تاتڵیسێس دوای 9 ساڵ بە "ئیبۆ شۆو" دەگەڕێتەوە سەر شاشە

13-09-2020
ساهیرە سدیق
ساهیرە سدیق
نیشانەکردن ئیبراهیم تاتڵیسەس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای دابڕانێکی نۆ ساڵە، ئیبراهیم تاتڵیسێس گۆرانیبێژی ناوداری باکووری کوردستان و تورکیا دەگەڕێتەوە سەر شاشە و دەست بە بەرنامەی ئیبۆ شۆو دەکاتەوە.
 
ئیبراهیم تاتڵیسێس بەهۆی ئەو هێرشەی لەساڵی 2011 کرایە سەری لە گۆرانی و کۆنسێرت و بەرنامە تەلەڤزیۆنییەکانی دوورکەوتووەتەوە، بەڵام ئێستا ئامادەکاری دەکات بۆ دووبارە گەڕانەوە بۆ سەر شاشەکان و، بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا لەبەرنامەی ئیبۆ شۆو دەربکەوێتەوە.
 
تاتڵیسێس بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە کە بەمنزیکانە دەردەکەوێتەوە و دەڵێت، "رەنگە بەمنزیکانە بەرنامەکە دەستپێبکات، خەڵک ئەوەیان دەوێت، ئەوان دەڵێن تەنها دانیشە، منیش تەنها دانانیشم بەڵكو گۆرانیش دەڵێم ، چونکە دەنگم ئیفلیج نەبووە".
 
ئیبۆ شۆو بەرنامەیەکی هونەری بوو کە ئیبراهیم تاتڵیسێس بەشێوەی هەفتانە پێشکەشی دەکرد و لە هەر بەرنامەیەکدا هونەرمەندێک یان کۆمەڵێک هەنەرمەند دەبوونە میوانی.
 
ئیبراھیم تاتڵیسێس، لە ساڵی 1952 لە شاری رووهای باکووری کوردستان لەدایکبووە، گۆرانیبێژ و ئەکتەرە، 42 ئەلبوومی گۆرانی بڵاوکراوەی ھەن، ماوەیەکی زۆر پێشکەشکاری بەرنامەیەکی بەناوبانگی تەلەڤزیۆنی بەناوی "ئیبۆ شۆ" بوو.

 

ئیبراهیم تاتڵیسێس
 
تاتڵیسێس لە ساڵی 2011 لە ناوچەی شیشلی لە شاری ئیستەنبووڵ لەلایەن چەند چەکدارێکەوە بریندارکرا، فیشەکێک بەر مێشکی کەوت و تووشی ئیفلیجی بوو، تاوەکو ئێستاش چەندین نەشتەرگەریی قورسی بۆ کراوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە