ئیلیانە باهۆز سێیەم کتێبی چاپ و بڵاوکردەوە


رووداو دیجیتاڵ 

کچە نووسەر ئیلیانە باهۆز مستەفا، سێیەم کتێبی خۆی چاپ و بڵاوکردەوە کە باسی ژیانی سەرکردەی مێژوویی فەرەنسی ناپلیۆن پۆناپارت دەکات.
 
ئیلیانە باهۆز مستەفا، لەبارەی کتێبەکەیەوە بە رووداوی گوت، "کتێبی (ناپلیۆن کێ بوو؟) باسی ژیانی ناپلیۆن دەکات، لە منداڵییەوە تاوەکو مردن، لە رووی سیاسی، کۆمەڵایەتی و جەنگاوەرییەوە."
 
ئیلیانە گوتی، "کتێبەکە لەلایەن نووسەری ئینگلیزی جیم جگلیۆتی-یەوە نووسراوە و وەرگێڕانەکەی 79 لاپەڕەیە، سەمیرە تۆفیق، پێیدا چووەتەوە و دەروا خەلیل، دیزاینی کردووە و لەسەر ئەرکی باوکم (باهۆز مستەفا) چاپم کردووە." 
 
ئیلیانەی تەمەن 17 ساڵان، پێشتر دوو کتێبی دیکەی بە ناونیشانەکانی (نهێنییە شاراوەکان و بنیامین فرانکلین) چاپ و بڵاوکردووەتەوە کە ئەوانیشی لە زمانی ئینگلیزییەوە کردبوون بە کوردی. 
 
ئیلیانە باهۆز مستەفا، ساڵی 2006 لە ئەڵمانیا لەدایکبووە و ئێستا لە هەولێر دەژی و پۆلی 12ـی ئامادەییە، جگە لە زمانی دایک، زمانەکانی ئینگلیزی و ئەڵمانی دەزانێت.