'بیرئانین'ـی ئاینور دۆغان لە نێو سرووشتی چۆمان و رواندز


رووداو دیجیتاڵ

"بیرئانین" ناوی نوێترین بەرهەمی ئاینور دۆغان، هونەرمەندی کوردە و تۆڕی میدیایی رووداو، کاری ڤیدیۆکلیپی بۆ گۆرانییەکە کردووە.
 
ئەم بەرهەم نوێیە لە تێکست، ئاواز و دابەشکردنی میوزیکی گۆرانیبیژ خۆیەتی و ئامێری تەمبووری تێدا ژەنیوە. 
 
دیمەنی ڤیدیۆکلیپەکە لە سنووری چۆمان و رواندزی باشووری کوردستان وێنەگیراوە، سامان عەدنان کاری دەرهێنانی بۆ کردووە و محەممەد گەردی وەک بەرپرسی ئۆپەرەیشن؛ کاری بۆ کردووە. 
 
کاری وێنەگرتنی کلیپەکە، لەلایەن دڵشاد ئیبراهیم، ئارام عومەر، جوان فەرهاد، کارزان جەمیل (جیمی) و بڵند تاهیر (درۆن) کراوە. 
 
مۆنتاژی بەرهەمەکە لەلایەن شکار کەمال، بڕوا عومەر کاری رەنگ، رووناکی لەلایەن عەبدولقادر ناجی و مەیکئەپ لەلایەن کوردستان عەلی کراوە.
 
ڤیدیۆکلیپی گۆرانییەکە لە یوتیوبی رووداو ستریم و کەناڵی تایبەتی ئاینور دۆغان لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە. 
 
ئاینور دۆغان، لە 1975 لە دێرسمی باکووری کوردستان لەدایکبووە، لە 1992 لەگەڵ ماڵباتەکەی چوونەتە ئیستەنبووڵ، جگە لە گۆرانیگوتن، ئاوازدانەر و تێکستنووسی گۆرانییە، لە 2021 لەلایەن پێشانگەی نێودەوڵەتیی میوزیکی جیهانی، وەک هونەرمەندی ساڵ هەڵبژێردرا و خەڵاتکرا.
 
ئەو هونەرمەند خاوەنی حەوت ئەلبوومی گۆرانییە، یەکەم ئەلبوومی گۆرانیی لە 2002 بڵاوکردوەوە، لە 2004 ئەلبوومێکی بەناوی "کەچا کوردان" بڵاوکردەوە و دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆێدا هێنا و هۆکاری بەناوبانگبوونی بوو، بەڵام لە 2005 تراکی گۆرانیی "کەچا کوردا" لە ئەلبوومەکەدا، لە تورکیا قەدەخەکرا.