دانیمارک بە 100 هەزار کرۆن هەڵکەوت مستەفا خەڵات دەکات

رووداو- هەولێر

لە رێورەسمێكی تایبەتدا لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج، بە ئامادەبوونی سینەماکاران و هونەرمەندانی سکاندەناڤیا، هەڵکەوت مستەفا دەرهێنەری کورد بە بڕی 100 هەزار کڕۆنی نەرویجی خەڵاتی رێزلێنانی پێشکەشکرا.

لەمبارییەوە هەڵکەوت مستەفا بە رووداوی راگەیاند "کۆمپانیای نوردیسک فیلمی دانیمارکی، کە بە کۆمپانیای ورچەکە ناسراوە، ساڵانە لە وڵاتانی سکاندەناڤیا دەرهێنەرێک بە بری 100 هەزار کرۆنی نەرویجی خەڵات دەکات، کە خەڵاتەکەش لەلایەن کۆمیتەیەکی حەوت کەسیەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت، کە بەو سینەماکارانە دەبەخشێت کە بەرهەمێکی باش و داهێنانی نوێ پێشکەش کردبێت."

سەرۆکی کۆمیتەکە لە کاتی پێدانی خەڵاتەکە بە هەڵکەوت مستەفا رایگەیاند، کەئەم خەڵاتە بۆیە دەدرێت بە هەڵکەوت، چونکە چیرۆکێکی تەواو جیاوازی لە رێگەی دوو ئەکتەرەوە پێ ئاشنا کردین، کە بە قوڵی بەرێگایەکی مەترسیدار کە پێشتر نەمانبینوە لەگەڵ خۆیان سەفەریان پێکردین.

هەڵکەوت مستەفا بە فیلمی کلاسیکۆ توانی سەرنجی ناوەندە هونەرییەکانی جیهان رابکێشێت و بەدەیان خەڵاتی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنێت و بگاتە زۆربەی فێستیڤاڵە جیهانییەکان.