ئیسپانیا تابلۆیەکی پیکاسۆ دەگەڕێنێتەوە

رووداو- هەولێر

پۆلیسی ئیسپانیا ئاشکرای کرد تیمێکی زانایانی ناردووە بۆ دوورگەی کورسیکای فەرەنسی بۆگەڕانەوەی تابلۆیەکی شێوەکاری ئیسپانی پیکاسۆ.


پۆلیسی ئیسپانیا گوتیشی" ئەم تابلۆیە مێژوویەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1906 کە بەناوی (سەری گەنجێک)ە، بۆیە ئیمە ئەم تابلۆیە بە سامانێکی نیشتمانی سەیر دەکەین و، بەهیچ شێوەیەک نابێت لە وڵاتی خۆی بچێتە دەرەوە".

هەروەها گوتەبێژێک بەناوی پاسەوانی نیشتمانی ئیسپانیا رایگەیاند" چوار پسپۆڕی پۆلیس لە بواری شوێنەوار و سامانی نیشتمانی بەهاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیری سەردانی فەرەنسایان کردووە، بۆ گەڕانەوەی تابلۆکەی پیکاسۆ کە نرخەکەی دەگاتە 26 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، خوشبەختانە بە سەلامەتی تابلۆکە گەیشتووەتوە نیشتمانی خۆی".

پابلۆ پیکاسۆ وێنەکێش، پەیکەرتاش و ھونەرمەندێکی شێوەکاری ئیسپانی بووە، بەناوبانگترین ھونەرمەندەکانی سەدەی بیستەمە و دامەزرێنەری بزوتنەوەی کوبیزمە(تعکیبی)، کە بریتیە لە کێشانی وێنە بەشێوەیەکی ئەندازیاری.

 لە ٢٥ تشرینی یەکەمی ساڵی ١٨٨١ لەدایک بووە، باوکی ھونەرمەندێکی شێوەکار بووە، ھەر لەمنداڵییەوە خوویداوەتە وێنەکێشان و بەھرەمەند بووە لەم بوارەدا، وەکو دایکیشی دەڵێت" یەکەم وشە کە لەسەر زاری ھاتۆتە دەرەوە پێنووس بووە"، لەتەمەنی ٧ ساڵیدا باوکی فێری وێنەکێشان و وێنەی زەیتی کردووە، پیکاسۆ لە ٨ نیسانی ساڵی ١٩٧٣ لەتەمەنی ٩١ ساڵیدا لەکاتی خواردنەوەدا لەگەڵ خێزانەکەیی و ھەندێک لەھاوڕێکانی لە فەرەنسا کۆچی دواییکردووە.