راگەیاندنی لیستی بەربژێرکراوانی ئۆسکار یەک هەفتە دواخرا
رووداو دیجیتاڵ
لە دوای ئەوەی دەنگدان لەسەر بەربژێرکراون بۆ خەڵاتی ئۆسکار درێژکرایەوە، رێکخەرانی رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکە، راگەیاندنی لیستی بەربژێرکراون بۆ هەفتەیەک دواخست.
ئەکادیمیای هونەر، زانست و وێنەی جوڵا کە خەڵاتی ئۆسکار دەبەخشێت، رایگەیاند، لیستەکە لە 23ـی کانوونی دووەمی 2025 بڵاودەکرێتەوە، ئەمەش بەهۆی بەردەوامبوونی ئاگرەکەی لۆس ئەنجلسە لە ئەمریکا.
بەهۆی ئەو رووداوە سرووشتییە کە زیانی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، رێکخەرانی دابەشکردنی خەڵاتەکە، دوو رۆژیان بۆ ئەندامانی درێژکردەوە بۆ دەنگدان و دیارییکردنی بەربژێرکراوان.
بڕیاربوو رۆژی هەینی 10ـی کانوونی دووەمی 2025 لیستی بەربژێرکراوانی ئۆسکار بڵاوبکرێتەوە، بەڵام دەنگدان بۆ بەربژێرکراون تاوەکو هەمان رۆژ درێژکرایەوە.
بەر لە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکار، نیوەڕۆخوانی ساڵانەی بەربژێرکراوان ئۆسکار بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئاگرکەوتنەوە، ئەم چالاکییەی هەڵوەشاندەوە.
بڕیاربوو لە 18ـی شوباتی 2025 لە رێوڕەسمێکدا خەڵاتەکانی ئۆسکار دابەشبکرێن، بەڵام ئەو وادەیەش گۆڕانکاری بەسەردا هات و بڕیارە لە 2ـی ئاداری 2025 لە شانۆی دۆڵبی بەڕێوەبچێت.
لە 2021 بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکار دواخرا، لە 1938ـیش بەهۆی لافاو لە لۆس ئەنجلسەوە، بۆ ماوەی یەک هەفتە دواخرا.
لە 1968 بەهۆی تیرۆرکردنی مارتن لۆسەر کینگ جۆنیور بۆ ماوەی دوو رۆژ دواخرا، لە 1981 بەهۆی تەقەکردن لە رۆناڵد رەیگن، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا، بۆ ماوەی 24 کاژێر دواخرا. لە 1981 ئەگەری دواخستنی هەبوو و چوار کاژێر بەر لە بەڕێوەچوونی بڕیاری لەبارەیەوە درا و بەڕێوەچوو.
ئۆسکار بە گرنگترین خەڵات لە هونەری حەوتەمدا دەناسرێت، ساڵانە لەلایەن ئەکادیمیای هونەر و وێنەی جوڵا پێشکێش بە باشترین بەرهەمی سینەمایی و تیمەکەیان دەکرێت.
خەڵاتی ئۆسکار لەلایەن جۆرج ستانلییەوە نەخشێندراوە کە لە شێوەی سێدریک گیبنسە، یەکەم رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکە لە 1929 بوو، لە 1930 بۆ یەکەمجار رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکە لە رادیۆ گواستراوەتەوە و لە 1953 بۆ یەکەمجار لە تەلەڤزیۆن پەخشکرا.
لە 7ـی کانوونی دووەمی 2025ـەوە، لە پێنج شوێنی جیاوازی کالیفۆرنیا ئاگر کەوتووەتەوە، بەتایبەتیش لە ناوچەکانی مالیبو و پالیسەیدن، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 24 کەس و بێسەروشوێنبوونی 16 کەسی دیکە، نزیکەی 200 هەزار کەسیش ئاوارەبوونە.
ئاگرەکە زیاتر لە 17 هەزار هێکتار دارستان، زیاتر لە 12 هەزار خانوو، باڵەخانە و ئۆتۆمبێلی سووتاندووە، بە گشتی زیانەکان بە بەهای 150 ملیار دۆلار دەخەملێندرێن.
خێرایی با یەکێکە لە کێشەکان کە رووبەڕووی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە دەبێتەوە، بەپێی پێشبینییەکانی کەش و هەوا، ئەم هەفتەیەش بایەکە خێراتر دەبێت. دوو کوشندەترین ئاگرەکان ئیتۆن و پالیسەیدن کە لە دوو ئاراستەی جیاوازەوە ناوچەکان دەسووتێنن.
لەو ژمارەیەی گیانیان لەدەستداوە، 16 یان بەهۆی ئاگری ئیتۆنەوە بوون، هەشت کەسیشیان بەهۆی ئاگرەکەی پالیسەید.
ئاگری پالیسەید تاوەکو ئێستا تەنیا 13٪ـی کۆنترۆڵکراوە و ئیتۆنیش کەمتر لە 30٪ـی.