رووداو دیجیتاڵ
داواکارانی گشتی داوا لە دادوەری دادگەی مانهاتنی ئەمریکا دەکەن، هارڤی واینستن، بەرهەمهێنەری سینەمایی ئەمریکی، لەبارەی دوو دۆسیەی دەستدرێژی سێکسی دادگەیی بکرێت، بەڵام پارێزەرانی داوا دەکەن، دادگە لەبارەی هەر دۆسیەیەک بە جیا بڕیار بدات.
بیانوی داواکارانی گشتی بۆ ئەو داوکارییە بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، هەردوو دۆسییەکە هەمان یاساکانی تاوان، شایەتحاڵ و بەڵگە لەخۆدەگرێت.
ئاماژەیان بۆ ئەوەشکردووە، بەڕێوەچوونی دوو دادگەییکردنی جیاواز بۆ دوو دۆسیەکە "کاریگەر نابێت و تێچووی زۆر دەبێت".
واینستن (72 ساڵ) دوو تۆمەتی دیکەی دەستدرێژی سێکسی لە 2020 ئاڕاستەکراوە، هەرچەند ئەمساڵ دادگە دوو تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بەڵام دووبارە سکاڵای لەسەر تۆمارکرایەوە و دۆسیەکە بەڵگەی نوێ لەخۆدەگرن.
ئەیلوولی 2024، واینستن بێتاوانی خۆی لە دادگە سەلماند کە ژنێک تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی لە 2006 خستبووە پاڵ.
ئەو بەرهەمهێنەری سینەماییە لە 2022 لە لۆس ئەنجلس، بە تۆمەتێکی دیکەی دەستدرێژی سێکسی بە بڕیاری دادگە دەستگیرکرا، بەڵام پارێزەرانی پەنایان بردە بەر دادگە تێهەڵچوونەوە.
پێشتر ژمارەیەکی زۆر لە ژنان بە تایبەتیش ئەوانەی لە بواری سینەمادا کار دەکەن، تۆمەتی دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسیان دایە پاڵ واینستن، دیارترینیان هەردوو ئەستێرەی هۆلیوود ئەنجلینا جولی و سەلما حایک بوون.
تۆمەتبارکردنی واینستن لە 2017ـەوە لە رێگەی راگەیاندنی بزاڤی "Me Too" بوو کە بەهۆی باڵادەستیی لە پیشەسازی سینەمادا لە هۆلیوود، گوایە ئەو کارانەی کردووە.
هارڤی واینستن لە 19ـی ئازاری 1952 لە ئەمریکا لە دایکبووە، لەگەڵ براکەی بۆب واینستن، کۆمپانیای "Miramax"ـی دامەزراند و چەندین فیلمی سینەمایی سەرکەوتووی بەرهەمهێنا، لەوانە فیلمی "Videotape" لە 1989، فیلمی "The Crying Game" لە 1992، فیلمی "Pulp Fiction" لە 1994، فیلمی "Flirting with Disaster" لە 1996 و فیلمی "Shakespeare in Love" لە 1998.
لە 2005 کۆمپانیایەکی دیکەی لەگەڵ براکەی بەناوی "The Weinstein Company" دامەزراند و تاوەکو 2017 کاری کرد و ستۆدیۆیەکی بەرهەمهێنانی فیلمی لەخۆگرتبوو.
واینستن، لە تشرینی یەکەمی 2017 بە تۆمەتی دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسی لە کۆمپانیاکە دوورخرایەوە، لە هەمانکاتتدا لە ئەکادیمیای هونەر و زانستی فیلمی جوڵاو دەرکرا.
تاوەکو 31 تشرینی یەکەمی 2017 زیاتر لە 80 ژن واینستنیان تۆمەتبارکرد، بەهۆیەوە کەمپینی "MeToo" لە دژی دەستدرێژیکردنە سەر ژنان بە بەرفراونی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرایەوە و کاری لەسەر کرا.
واینستن، بەهۆی ئەو تۆمەتانەوە لە ئایاری 2018 لە نیویۆرک دەستگیرکرا و لە شوباتی 2020 بەهۆی پێنج تاوانەوە بڕیاری زیندانیکردنی بۆ دەرچوو، لە دوای زیندانیکردنیشی بۆ ماوەی 23 ساڵ، سکاڵاکان لەسەری بەردەوامن.
بەهۆی بە تەمەندا چوونی هارڤی واینستن و نەخۆشکەوتنی، ئێستا لەسەر کورسییە و چەند جارێکی دیکە لە دادگا ئامادە بووە، بەڵام توانای وەستان لەسەر قاچەکانی نەبووە.
لە ئازاری 2020 لە زینداندا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو و باری تەندروستیی تێکچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ