پەیامی عەبدوڵڵا پەشێو بۆ كۆبانێ
رووداو- هەولێر
شاعیری ناوداری كورد عەبدوڵڵا پەشێو پەیامێك بۆ كۆبانێ دەنووسێت و دەڵێت، كۆبانێ یەكەم رستەی بۆ مێژووی تازە تۆماركرد و بووە كاراترین كارگەی نەتەوەسازی.
دەقی پەیامەكە:
مانیفێستی کۆبانێ
برینی شنگال شەو و ڕۆژ دەتریوێنێ.
دەشێ ڕۆژێک لە ڕۆژان ژانەکەی لە زیڕە بکەوێ، بەڵام قەت ناشێ ساڕێژ بێ.
وێنەی سەر شاشەکان مێردەزمەن، شەوان لێت وەژوور دەکەون،
سواری سەر سنگت دەبن و چەمۆڵەت لێ دەنێن.
ئێستاش، دوای شنگال، جەستەمان شەبەقی برینێکی نوێی تێ بووە، برینی کۆبانێ. شیروەشێن، هەمان شیروەشێنە، جەستە هەمان جەستەیە و خوێنەکەش هەر هەمانە، بەڵام ئێشەکەیان جودایە. ناتوانم باسی ئەو جیاوازییە بە زمانی سەربازی، زانستی یا لێکدانەوەی لۆژیکی بکەم، هەر ئەوەندە دەڵێم، شنگال خاڵێکی لەو جێیە دانا، کە ئەخلاقسزیی سیاسی گەیشتە لووتکە و کۆبانێش یەکەم ڕستەی بۆ مێژوویەکی تازە تۆمار کرد و بووە کاراترین کارگەی نەتەوەسازی.
***
لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا، چاخێک تێپەڕی و بەراییی چاخێکی نوێ پشکووت.
هەموو ڕۆژێ دەمەوێ داستانێک بنووسم لەسەر کۆبانێ... سارد دەبمەوە.
چما داستان لەسەر داستان دەنووسرێ؟
دەمەوێ، بۆ چەند پەیڤێک، پەنا ببەمە بەر ئەفسانە، چەند پەیڤێک، کە شایانی بەژنی کۆبانێ بن، بەڵام کۆبانێ خۆی بووە بە ئەفسانە و پێویستی بە ئەفسانەنووس نییە!
***
سەدان ساڵ شۆڕەسوارانی ڕۆژهەڵات ببوونە کۆنە مەرەکەبی سەر کاغەز و تەنیا بە خەیاڵی ڕۆژهەڵاتناساندا دەهاتن، کەچی ئەوەتا، نەوەی میدییەکان، هەسپی مێژوویەکی تازەیان زین کردووە و بەرەو ئاسۆیەکی هەزارڕەنگی لینگ دەدەن.
ئەو سوارانەی من باسیان دەکەم لە ڕەگەزێکی دیکە و لە تیرەیەکی دیکەن.
پێشتر نەمانبینیون، نەمانناسیون.
ئاخر، ئەوانەی پێشتر یا لەناو تۆز و غوماری سەرپەڕێنەکانی سەدەی حەفتەمدا ون بوون،
یا شاعەباسێک ڕایپێچان سەرحەدەکانی بۆ بپارێزن، یا لووسکەیەکی جەنگیزخان بە مەیتەر لە ئاستانە دایمەزراندن،
یا بوونە فشەحیزبی خۆخۆری بێ پڕۆژە و ستراتیژ، حیزبی سایکسبیکۆپەرست و لۆزاندۆست و بتەوان و موفاوەزاتچیی بودجە.
***
ئەوانەی من باسیان دەکەم لە ڕەگەزێکی دیکە و تیرەیەکی دیکەن: کیژگەل و کوڕگەلی کۆبانێن، ئەوانەن، کە چاویان بریسکەی ئاتەشگەکانی بابوباپیرانی تێدایە، ئادگاریان پڕاوپڕە لە گزنگی گاتاکانی زەردەشت.
ئەمانە کۆتاییان بە مێژووی هەڵاتهەڵات و ڕاکەڕاکە و نووزانەوە و شەڕەپەڕۆ و ئاڕئاڕ و قاچاخچییاتیی سنووران هێنا.
ئەمانە لە ڕەگەزێکی دیکە و تیرەیەکی دیکەن.
ئەمانە سەرەتای قڕبوونی سەرکردەی بندیوار و سکرتێری بندیوار و وەزیری بندیوار و ڕاوێژکاری بندیوار و جەنەراڵی بندیوار و هەموو شتێکی بندیوارن.
ئەوانە، ئەو جگەرگۆشانەی من، بە زگی قۆپاو و رەنگی پەڕیو و کلاشینکۆفی سەدەی ڕابردوو، بەرامبەر تانک و زرێپۆش، بەرامبەر تاعوونی ڕەش و قاسەی پڕی نەوتفرۆشان چەقیون و بە دنیادا جاڕ دەدەن، دەڵێن:
نا، ئێمە لە قەڵای دمدم داناگەڕێین، بە فتوایەک پایتەختی سۆران جێناهێڵین و ناچینە خزمەت سوڵتان. هەزار گفتولفتی شیرینی شای ئێران تەفرەمان نادا و نامانباتە بەر سێدارەی چوارچرا. ئێمە هەزار پەیمانی جەزایر بە قرۆشێک ناکڕین. ئێمە لە ڕەگەزێکی دیکە و تیرەیەکی دیکەین.
***
تەماشایان دەکەم، جارێک و دووجار و دە جار... لە پڕمەی گریان دەدەم.
نازانم گریانەکەم هی خۆشییە، یا نیشانەی پێشبینییەکی تاڵ، یا هی هەردووکیانە؟ ئەوان بە زەردەخەنەیەک دڵم دەدەنەوە، حاڵیم دەکەن، کە ڕۆژی سایکسبیکۆپەرستان و پیرەجامبازانی موفاوەزاتچی تەواو. لەمەولا، کێ زات دەکا، ئەو سنوورە حەرامزادانە بە سنوور بزانێ؟ کێ زات دەکا بڵێ کوردستانی عێراق، کوردستانی ئێران، کوردستانی تورکیا، کوردستانی سووریا، کوردستانی جیبۆتی و جڕتاوە؟ کێ... ؟
مەگەر هەتیوچەکانی "کڵاوڕەش و کڵاوسوور"،
مەگەر ئەوانەی، لە سەدەی بیستویەکەمدا، بە ئەقڵییەتی موختاری گوند دەوڵەت بەڕێوە دەبەن، ئەوانەی بە دووربین تەماشای ئەوپەڕی دنیا دەکەن، کەچی بە زەڕەبینیش بنپێی خۆیان نابینن!
***
جەیلان، ئەو تەوارەی لە توخمی هەڵۆیانی زاگرۆس بوو،
ئەوەی لەگەڵ گوللە ژوانی دانا،
چما هەر جەستەی گوڵبەدەمی خۆی پێکا؟
نا، ڕابردوویەکی پڕ لە شەرمەزاری و سنووری حەرامزادەی سیمالکەشی پێکا.
ئارین، ئەو پڵنگەکیژەی، لەباتی دەستی یار، ئاگربەندی لە کەمەری خۆی ئاڵاند،
چما هەر بۆ ئەوە جەستەی پیرۆزی خۆی ئاگر دا ڕەوەئەسپێخۆرێک بۆ دۆزەخ ڕادا؟
نا، ئەو لەگەڵ خۆیدا خەندەقی براکوژان و شەڕەپەڕۆی بەرەبابان و تانکەری قاچاخچییانیشی ئاگر دا.
ئەمانە، کوڕینە، لە ڕەگەزێکی دیکە و لە تیرەیەکی دیکەن!
عەبدوڵڵا پەشێو
هێلسنکی ١٢/١٠/٢٠١٤
_________________________________________
* لە بەیتێکدا حەزرەتی حاجی قادر دەفەرموێ:
لە مابەینی کڵاوسوور و کڵاوڕەش/ پەرێشان و دیارن میسلی گای بەش
مەبەستی لە دەوڵەتی عوسمانی (کڵاوسوور) و سەفەوییە (کڵاوڕەش).
دەقی پەیامەکە بە پی دی ئێف