مەم ئارارات دوو بەرهەم لە دوایین کۆنسێرتی لە ئیستەنبووڵ بڵاودەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

هونەرمەند مەم ئارارات، لە کۆنسێرتی نیسانی ئەمساڵی لە ئیستەنبووڵ، چەند بەرهەمێکی بەشێوەی ڤیدیۆ بڵاوکردووەتەوە و دوێنێ شەممە 12ـی نیسانی 2023 دوو بەرهەمی دیکەی بڵاوکردەوە.
 
یەکێک لەو بەرهەمانەی لە کەناڵی تایبەتی مەم ئارارات لە یوتیوب بڵاوکراونەتەوە، گۆرانی 'خاچرێک'ـە کە لە تێکست و ئاوازی خۆیەتی.
 
بەرهەمی دووەم بەناوی 'بیرئانین'ـە کە لە تێکست و ئاوازی هونەرمەند خۆیەتی و لە 28ـی نیسانی ئەمساڵ لە کۆنسێرتێکدا لە ئیستەنبووڵ پێشکێشی کرد.
 
ئەو هونەرمەندەی باکووری کوردستان، بڕیارە لە ئەمڕۆ لە شاری ئیزمیر، لە 21 ئەیلوول لە شاری دەنیزلی و لە 22 ئەیلوول لە ئانتاڵیای تورکیا کۆنسێرت سازبکات.
 
ئارارات، لە 28ـی نیسانی ئەمساڵ کۆنسێرتێکی لە ئیستەنبووڵ سازکرد و بە هەزاران هەواداری ئامادەبوون و بەشێکی لە کەناڵی تایبەتی خۆی لە یوتیوب بڵاوکردەوە، ئەمەش یەکێک لە زنجیرە کۆنسێرتەکانی ئەو هونەرمەندەیە کە ئەمساڵ لە تورکیا و باکووری کوردستان سازی کردوون.
 
هەر لەو کۆنسێرتەدا نوێترین بەرهەمی بەناوی 'چەمۆ' پێشکێشکرد و ڤیدیۆی ئەم بەرهەمی پێشتر بڵاوکردووەتەوە و لەبارەی ئەم بەرهەمە دەڵێت، 'چەمۆ' یەکێک لە تراکەکانی ئەلبوومی 'کەسکەسۆر'ـە کە بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا بڵاوی بکاتەوە و بۆ یەکەمجارە لە کۆنسێرتێکیدا لە ئیستەنبووڵ پێشکێشکردووە. 
 
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، تێکستی گۆرانییەکەی لە 1999 لە ژێر درەختێکی چنار لە ناوچەی مانیاس سەر بە پارێزگای بالکەسری تورکیا نووسیوە و تێکستی گۆرانییەکە لای ئەو تایبەتە و هیواخوازە ببێتە دڵنەواییەک بۆ کەسە دڵشکاوەکان.
 
هەر بەم دواییە مەم ئارارات، گۆرانییەکی دیکەی کۆنسێرتەکەی لە ئیستەنبووڵ بەناوی 'چیچکێ' بڵاوکردەوە بوو کە بەرهەمێکی فۆلکلۆریی ناوچەی بۆتانە و پێشتر لەلایەن چەند هونەرمەندێکی دیکە گوتراوە.
 
ژمارەیەکی بەرچاو لە هەوادارانی ئەو هونەرمەندە لە کۆنسێرتەکەدا ئامادەبوون و بە بیستنی گۆرانییەکە دڵخۆش دیاربوون و بەشێکیان لە رێگەی مۆبایلەکانیان دیمەنی نێو کۆنسێرتەکەیان تۆمار دەکرد.
 
مەم ئارارات، لە 19ـی نیسانی 2023 نوێترین بەرهەمی 'سێڤا سوور' بۆ هەوادارانی بڵاوکردەوە و زیاتر لە یەک ملیۆن بینەری هەیە. گۆرانییەکە لە تێکست و ئاوازی مەم ئاراراتە و هەر خۆیشی کاری دابەشکردنی میوزیکی بۆی کردووە.
 
هەروەها لە 26ـی ئاداری 2023 بەرهەمێکی بەناوی 'ل هیڤیا بارانێ' بڵاوکردەوە و زیاتر لە پێنج ملیۆن و 320 هەزار بینەری لە یوتیوب هەیە.
 
مەم ئارارات، لە 1981 لە گوندی گرکێ شێخێ لە ناوچەی دێرکی چیای مازی لە مێردینی باکووری کوردستان لەدایکبووە، یەکەم ئەلبوومی گۆرانیی بە پاڵپشتی هاوڕێکانی بەناوی 'قولنگ ئەور و باران' لە 2013 بڵاوکردەوە.
 
ئەو هونەرمەندە کوردە تاوەکو ئێستا پێنج ئەلبوومی گۆرانی بڵاوکردووەتەوە، جگە لە ئەلبوومی 'قولنگ ئەور و باران'، ئەلبوومی 'کوردیکا' لە 2016، 'خەونا باژارەکی' لە 2018، 'نیشتمان' لە 2019 و 'پەسنا ئەڤینێ' لە 2020 بڵاوکردووەتەوە.
 
مەم ئارارات، بەشێک لە بەرهەمەکانی بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکردووەتەوە، لەوانە 'پاییز'، 'زۆزان'، 'خاترخوەستن'، 'چیچەکێ'، 'ژ ئێڤارەکا ئامادێ'، 'ئەڤینا دوو چیا' و 'دلۆ ئەز بمرم'.