دەشنێ موراد بۆ (رووداو): چیای سەفین پاك دەكەمەوە

13-09-2013
ئەڤین سەڵاح
نیشانەکردن دەشنێ موراد
A+ A-
رووداو- هەولێر

مانگی رابردوو، هونەرمەند دەشنێ موراد لەگەڵ چەندین هونەرمەندی دیكەی ئەمریكی و ئەوروپی  بەشداری گەورەترین  فێستیڤاڵی "موزیك توور"ى كرد كە لە بەیروتی پایتەختی لوبنان سازكرابوو. دەشنێ موراد لەو فێستیڤاڵەدا  دوو گۆرانی ئینگلیزی گوت و بەشداربووانی سەرسام كرد، ئەو فێستیڤاڵە لە لایەن رادیۆی NRJ ی لوبنانی رێكخرابوو.

رووداو: چۆن بوو بەشداریت لەو فێستیڤاڵەدا كرد؟
دەشنێ: ماوەیەكی زۆر لە شاشەی كەناڵە لوبنانیەكانەوە گۆرانی (open your eyes) “چاوەكانت بكەوە” لێدەدرا و خەڵكێكی زۆر بەهۆی ئەو گۆرانییەوە منیان ناسی. بۆیە لەلایەن رادیۆی NRJ میوزیك بانگهێشت كرام بۆ ئەوەی لەگەڵ چەند هونەرمەندێكی جیهانی بەشداری لەو فێستیڤاڵەدا بكەم، ئەوە خەونێكی گەورەی من بوو هاتەدی كە گۆرانی لەگەڵ هونەرمەندانی جیهانی بڵێم.

رووداو: ئەو فێستیڤاڵە تا چەند كاریگەری هەبوو لەسەر ناساندنی تۆ؟
دەشنێ: پێش هەموو شتێك من دەبێت دڵی جەماوەر خۆش بكەم، من ماوەكەم تەنیا 5 خولەك بوو، لەو ماوەیەدا توانیم بڵێم كوردستان وڵاتێكە دوورە لە توندڕەوی و تێرۆر، وڵاتێكە لوبنانی خۆشدەوێت و لوبنانیش كوردستانی خۆشدەوێت، ئەم هەفتەیە لە تۆڕی كۆمەڵاتی ئینستەگرام (INSTAGRAM) پۆستێكم كرد بۆ ئەوەی هەموو خەڵك بزانێت كە ئێمە نموونەیەكی ئازادین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

رووداو: دوای ئەو فێستیڤاڵە داوات لێ نەكراوەتەوە كە بەشداری فێستیڤاڵ و كۆنسێرتی دیكە بكەی؟
دەشنێ: لەبەر ئەوەی ئێستا وەرزی فێستیڤاڵ تەواو بووە جارێ هیچ چالاكییەكی لەو جۆرە نییە، بەڵام بۆ وەرزی داهاتوو چاوەڕێی فێستیڤاڵێكی گەورەین لە ئەوروپا.

رووداو: گۆرانی (take me home) “بمبەوە بۆ ماڵەوە” كە ماوەیەكی كەمە بڵاوكراوەتەوە چۆن پێشوازی لێكرا لەلایەن خەڵكەوە؟
دەشنێ: گۆانی (take me home) كە بە هاوبەشی لەگەڵ گرووپی (لێ دینێ) گوتوومە، پێشوازییەكی باشی لێكرا، لێرەوە زۆر سوپاسی VINTV دەكەم كە بەرهەمی ئەوانە و زۆر سوپاسی BMB گرووپ دەكەم كە بوونە سپۆنسەر.

رووداو: سەرەتای دەركەوتنت بەهۆی ئاوازدانەر هەڵكەوت زاهیر بوو، بەڵام ئێستا لەگەڵ ئەو كار ناكەیت، بۆچی؟
دەشنێ: لای هەڵكەت زاهیر توانیم گەشە بكەم و لە كوردستان وەك هونەرمەندێك بناسرێم، بەڵام ئێستا هەوڵدەدەم لەسەر پێیەكانی خۆم بوەستم و ماوەی دوو ساڵە سەربەخۆم و بەتەنیا كار دەكەم، ئێستا وەك هەموو كەسێك پەیوەندییەكی ئاساییمان هەیە، بەڵام پەیوەندی هونەریمان نییە.

رووداو: ماوەیەك پێش ئێستا وێنەیەكت بەبێ مكیاج بڵاوكردەوە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك، مەبەستت لە بڵاوكردنەوەی ئەو وێنەیە چی بوو؟
دەشنێ: حەزم كرد ئەو وێنەیە پێشانی ئەو كەسانە بدەم كە دەیانگوت دەشنێ بەس بەمكیاج و فۆتۆشۆپ خۆی دەردەخات، منیش گوتم ئەگەر دەتانەوێت بەبێ مكیاج بمبینن فەرموون ئەوە منم بێ مكیاج و فۆتۆشۆپ.

رووداو: لەنێو هونەرمەندانی كوردستان گرفتی زۆر هەیە و پەیوەندی نێوانیان لاوازە، تۆ پەیوەندیت چۆنە لەگەڵ هونەرمەندان؟
دەشنێ: گرفتم لەگەڵ هیچ هونەرمەندێك نییە، بەڵام زۆر لەگەڵیان تێكەڵ نیم، حەز دەكەم هەمیشە هاوكاری یەك بین و كاری باش و تازە ئەنجام بدەین پێكەوە، ئێستا پەیوەندییەكی زۆرباشم لەگەڵ هونەرمەندی زۆر خۆشەویست كاروان كامل هەیە.

رووداو: بۆچی گۆرانییەكانت بۆ تەمەنێكی دیاریكراون و دەڵێی بۆ گەنجانن، بیرت لە گوتنی گۆرانییەك نەكردووەتەوە كە پیرەكانیش گوێی لێبگرن؟
دەشنێ: ناتوانم گۆرانییەك بڵێم كە منداڵی تەمەن یەك ساڵ تاوەكو پیرێكی 80 ساڵی گوێی لێ بگرن، شتی وا زۆر ئەستەمە، چونكە ستایلی من (پۆپ)ە، پۆپیش بۆ تەمەنێكی دیاریكراوە كە گەنجان دەگرێتەوە و حەزی پێدەكەن.

رووداو: دوا پڕۆژەت چییە؟
دەشنێ: ئێستا لەگەڵ چەند هونەرمەندێكی هۆڵەندی سەرقاڵی ئامادەكردنی سێدییەكم كە سەرجەم گۆرانییەكانی ئینگلیزین و چەند كاریگەرییەكی كوردی تێدایە لە رووی میلۆدی و دەنگەوە، بەڵام بەشێوەیەك كە ئەوروپیش قبوڵی بكات و لای شتێكی نامۆ نەبێت، بەپشتیوانی خوای گەورە دوای سەری ساڵی تازە بڵاودەبێتەوە، جگە لەوە لەگەڵ رێكخراوێكی ئافرەتان بە ناوی (واین) كە چەند ئافرەتێكی خاوەن بڕوانامەی باڵان دەچینە چیای سەفین و پاكی دەكەینەوە.

دەشنێ موراد

- لە ساڵی 1986 لە سلێمانی لەدایكبووە.
 - لە ساڵی 1997 لەگەڵ خێزانەكەی چووەتە هۆڵەندا.
- لە تەمەنی 16 ساڵی لەگەڵ گرووپێكی سەما كاری كردووە
- بۆ ماوەی 2 ساڵ نمایشكاری جلوبەرگ بووە
- لە كوردستان تیڤی ئامادەكار و پێشكەشكاری بەرنامەی بێ كۆنترۆڵ بووە.
- دواتریش لە رێگەی بەرنامەكانی “دەشنێ شۆ” و “كۆڕەك ستار”ی كەناڵی كۆرەك تیڤییەوە درێژەی بەكاری راگەیاندن داوە.
- ئێستا لە كوردستان تیڤی پێشكەشكاری بەرنامەی شەپۆلەكانی ژیانە







کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە