لە بەسرە تاوەکو زاخۆ بلیتی کۆنسێرتەکەی هەولێری ماهیر زەین دەفرۆشرێت
رووداو - هەولێر
کۆتایی ئەم مانگە هونەرمەندی بەناوبانگی لوبنانی بۆ سازکردنی کۆنسێرتێک دێتە شاری هەولێر و رێکخەرانی کۆنسێرتەکەش ئاماژە بەوە دەکەن، چل بنکەی فرۆشتنی بلیت لە بەسرە تاوەکو زاخۆ دەکەنەوە.
نەجیب عەبدولڕەحمان، بەرپرسی بەشی هونەری لە کۆمپانیای "ئای ئێس پی" کە رێکخەری کۆنسێرتەکەیە، لە میانی بەشداریکردن لە ماوەی هەواڵی نیورۆژی تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی ئامادەکارییەکانی کۆنسێرتەکە رایگەیاند "لە سبەینێوە دەست بە رێکلامکردن دەکرێت و چل بنکەی فرۆشتنی بلیتەکان هەر لە بەسرەوە تاوەکو زاخۆ کراونەتەوە. لە ئێستاوە خواستێکی زۆر بۆ بەدەستهێنانی بلیتەکان هەیە".
لە بارەی شوێنی کۆنسێرتەکە و نرخی بلیتەکان، نەجیب عەبدولڕەحمان رایگەیاند، کۆنسێرتەکە لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری دەبێت، بەسەر سێ بەشدا دابەشکراوە و نرخی بلیتەکان لەنێوان 25 بۆ 60 هەزار دیناری عێراقیدایە.
بە گوتەی نەجیب عەبدولڕەحمان وەزارەتی ناوخۆ وئاسایش هاوئاهەنگییان کردووە کە ئاسایشی کۆنسێرتەکە بپارێزن.
لەبارەی رۆژی هاتنی ماهیر زەین، نەجیب عەبدولڕەحمان رایگەیاند، ئێستا ئەو هونەرمەندە لە سوێدە و بڕیارە لە 29ـی مانگ بگاتە کوردستان. لە کاژێر 06:30 خولەکی 30ـی مانگی کۆنسێرتەکە دەستپێدەکات و کاژێر و نیوێک گۆرانی دەڵێت.