رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی گرامی لە کاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت


رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی ئاگرکەوتنەوەی لۆس ئەنجلسی ئەمریکا، زۆربەی چالاکییە هونەرییەکان دواخران، بەڵام 67ـەمین رێوڕەسمی دابەشكردنی خەڵاتەکانی گرامی کە تایبەتە بە هونەری میوزیک و گۆرانی لەو وڵاتە، لە کاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت.
 
ئەکادیمیای تۆمار لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە خەڵاتەکە دەبەخشێت، رایگەیاند، رێوڕەسمی دابەشكردنی خەڵاتەکانی گرامی لە کاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت کە 2ـی شوباتی 2025ـە، بەڵام ئێستا هەوڵ بۆ کۆکردنەوەی پارە دەدەن بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگری دارستانەکانی کالیفۆرنیا. 
 
لەلایەکی دیکەوە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی هەڵبژاردەی رەخنەگران لە 12ـی کانوونی دووەمەوە بۆ 26ـی هەمان مانگ دواخرا.
 
هەروەها راگەیاندنی لیستی بەربژێرکراوان بۆ خەڵاتی ئۆسکار بۆ ماوەی یەک هەفتە دواخرا، بڕیارە لە 23ـی کانوونی دووەمی 2025 لیستەکە بڵاوبکرێتەوە، هۆکارەکەش درێژکردنەوەی دەنگدانی ئەندامانی بوو بۆ بەربژێرکراوانی ئەمساڵ.
 
لە 7ـی کانوونی دووەمی 2025ـەوە، لە پێنج شوێنی جیاوازی کالیفۆرنیا ئاگر کەوتووەتەوە، بەتایبەتیش لە ناوچەکانی مالیبو و پالیسەیدن، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 24 کەس و بێسەروشوێنبوونی 16 کەسی دیکە، نزیکەی 200 هەزار کەسیش ئاوارەبوونە.
  
ئاگرەکە زیاتر لە 17 هەزار هێکتار دارستان، زیاتر لە 12 هەزار خانوو، باڵەخانە و ئۆتۆمبێلی سووتاندووە، بە گشتی زیانەکان بە بەهای 150 ملیار دۆلار دەخەملێندرێن.
 
خێرایی با یەکێکە لە کێشەکان کە رووبەڕووی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە دەبێتەوە، بەپێی پێشبینییەکانی کەش و هەوا، ئەم هەفتەیەش بایەکە خێراتر دەبێت. دوو کوشندەترین ئاگرەکان ئیتۆن و پالیسەیدن کە لە دوو ئاراستەی جیاوازەوە ناوچەکان دەسووتێنن. 
 
لەو ژمارەیەی گیانیان لەدەستداوە، 16 یان بەهۆی ئاگری ئیتۆنەوە بوون، هەشت کەسیشیان بەهۆی ئاگرەکەی پالیسەید. 
 
ئاگری پالیسەید تاوەکو ئێستا تەنیا 13٪ـی کۆنترۆڵکراوە و ئیتۆنیش کەمتر لە 30٪ـی.