روونیشیکردەوە "سینەماکان داخراون و کارە هونەرییەکان وەستاون".
تەکین جەرگین، دەرهێنەری کورد لە هۆلیوود بەشداریی لە بەرنامەی "رۆژی هیوا جەمال" کرد، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "بەهۆی رەشەباوە نەتوانراوە ئاگرەکان کۆنتڕۆڵ بکرێن، بەڵام ئاگری لۆس ئەنجلس و نزیک هۆلیوود کۆنترۆڵکراوە و مەترسیی نەماوە".
لەبارەی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکان، ئەو سینەماکارە کوردە گوتی: "تاوەکو ئێستا نازانرێت ئاگرەکان بۆچی کەوتوونەتەوە، تەنانەت باس لەوە دەکرێت؛ دەستکرد بن، بەڵام هێشتا بە فەرمی ئەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە".
لۆس ئەنجلۆس، ناوەندێکی گرنگی سینەمای ئەمریکا و جیهانە، هۆڵیوود کە ناوەندی بەرهەمهێنانی فیلمە لە جیهاندا، دەکەوێتە نیو ئەو شارە، ئاگر لێی نزیک کەوتەوە، بەڵام کۆنتڕۆڵکرا، ماڵی چەندین ئەکتەری بەنێوبانگی ئەمریکیش لە لۆس ئەنجلس سووتاوە. هەزاران ئاگرکوژێنەوە لە رووبەری نزیکە 60 کیلۆمەتر چوارگۆشە رووبەڕووی ئاگرەکان بوونەتەو و دەیانەوێت کۆنتۆڵیان بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا کەمتر لە نیوەی ئاگرەکان کۆنترۆڵ کراون.
تەکین جەرگین، روونیکردەوە، "ماڵی چەندین هونەرمەند و سینەماکار و ئەکتەر سووتاوە". لەبارەی کارە هونەرییەکانیش، دەڵێت: "ئێستا ستۆدیۆکانی بەرهەمهێنانی فیلم وەستاون و کارە هونەرییەکان راگیراون، بەڵام بڕیارە دوو هەفتەی دیکە کارەکان دەستپێبکرێنەوە".
لە 7ـی کانوونی دووەمی 2025ـەوە، لە پێنج شوێنی جیاوازی کالیفۆرنیا ئاگر کەوتووەتەوە، بەتایبەتیش لە ناوچەکانی مالیبو و پالیسەیدن، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 24 کەس و بێسەروشوێنبوونی 16 کەسی دیکە، نزیکەی 200 هەزار کەسیش ئاوارەبوونە.
ئاگرەکە زیاتر لە 17 هەزار هێکتار دارستان، زیاتر لە 12 هەزار خانوو، باڵەخانە و ئۆتۆمبێلی سووتاندووە، بە گشتی زیانەکان بە بەهای 150 ملیار دۆلار دەخەملێندرێن.
خێرایی با یەکێکە لە کێشەکان کە رووبەڕووی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە دەبێتەوە، بەپێی پێشبینییەکانی کەش و هەوا، ئەم هەفتەیەش بایەکە خێراتر دەبێت. دوو کوشندەترین ئاگرەکان ئیتۆن و پالیسەیدن کە لە دوو ئاراستەی جیاوازەوە ناوچەکان دەسووتێنن.
لەو ژمارەیەی گیانیان لەدەستداوە، 16 یان بەهۆی ئاگری ئیتۆنەوە بوون، هەشت کەسیشیان بەهۆی ئاگرەکەی پالیسەید.
ئاگری پالیسەید تاوەکو ئێستا تەنیا 13٪ـی کۆنترۆڵکراوە و ئیتۆنیش کەمتر لە 30٪ـی.