رووداو - هەولێر
کۆتایی ئەم مانگە هونەرمەندی بەناوبانگی لوبنانی بۆ سازکردنی کۆنسێرتێک دێتە شاری هەولێر و رێکخەرانی کۆنسێرتەکەش ئاماژە بەوە دەکەن، چل بنکەی فرۆشتنی بلیت لە بەسرە تاوەکو زاخۆ دەکەنەوە.
نەجیب عەبدولڕەحمان، بەرپرسی بەشی هونەری لە کۆمپانیای "ئای ئێس پی" کە رێکخەری کۆنسێرتەکەیە، لە میانی بەشداریکردن لە ماوەی هەواڵی نیورۆژی تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی ئامادەکارییەکانی کۆنسێرتەکە رایگەیاند "لە سبەینێوە دەست بە رێکلامکردن دەکرێت و چل بنکەی فرۆشتنی بلیتەکان هەر لە بەسرەوە تاوەکو زاخۆ کراونەتەوە. لە ئێستاوە خواستێکی زۆر بۆ بەدەستهێنانی بلیتەکان هەیە".
لە بارەی شوێنی کۆنسێرتەکە و نرخی بلیتەکان، نەجیب عەبدولڕەحمان رایگەیاند، کۆنسێرتەکە لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری دەبێت، بەسەر سێ بەشدا دابەشکراوە و نرخی بلیتەکان لەنێوان 25 بۆ 60 هەزار دیناری عێراقیدایە.
بە گوتەی نەجیب عەبدولڕەحمان وەزارەتی ناوخۆ وئاسایش هاوئاهەنگییان کردووە کە ئاسایشی کۆنسێرتەکە بپارێزن.
لەبارەی رۆژی هاتنی ماهیر زەین، نەجیب عەبدولڕەحمان رایگەیاند، ئێستا ئەو هونەرمەندە لە سوێدە و بڕیارە لە 29ـی مانگ بگاتە کوردستان. لە کاژێر 06:30 خولەکی 30ـی مانگی کۆنسێرتەکە دەستپێدەکات و کاژێر و نیوێک گۆرانی دەڵێت.
هاوکات ماهیر زەین لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام، لەگەڵ جەژنەپیرۆزە رێکلامی کۆنسێرتەکەی داناوە و رایگەیاندووە، "بەویستی خوا تەنها 19 رۆژی ماوە".
بەشێک لە ژیاننامەی ماهیر زەین
- لە ساڵی 1981 لە لوبنان لەدایکبووە
- رەگەزنامەی سوێدی هەیە و لە سوێد دەژیت
- لە 10 ساڵییەوە فێری ژەنینی ئامێری میوزیک بووە
- لە تەمەنی هەشت ساڵییەوە لەگەڵ بنەماڵەکەی دەچنە سوێد و لەوێ نیشتەجێدەبن
- لە سوێد ئەندازیاری فڕۆکەوانی تەواودەکات، دوای دەرچوونی لە زانکۆ دەستدەکات بەکاری هونەری
- لە ساڵی 2009 دەستیکردووە بە گۆرانی ئایینی و کۆمەڵێک لە گۆرانی بەناوبانگی هەیە، یەکێک لەوانە گۆرانی ئایینی "یا نەبی" لە تۆڕی کۆمەڵایەتی یوتیووب زیاتر لە 250 ملیۆن بینەری هەیە.
ئەمە یەکەمجارە ئەو هونەرمەندە دێتە هەرێمی کوردستان و بڕیارە سەردانی بەشێک لە شوێنەگەشتیاری و مێژووییەکانی هەولێر بکات، رێکخەرانی کۆنسێرتەکەش جلوبەرگی کوردییان بۆ ئامادەکردووە و بڕیارە لەکاتی گەڕانی لە کوردستان بیپۆشێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ