فیلمێک لەبارەی ئێمی واینهاوس بەرهەمدێت

رووداو دیجیتاڵ

ماریسا ئابێلا، ئەکتەری ئەمریکی لە فیلمێکی سینەماییەدا رۆڵی ئیمی واینهاوس، گۆرانیبێژ و ئاوازدانەری کۆچکردووی ئەمریکی دەگێڕێت.
 
وێنەیەکی ئابێلا بڵاوکراوەتەوە کە هاوشێوەی واینهاوسە و فیلمەکە لەلایەن کۆمپانیای ستۆدیۆ کاناڵ بڵاودەکرێتەوە و فیلمەکە بەناوی 'Back to Black'ـە و لە دەرهێنانی تایلەر جۆنسنە.
 
وێنەگرتنی فیلمەکە لە 16 ئەم مانگە لە لەندەن دەستپێدەکات و ماریسا ئابێلا رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت کە پێشتر رۆڵی لە زنجیرەی تەلەڤزیۆنی 'Industry' گێڕاوە.
 
ئەوانەی خاوەندارییەتی بەرهەمەکانی ئێمی واینهاوس دەکەن، لەبارەی بەرهەمهێنانی فیلمەکە رایانگەیاندووە، ئەوان دڵخۆشن بە بەرهەمهێنانی فیلمێک لەبارەی ئەو گۆرانیبێژە لەلایەن کۆمپانیای ستۆدیۆ کاناڵ و بەهرەکەی بەشێوەیەک پێشان دەدەن کە شایەنیەتی.
 
ئێمی واینهاوس، لە 1983 لە ئەمریکا لە دایکبووە، وەک گۆرانیبێژێکی ریتمی خاو و ئاڕ ئاند بی ناسراوە، لە رێگەی گۆرانی 'Rehab' ناوبانگییەکی جیهانی پەیداکرد، لە 23ـی تەممووزی 2011 لە تەمەنی 28 ساڵیدا کۆچی دواییکرد و بە پێی لێکۆڵینەوەکان بەهۆی ژەهراویبوون بە کهولەوە گیانی لەدەستداوە.